حیشمەتوڵا لورنەژاد لە ساڵی 1947 لە شاری کرماشان لەدایک بووە، ئەم هونەرمەند باوک و باپیریشی دەنگێکی خۆشیان هەبووە. ساڵی 1964 و لە تەمەنی 17 ساڵیدا یەکەم گۆرانیی خۆی لە ئۆرکێسترای ڕادیۆی کوردیی کرماشان، بە شعری براکەی یەدوڵا لورنەژاد (شەیدا کرماشانی) پێشکەش کرد و لەو کاتەوە چالاکیی فەرمیی خۆی لە بواری مۆسیقای کوردیدا دەست پێکرد.
لورنەژاد مەیلی بەرەو شێوازی مامۆستاکانی مۆسیقای کوردستان، وەک سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی، عەلی مەردان و تاهر تۆفیق بووە، بۆ ماوەیەکی زۆر لە ڕادیۆی کوردیی کرماشان، لە فێرکارییەکانی حەسەن زیرەک، گۆرانیبێژی ناوداری کوردستان کەڵکی وەردەگرت.
لە ڕادیۆشدا لەگەڵ گەورە مۆسیقاژەنەکانی ناوچەی کرماشان، وەک مەحمود بێلووری، مەحموود مەراتی، ئەکبەر عیزەدی، سەیفوڵا نادرشاهی و مەسعوود زەنگەنە مەجد، هاوکاریی کردووە.
جگە لەوەش، لە بەشی کەشناسیی کرماشان کاری کردووە و بۆ ماوەی 25 ساڵ کارمەندی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بووە و سروود و گۆرانییەکانی حیشمەتوڵا لورنەژاد بە شێوازی جیاواز بوون و شارەزایی تەواوەتی لە زاراوە کوردییەکانی وەک هەورامی، سۆرانی، گۆرانی، کرمانجی و کەلهوریی کوردی هەبووە، ئەمەش لە بەرهەمەکانیدا بە باشی رەنگی داوەتەوە.
لورنەژاد، گۆرانیبێژێکی ناودار و بەناوبانگ بوو، شار و زێدی خۆی خۆشدەویست، ئەمەش لە گۆرانییە کوردییەکاندا دیارە، کە بۆ ستایشی شاری کرماشان گوتوویەتی، لەوانەش گۆرانیی (کرماشان)ە. هەروەها شارەزایی زۆری هەبوو لە گۆرانیی گوتن بە شێوازی پۆپدا.
لەنێو گۆرانییە پۆپەکانیدا دەتوانین ئاماژە بە گۆرانیی (خونە من تورم نیش زمونەست) بکەین، کە لەلایەن مەنوچەهر تاهێرزادە و تێکستی کیۆمەرس حەیدەری ئامادە کراوە، هەروەها گۆرانیی (خورشید میهن ما تو دست شب اسیرە)، کە تەوەری سیاسی- کۆمەڵایەتییە. حیشمەتوڵا لورنەژاد زیاتر لە 200 گۆرانیی کوردی بە شێوەزارە جیاوازەکانی ئەم زمانە پێشکەش کردووە.
ئەم هونەرمەندە مەزنە، حیشمەتوڵا لورنەژاد، لە 25ی ڕەزبەری ساڵی 1995 کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی مینائاباد لە کرماشان بە خاک سپێردراوە.