ئەگەر ئاوڕێك لە مێژوو بدەینەوە، بەشێك لە وڵاتە زلهێزەكان بەردەوام چاویان لەوە بووە، كە هێرش بكەنە سەر ناوچەكانی كوردستان، یەكێك لە هێرشەكانیش لەسەرەتاكانی سەدەی ڕابردوودا، واتە لە ساڵی 1916، نەخش و پلان و هێرشی سوپای ڕووس بووە بۆ سەر باشووری كوردستان.
هەروەك ئیسماعیل گوندەژۆری، لە لاپەڕەكانی (23-24-25)ی پەرتووكی (لە ئیمارەتی سۆرانەوە بۆ ئیدارەی سۆران)، نووسیویەتی: «لەسەرەتاكانی سەدەی ڕابردوو دا، واتە لە ساڵی 1916، نەخش و پلانی سوپای ڕووس بووە بۆ باشووری كوردستان، بۆ دەست بەسەرداگرتنی ناوچەكانی ڕواندز، خانەقین، پێنجوێن و ئامێدی، بە ئامانجی نزیكبوونەوەیان لە شارە گەورەكانی هەولێر، سلێمانی، كەركووك و مووسڵ، بەڵكوو ئامانجی خۆیان بە گرتنی بەغدا بپێكن، بەڵام كۆمەڵێك كۆسپ و تەگەرە ببوونە ئاستەنگ لەهەمبەر پیلانەكانی ڕووسەكان، یەكێك لەوانەش، چاوتێبڕینی پێشتری خودی ئینگلیزەكان بوو لە وڵاتی (میزۆپۆتامیا)، بەڵام ڕكابەری و ململانێی سەربازیی رووسەكان لەسەر ناوچەكە، تا بەرپابوونی شۆڕشی ئۆكتۆبەری 1917 بەردەوام بوو".
نووسیویشیەتی: «لە ساڵی 2016 ڕووسەكان زیاتر لە حەوت قۆڵەوە دەستیان بە هێرش كرد لە رێگەی باشووری كوردستان، هاوكات دوای ئەوەی توركەكان لە پاییزی 1915 (جەعفەلی ڕواندزیان) هەڵوەشاندەوە، گشت یەكە سەربازییەكانیان خستە سەر ویلایەتی مووسڵ، هێزی ڕواندز بووە چەند قۆڵێكی بچووك و بەرتوبڵاویی بەخۆیەوە بینی، بەمەش لە سنوورەكانی ئێران لەبەردەم زۆریی هێزی ڕووس خۆیان نەگرت، ناچار بوون بۆ هێڵی سەر سنووری (بۆكان- ڕایات) دەست بە پاشەكشێ بكەن".
هەروەها دەڵێ: «توركەكانیش لەو ماوەیەدا بایەخی ئەوتۆیان بە ناوچە سنوورییانە نەدەدا، بەڵكوو بایەخیان زیاتر بە بەرەی باشووری عێراق دابوو، كە ئەوكات هێزەكانیان تەنگیان بە هێزێكی گەورەی ئینگلیز لە كوت هەڵچینی بوو، شكستخواردنی ئینگلیزیش لە عێراق، بەهۆی خۆبەدەستەوەدانی ژەنەڕاڵ (تاوەزەند) بوو".
ئیسماعیل گوندەژۆری نووسیویەتی: دواجار لە مانگی ئایاری 1916، هێڕشێكی نوێ لەلایەن سوپای ڕووسیاوە بۆ دەوروبەری ڕواندز دەستی پێكرد، بە ئامانجی كەمكردنەوەی گوشارەكان لەسەر هێزەكانی بەریتانیا، ڕۆژی 13ی مایس ئەو هێزانە توانییان لە هێڵی حاجی ئۆمەران بەئاسانی بگەنە ڕواندز و دەستی بەسەردا بگرن و سوپای توركەكان لەسەر رێگای خۆیان تێكبشكێنن لەگەڵ هێزە كوردییەكان، لەوێشەوە تا خانەقین و پێنجوێن ڕۆیشتن.