ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆ شنگال و جینۆسایدی ئێزدییەكان تێدەپەڕێت

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆ شنگال و جینۆسایدی ئێزدییەكان تێدەپەڕێت

 لە ڕێکەوتی 3ی 8ی 2014، شاری شەنگال و دوروبەری وەک گوندەکانی کۆچۆ، تل بنات، تل عەزێر، تل قەسپ، حەردان، سیبا شێخ خدر، گوهبەل و .. لەلایەن هێزە چەکدارەکانی (داعش) هێرش کرایە سەریان و کارەساتێکی دڵتەزێنیان خوڵقاند، کە دەکرێت وەک مێژوویەکی تاڵ تۆمار بکرێت.

 کوردانی ئێزدی، کە بەهۆی کوردبوون و بیروباوەڕی ئایینییەوە بوونەتە قوربانیی دڕەندەیی داعش، لە کوردە هەرە رەسەنەكانن و خاوەن خاک و باوەڕی کوردانەن. ئایینی ئێزدی بە یەکێک لە کۆنترین ئایینەکانی کوردستان دادەنرێت، کە لەناو دڵی چیاکانی کوردستان لەدایک بووە و گەشەی کردووە و بڵاو بووە، هەر بۆیە کوردستان و شنگال و لالش وەک قیبلەی پیرۆزن بۆ کوردە ئێزدییەکان.

 لێرە بە کورتی ئاماژە بە ئاماری قوربانییانی ئەم جینۆسایدە دەکەین:

 - لە رۆژی یەکەمی ئەم هێرشە رەشە، هەزار و 293 کەس لە کوردانی ئێزدی شەهید کران.

 - دوو هەزار و 745 منداڵ، هەتیو (بێ دایک و باوک) و بێسەروشوێن کران.

 - 68 مەزارگەی ئایینیی تایبەت بە بڕوادارانی ئایینی ئێزدی تەقێنرانەوە.

 - شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران و بێسەروشوێن کران، کە لە کۆی ئەمانە سێ هەزار و 548 ئافرەت بوون و دوو هەزار و 869 پیاو بوون.

 - لە ئەنجامی ئەو هێرشە دڕەندانە و خوێناوییە، 96 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتە، کە تا ئێستا (2024)، 49 گۆڕ کاریان لەسەر کراوە و ناسێندراون.

 - تا ئێستا (2024)، لە کۆی 653 ئێسک و پرووسک، 242 ئێسک و پرووسک گەڕێنراونەتەوە کوردستان و زێدی ڕەسەنی ئێزدییەکان.

 پێش روودانی ئەم کارەساتە، ژمارەی هاوڵاتییانی ئێزدی 550 هەزار کەس بووە ، کە لەدوای ساڵی 2014 نزیکەی 20٪یان کۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات.