دەستنووس و نامەی شاعیر و پێشمەرگەیەك بەر لەسێدارەدانی

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

دەستنووس و نامەی شاعیر و پێشمەرگەیەك بەر لەسێدارەدانی

‎گوڵدانی شیعر، یەكێكە لە دیوانەكانی شەهید مەلا عەلی، بەهۆی هەستی نیشتمانپەروەری، لە كونجی زیندان چەندین شیعری نیشتمانیی نووسیوە و لە ڕێگەی هاوڕێ‌ و زیندانییانەوە، شیعرەكانی ڕەوانەی دەرەوەی زیندان كردوون.

 بەر لەسێدارەدانی نامەیەكی دەستنووسی خۆی لە ڕێگەی یەكێك لە هاوڕێ بەندكراوەكانی بۆ باوك و كەس و كارەكەی ناردووە.

 ‎ شەهید حوسێن مەولوود ئەحمەد ناسراو بە مەلا عەلی، لە ساڵی 1953 لە گوندی بەربەردی سنووری شارباژێڕ لەدایك بووە، دوای تەواوكردنی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی، لە ساڵی 1972 دەچێتە بەشی ئاداب كوردی زانكۆی سلێمانی، تا قۆناغی دووەم بەردەوام دەبێت لە خوێندنی زانكۆ، بەڵام بەهۆی بوونی پەیوەندیی بە شۆڕش و پێشمەرگە، لەلایەن ڕژێمی ئەوسای حكوومەتی عێراقەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەردەچێت و بەمەش ڕوو لە شاخ دەكات، لە ناوچەی سوورداش لەگەڵ هاوڕێیەكی بە برینداری لەلایەن ڕژێمی بەعسی لەناوچوو دەستگیر دەكرێن، دوای زیندان و ئەشكەنجەدان، لە دادگای كەركووك بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت و شەوی 22 /23ی 1972 لە مووسڵ لەسێدارە دەدرێت".

 ‎ گوڵدانی شیعر، یەكێكە لە دیوانەكانی شەهید مەلا عەلی، هەروەها چەندین شیعری دیكەی نووسیوە، شاعیر بەهۆی هەستی نیشتمانپەروەری، لە كونجی زیندانەوە چەندین شیعری نیشتیمانی نووسیوە و لە ڕێگەی هاوڕێ‌ و زیندانییانەوە شیعرەكانی ڕەوانەی دەرەوەی زیندان كردوون.

 ‎ دوانامەی بەر لەسێدارەدانی:

 ‎بەناوی خودای گەورە و میهرەبان..  خزمان، براكانم، دایك و خوشكەكانم، باوكە گیان.. داواكارم لە یەزدانی مەزن، كەوا خوا سەبووریتان بدا.

‎باوكە گیان.. زۆر بەداخەوە كەوا لە سەرەمەرگا نەمبینیت، كەوا سەر و ڕیشە سپییە پڕغەمەكەت ماچ بكەم.

 ‎برایانم.. تكام وایە، كە گوێ‌ڕایەڵی قسەی دایك و خاڵ و مام و باوكم بن و بە هیچ جۆرێك لە قسەی باوكم دەرنەچن. ‎هاوڕێیانی شیرینم.. غازی فازڵ دێت بۆ لاتان، هەروا بزانن من هاتوومەتەوە، ئیتر بە خواتان دەسپێرم.

 ‎حوسێن مەولوود .. ‎ژێر پەتی سێدارەی مووسڵ، بەشی خنكان، ‎شەوی 22/ 23ی 7ی 1979 كاتژمێر (11:15) خولەكە و چاوەڕێی خنكانم.