پێرست و مێژووی گەرماوەکانی شاری سلێمانی

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

پێرست و مێژووی گەرماوەکانی شاری سلێمانی

لەگەڵ دروستکردنی شاری سلێمانی، بەشێک لە گەرماوەکان لەسەر شێوازێکی پێشکەوتوو و بنەمایەکی شارستانی دروست کراون. دروستکردنی گەرماویش یەکێک بووە لە سیما پێشکەوتوو و گرنگەکانی ئەم شارە، کە زۆربەیان لەسەر شێوازی نەخشەی گەرماوەکانی ڕۆژھەڵات دروست کراون.

 ئەم گەرماوانە ھەمووی توونیان ھەبووە، لەپشتی خەزێنەی ئاوەکە توونچییان هەبووە بۆ ئەوەی سووتەمەنی، یان پەین بھێنێت و بیخاتە توونخانەکەوە، تا گەرماوەکەی پێ گەرم بکات.

پێشتر پەیینەکەیان لەسەربانی حەمامەکە ھەڵدەخست، بۆ ئەوەی ووشک ببێتەوە، سەری ئەم حەمامانە لەسەر گومەزەکەیانەوە ھەمووی کڵاوڕۆژنەیان ھەبوو. بە زستانان شووشەیان تێ دەخست و ھاوینان لەبەر ھەڵماوی گەرماوەکە لایان دەبرد. چەندینجــار خەزێنەی ئاوەکە دڵۆپەی دەکرد، واتا ئاو دزەی ئەکرد، توونچییەکە قوڕە سوورەی دەبرد و دەیدا لەو درزانە، لە وەرزی زستاناندا لەناو حەمامەکان شیر و شێلم دەفرۆشرا.

 لە شوێنی سینەما سیروان، گەرماوی وەسمان پاشای بابانی هەبوو. شوێنی گەرماوی سەرچناری ئێستا، گەرماوی گازێ بووە، کە موڵکی دایکی حەمە ئاغای ئەورەحمان ئاغا بووە. شوێنی قەیسەری محەی دگلی ئێستا گەرماوی مەیان بووە.

 ئەم سێ گەرماوەی لەسەرەوە ناو بران، لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە نەماون و رووخاون و ھەندێ لە پیاوە بەتەمەنەکانی شار دەڵێن، ئێمە منداڵ بووین لەگەڵ دایکمان دەچووینە ئەو گەرماوانە و ئەوکات پارە کەم بوو و ژنان لەجیاتی پارە، دوو بۆ سێ ھێلکەیان دادەنا.

 - گەرماوی فاتمەخان، تەنیشت سەرا، کە موڵکی عەزمی بەگی بابان بووە. ســاڵی 1954 لە زەمانی عومەر عەلی موتەسەریفدا رووخاوە و خراوەتە سەر سەرا.

 - گەرماوی قــشــڵە، لە شەقامی مەولەوی، موڵکی حەمە ئاغای ئەورەحمان ئاغا، کە لە ســاڵی 1974 شارەوانی تێکی داوە و کردی بە دووکان و بازاڕ، ئێستا شوێنی بازاڕی دەبۆکەیە.

 - گەرماوی شێخ مارف، تەنیشت بازاڕی سەڵاحەدین، موڵکی شێخ مارفی نەقیب بووە و دوایی فرۆشرا و کوڕانی ساڵحی ڕەشە کڕییان.

 - گەرماوی سورەت، لای مەیدانی (کا)یەکە، موڵکی کەریمی عەلەکە بوو، ئەم گەرماوە دیوارەکانی ھەمووی وێنەی پاڵەوان بوو بە سواری ئەسپ و قەڵغان و شیر و تیروکەوان بەدەستەوە و وێنەی ڕۆستەم و زۆراب و مار و باڵندە و درەختی ھەمەجۆر بە گەچ لەسەر دیوارەکانی نەخشاو و ڕەنگاوڕەنگ کردبوو. بۆیە بە حەمامی سورەت ناو دەبرا و وێنەکانیش دەستکردی ھونەرمەندی گەورەی کورد (حەسەن فەلاح) بوون.

 - گەرماوی غەفوور ئاغا (حەمامە بچکۆلەکە)، بەرامبەر گومرگە سووتاو بوو، کە موڵکی غەفوور ئاغای حاجی ئەوڵا بووە.

 - گەرماوی تــازە، بەرامبەر مزگەوتی حاجی مەلا عەزیز، سەرشەقام، موڵکی حاجی سەعید ئاغا بووە.

 - گەرماوی حاجی غەنی، کۆڵانی تەنیشت خانەقای مەولانا خالیدی نەقشبەندی.

- گەرماوی حاجی ئەوڵا، سەرووی خانەقای مەولانا خالید و موڵکی حاجی ئەوڵا بووە.

 - گەرماوی موفتی، لە سابوونکەران، موڵکی عەبدول کەریم و باربارا ئەلەکە، کە خوشک و برای کەریمی ئەلەکە بووە.