ڕەبانا مەرقولی، شوێنێکی شوێنەوارییە لە چیاکانی سلێمانی، لە بناری چیای پیرەمەگروون، ئەم شوێنە قەڵاگەلێکی لەخۆ گرتووە کە دەوری ناوچەکانی دۆڵی ڕەبانا و مەرقولی دەدەن.
تیمێکی توێژینەوەی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی چەندین هەڵمەتی هەڵکەندن لە ساڵی ٢٠٠٩ و لەم دواییانەشدا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٢، لێکۆڵینەوەیان لە پاشماوە شوێنەوارییەکانی ناوچەکە کردووە.
نەخشێکی بارزی سەر بەردی کە ڕووی لە دەروازەی قەڵای ڕەبانا کردووە، فەرمانڕەوایەکی نەناسراوی لەسەر هەڵکەندراوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە پاشایەکی ناوخۆیی ئەشکانەکانە کە پێدەچێت دامەزرێنەری ئەو شوێنە بێت.
هەروەها توێژەران لە ناو دۆڵی ڕەبانا شوێنەوارێکی ئایینییان دۆزیوەتەوە کە لەوانەیە تایبەت بووبێت بە خوداوەندی ئاناهیتا.
خوداوەندی ئاو (ئاناهیتا)، بۆ یەکەمجار لە کۆمەڵە دەستنووسێکی ئایینی زەردەشتیدا بە ناوی (ئاڤێستا) ناوی هاتووە، لەوێدا وەک سەرچاوەی ئاسمانی هەموو ئاوەکانی زەوی باس دەکرێت و وەک ژنێکی زۆر جوان وەسف دەکرێت، کە توانای ئەوەی هەیە ببێتە تاڤگە. لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق و لە سەردەمی سیلۆکیان و ئەشکانییەکاندا، ئاناهیتا ڕێزێکی زۆری هەبووە.
لە ناو ڕابانا، ناوەندی نیشتەجێبوون لە باکووری ڕۆژهەڵات کە ڕووباری وشک بەناو دۆڵەکەدا دەڕژێت، لە کانییەکی بەرتەسکەوە لەسەر لووتکەی چیاکە دەچێتە ژوورەوە. دوای بارانێکی زۆر و توانەوەی بەفر، تاڤگەیەکی کاتی بە تەلارسازییەکی بەردی ناوازە لەوێ دروست دەبێت.
قوربانگەیەکی بچووک لە تاقچەکەیەک کە شێوەکەی لاکێشەییە، بەڵام لێوارەکانی خڕن لەناو لێوارە بەرزەکەی هەڵکەندراوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمە شوێنێکی پیرۆز بووە و بوونی ئاو ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەکی ئایینی لەگەڵ خوداوەندی ئاناهیتا، بوونی ئەم شوێنە وەک بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر سەیر دەکرێ کە پشتگیری لەو تیۆرییە دەکات کە پەناگەی ئاناهیتا بەشێک بووە لە قەڵای شاخی ڕابانا مەرکولی، چونکە دۆزینەوەی تەلارسازییەک بەم شێوەیە و لەم ژینگەیە و لەو سەردەمە گومانەکان بەهێزتر دەکات.
مایکڵ براون دەڵێ: نزیکیی لە تاڤگە زۆر گرنگە، چونکە پەیوەندی نێوان توخمەکانی ئاگر و ئاو لە ڕێوڕەسمە کۆنەکانی ئێراندا بایەخێکی گرنگی هەبووە.