هونەرمەند سەیدئەحمەد رواندزی.. پیاوی حەوت هونەر

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

هونەرمەند سەیدئەحمەد رواندزی.. پیاوی حەوت هونەر

لقى هەولێرى یەکێتیى نووسەرانى کورد (ماڵەباب)، کارێکى زۆر باشیان کرد، ئێوارەى ٨/ ٨/ ٢٠٢٤، کۆڕێکى جیاوازیان بۆ هونەرمەندى موزیکژەن و هەڵکەوتووى کورد مامۆستا (سەید ئەحمەد ڕواندزى) ساز کرد.

لەو کۆڕەدا، کە پتر لە کاتژمێر و نیوێکى خایاند، هێشتاش مابوو بە پەیڤى جوان و بەرز، دەربارەى کەسایەتیى ئەو کەڵەهونەرمەندەى ئەمڕۆ و منداڵە هەژارەکەى جارانى ڕواندزێ، دڵى ئامادەبوان پاراوتر بکرێ، بەڵام کات بەشى هەموو ئەو سەروەرییانەى نەدەکرد، کە لە هەگبەى هونەرى نزیک بە نیو سەدەى ئەودا هەبوون، هەرچەندە هیچ چرکەیەک بە ساردی و سستى تێپەڕ نەبوو، بەڵکوو سات لەدواى سات کۆڕەکە گەرم و شیرینتر دەبوو، لەڕێى گێڕانەوەى بیرەوەرییەکان و ژەنینى پارچە مۆسیقا پاک و بێگەردە کوردەوارییەکان، بە دەست و پەنجەى مامۆستا سەید ئەحمەد و تیپى (چەمبەر) موزیکى هەولێر، کە ئەویش یەکێکە لە بەرهەم و داهێنانەکانى مامۆستا سەید ئەحمەد.

من بۆ ماوەى چارەگە سەدەیەکە، لە زۆر پڕۆگرام و وێستگە و یاد و بۆنەکان، هاوکاروانى هونەرى مامۆستا سەید ئەحمەدم، بەڵام ئەوەى لەو ماوەیەدا لە کەسایەتیى ئەودا دەمبینى، چەند خەسڵەتێکى نەگۆڕ بوون، کە بەردەوام لە ژیان و هەڵسوکەوتى ڕۆژانەیدا لە گەشەکردن و درەوشانەوەدا بوون، لەوانەش؛ سادەیی و ڕاستگۆیی و دڵسۆزی و دەستپاکی و گیانى تەبایی و هاوکاری و یارمەتیدانى بۆ دەوروبەر.

ئەو هەمیشە کوردستانییانە بیرى کردووەتەوە و کارەکانىیشى بۆ هەموو کورد بووە، لە سەردەمانى تاریکى و تەنگەتاودا ئەو لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارە هونەرمەندەکانى لە تیپى مۆسیقاى (پاشاى گەورە) لە رواندز، سروودە نیشتمانییەکانى بۆ هونەرمەندانى بەناوبانگى کوردستان (ناسرى ڕەزازى و نەجمەى غوڵامى و کاڵێ) و بۆ شۆڕش و پێشمەرگە تۆمار کردووە. دواى ڕاپەڕین هاوکاریى هونەرمەندانى ناودارى وەک (شڤان پەروەر و مەرزییە فەریقى و زەکەریا و زیاد ئەسعەد و موعینى ئەسفەهانى) و چەندانی دیكەى کردووە.

بەڵام لەو کۆڕى ڕێزلێنانەدا، هەموان ئاشنا بووین بە چەندین بەهرەى دیكەی هونەرى، کە پێشتر لاى هەوادار و دۆستانى کەمتر زانراو بوون، کە جێى خۆیەتى بەبێ دوودڵى و بە شانازییە ناسناوى (پیاوى حەوت هونەر) پێشکەشى ئەو هونەرمەندە بیر و دەستڕەنگینەى کورد بکرێت، چونکە ئەو لە یەک کاتدا ژەنیارێکى بەتوانا و دەستڕەنگینى مۆسیقایە، وێڵیۆن و کەمانچە دەژەنێ و (کەمان)یش دروست دەکات، خۆشنووسە، دەنگى خۆشە، وەرزشوانى دێرینە، بەڕێوەبەرە، سەرپەرشتیارى گرووپە و مایسترۆیە.    

هیواى سەرکەوتن و بەردەوامى بۆ مامۆستا سەید ئەحمەد ڕواندزیى ئازیز دەخوازم و بەگەرمى پشتیوانیى ئەو داوایەى هونەرمەند مامۆستا (فەرهەنگ غەفوور) دەکەم، کە پێشنیارى دروستکردنى پەیکەرێکى شایستەى بۆ مامۆستا سەید ئەحمەد کرد لە دەروازەى شارى ڕواندز، بە هیواین ئەو ڕۆژە ببینین.