بەڕێوەبەری گشتیی میراتی فەرهەنگی و پیشەی دەستی و گەشتوگوزاری پارێزگای کرماشان، دوای دوو دەیە، کنە و پشکنینی لە شوێنەواری مێژوویی پەرستگای ئاناهیتای راگەیاند.
هەڵکۆڵینەکانی شوێنەواری لە پەرستگای ئاناهیتا، بە ئامادەبوونی تیمێکی شوێنەواری بە سەرۆکایەتیی د.مستەفا دێ پەهلەڤان، سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوەی میراتی کولتووریی وڵات دەستی پێکردووە، ئەم تیمە شوێنەوارییە هەڵکۆڵینەکانیان لە ناوەکی ناوەندی پەرستگای ئاناهیتا ئەنجام دەدەن، کە چەندین ناڕوونیی هەن.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، هەڵکۆڵین لە بەشەکانی دیكەی پەرستگای ئاناهیتا ئەنجام دراوە و چوارچێوەکەی تا ڕادەیەک دیاری کراوە، بەڵام لە ناوەکی ناوەندیدا چەندین ناڕوونیی هەن، کە پێویستە چارەسەر بکرێن. بەگوێرەی پلانەکە، ئەم هەڵکۆڵینانە زیاتر لە مانگێک دەخایەنن و نهێنییەکانی دیکەی ئەم شوێنەوارە مێژووییە ئاشکرا دەکرێن.
لە ساڵانی 1960 تا 1990ی سەدەی ڕابردوو، لە ماوەی چوار قۆناغدا، چوار تیمی شوێنەوارناسی، هەڵکۆڵینیان لەم ناوچەیەدا ئەنجام داوە، کە دەرەنجامەکەی ناوچەی ئێستای پەرستگای ئاناهیتایە، پێش ئەم هەڵکۆڵینە، پەرستگای ئاناهیتا لەژێر کۆمەڵێک یەکەی نیشتەجێبوون و دوکان و پاشماوەی بیناسازیدا بووە، کە لە ساڵی 1960 خاوەنی نزیکەی 230 یەکەی نیشتەجێبوون و دوکان بوون و لەگەڵ لەناوچوونیان، هەڵکۆڵینەکانی شوێنەوار لە پەرستگاکەدا دەستی پێکرد.
بەپێی دەقە مێژووییەکان، پەرستگای ئاناهیتا لە هەزارەی یەکەمی پێش زایین تا سەدەی چوارەمی زایینی، وەک ناوەندێکی ئایینی گرنگیی پێ دراوە، بەڵام سەرەڕای ئەو هەڵکۆڵینانەی، کە تا ئێستا ئەنجام دراون، هێشتا دیار نییە ئەم بینایە لە چ قۆناغێکی مێژووییدا دروست کراوە و مەبەستی سەرەکی چی بووە، کە هیوادارین لەگەڵ ئەو هەڵکۆڵینانەی لەم ڕۆژانەدا لەسەری دەكرێن، ئاشکرا بێت و بتوانین وەڵامی ئەم پرسیارانە بدۆزینەوە.
پەرستگای ئاناهیتا، کە گەورەترین بینای تاکە بەردی ئێرانە، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای کرماشان و لە شاری کەنگاوەر هەڵکەوتووە، هێشتا مێژووی دروستبوونی ئەم بینایە نەزانراوە و هەندێک کەس پێیان وایە سەردەمی ئەشکانییەکانە و هەندێکیش ئەڵێن هی سەردەمی ساسانییەکانە. هەندێک ئەم بینایە بە شوێنی پەرستن بۆ ئاناهیتا وەک خوداوەندی ئاو دەزانن و هەندێکی دیكەیش بە کۆشکێکی تەواونەکراوی خوسرەو پەرویزی پاشای ساسانیی دەزانن.