کۆکراوەی شوێنەوارە مێژووییەکانی گوندی بەردووک، سۆمای ناحیەی برادۆست، لە ورمێ، یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییە شایستە و بەنرخەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کە شکۆمەندیی هونەری شاخ و تەلارسازیی سەردەمی سەفەوی پیشان دەدات، کە لە ساڵی ١٠٧٨ك، لەلایەن (تەقی سوڵتان بن نەزەر بەگ بن غازی) دروست کراوە.
ئەم قەڵا بەهێزە لە سەردەمی سەفەویدا دروست کراوە و بە دابینکردنی هەموو هەلومەرجێک بۆ چاودێریکردن وەک قەڵایەکی تایبەت، کە زاڵ بووە بەسەر ڕێگاکانی چوونە ژوورەوە و دەرچوون بۆ دەشتەکانی دەوروبەری، قەڵاکە گرنگی و بەهای ئەم ناوچەیە لە سەردەمی سەفەویدا پیشان دەدات.
قەڵای بەردووک کراوە بە سێ بەشی مێژوویی، کە پێکهاتوون لە پاشماوەی مزگەوت و گۆڕێک و چەند بینایەکی تاکەکەسی، هەروەها بینایەکی سێ نهۆمی لە بەرەی ناوەڕاست و... تاوەری چاودێریی قەڵاکە، کە بەشێوەیەکی گشتی شێوازی تایبەت و نایابی تەلارسازیی سەردەمی سەفەوی لە بیناکانی ئەم کۆمەڵەیە و هەروەها قەڵا بەهێزەکەیدا بە ڕوونی دەبینرێت و مزگەوتی کۆمەڵەکە بە ناوی (قەڵای میر) لە بەردی نەخشێنراو بە شێوەی سەرنجڕاکێش و جوان دروست کراوە.
هەماهەنگیی بەردی نەخشێنراوی ڕەش و سپی دیمەنێکی ناوازەی بەم شوێنە بەخشیوە، هەروەها لەم بینایەدا نووسراوێکی چوارگۆشەیی هەیە، کە لە بەردی مەڕمەڕی شەفاف دروست کراوە و ئەدەبیاتی فارسی و ئایەتی قورئانیی تێدایە و وەک لە نووسراوەکەدا دەردەکەوێت، بینای مزگەوتەکە دوای تەواوبوونی قەڵاکە دروست کراوە.
نزیکەی ٢٧ مەتر لە خوار مزگەوتە بەردییەکەوە، بینایەکی دیکە هەیە، کە دەتوانرێت بە پلیکانە بچیتە ژوورەوە، کە ئەم بینایە کەوانەیەکی شێوە قوبەیی هەیە و قوبەیەکی زۆر جوانی لەسەر دروست کراوە، کە دوای چەندین ساڵ تا ئێستاش هەر ماوەتەوە و لەناو ئەم بینایەدا مینبەرێکی بەردیی لە دیوی قیبلەدا دیارە و لە بەردی ڕەش دروست کراوە.
قەڵا زەبەلاحەکە دەکەوێتە بەردەم مزگەوتەکە لە ناوەڕاستی شاخەکان و بۆ گەیشتن بە قەڵاکە دەبێت لە تاکە دەرگای چوونە ژوورەوە بۆ قەڵاکە سەرکەویت، کە لێوارێکی بەرز و مەترسیداری هەیە و لە بەشی ناوەڕاستی قەڵاکەشدا، پاشماوەی چەند بینایەک دەبینرێت، تەنیا یەکێکیان باش ماوەتەوە، کە وەک کۆگایەکی ئاوی لە قەڵاکە بەکار هێنراوە، هەروەها ڕێگاکانی گواستنەوەی ئاو بە بۆریی گڵین بووە، کە تا ئێستاش بەردەوامە. جگە لەم بینایانە، لە بەرەی باکووری قەڵاکەدا بینایەکی زەبەلاح لەسەر بەرزترین لوتکەی چیاکە هەیە، وەک تاوەرێکی چاودێریی قەڵاکە بەکار هێنراوە، کە کاتێک لەسەر لوتکەی تاوەرەکە ئەوەستن، تەواوی دەشتی سۆمای برادۆست لە لای ڕۆژهەڵات، تەواوی گەرووی مەترسیداری بەردووک و هەروەها دەشتاییەكانی تورکیا لە ڕۆژئاوا لە تاوەرەکەوە دەبینرێت.


