گوندی خوێلین دەکەوێتە سنووری ناحیەی سەنگاوی قەزای چەمچمەماڵ و ژمارەیەک ماڵی تێدا نیشتەجێییە، کە پیشەی سەرەکییان پشتبەستنە بە خوێ، کە لە یەکێک لە سەرچاوە ئاوییەکانی گوندەکە بەرھەمی دەھێنن، کە ماددەی خوێی تێدایە.
ساڵانە لەگەڵ ھاتنی وەزری گەرما تا سەرەتای وەرزی پاییز، خەڵکی گوندەکە سەرقاڵی کارکردن و بەرھەمھێنانی خوێن لە سەرچاوە ئاوییە خوێکەی گوندەکەیان.
بەپێی لێکۆڵینەوە مێژووییەکان، ماوەی نزیکەی ٢٠٠ ساڵە دانیشتوانی ئەو گوندە خوێ بەرھەم دەھێنن و بەرھەمی ساڵانەشیان دەگاتە زیاتر لە ھەزار تۆن خوێ.
ئەو خوێیەی ھاووڵاتییانی گوندەکە بەرھەمی دەھێنن، لە ڕووی تام و کوالێتییەوە زۆر گونجاوە و جگە لە پڕکردنەوەی پێویستیی خۆیان، لە بازاڕەکانیش دەیفرۆشن و خواستێکی زۆری لەسەرە.




