شۆكە، جۆرێكە لەو بەرهەمە سروشتییانەی لە وەرزی پایزاندا لەسەر بەڕوو دەنیشێت، هاوشێوەی گەزۆ، كە لەسەر دارمازوو دروست دەبێت. تامێكی شیرینی هەیە و بەو هۆیەوە بە (شەونمی شیرین) ناودەبرێت. شۆكە لە چەند ناوچەیەكی شاخاوی باشووری كوردستاندا هەیە.
شارهزیان له بواری ڕووهكی ئهوهیان خستووەته روو، لە ڕووی تەندروستیشەوە چەندان سوودی هەیە، باشترین دەرمانی گیاییە بۆ زۆربەی نەخۆشییەكان و باشترین جۆری كالیسیۆمی تێدایە و لە شیر و خورما بەهێزترە و بۆ جەستە وزەبەخشە، هەروەها بۆ كۆكە و هەوكردنی سنگ زۆر باشە. شۆكە سوودیشی هەیە بۆ گەدە و ریخۆڵە و مادەیەكی شلەمەنییه، كه چارەسەری نەخۆشیی كۆڵۆن و رەقبوونی دیوارەكانی ریخۆڵە دەكات، ههر بۆیه گوندنشینانی كوردستان لە زووەوە پێی ئاشنا بوون و دەستیان بە كۆكردنەوە و بەرهەمهێنانی كردووه، بهتایبهتی گوندنشینانی شارباژێر سەروكاریان لەگەڵ كۆكردنەوەی شۆكەدا هەیە.
(خاتوو ئامینه حهسهن فهرهج) یەكێك لەو خانمانەی شارباژێر و دانیشتووی گوندی (بێورێ)ه، ساڵانێكی زۆره وەک وەستای دروستكردنی شۆكە له ناوچهكهدا دەركەوتووە، بۆ ئهم مهبهسته (باسكورد) لهنزیكهوه دیداری لهگهڵدا ساز كرد.
(باسكورد): دهكرێ بزانین شۆكه چییه و چۆن دروست دهكرێ؟
خاتوو ئامینه: شۆكە بهرههمێكی خۆڕسكی خوداییه، كه لەسەر داربەڕووەكان دهنیشێ. شۆكه هەموو ساڵێك و لەسەر هەموو داربەڕوویەك دروست نابێت.
(باسكورد): شێوازی دروستكردنی دۆشاوی شۆكە چۆنه؟
خاتوو ئامینه: دروستكردنی دۆشاوی شۆكه قۆناغ به قۆناغ كاری لهسهر دهكرێ، قۆناغی یەكەم لێكردنەوەی شۆكەیە، قۆناغی دووەم دروستكردنی دۆشاوی شۆكەیە، كه راستەوخۆ بە ئاوی گەرم دەست دەكەین بە شووشتنەوەی و دەبێت لە بەڕووەكەی جیا بكەینەوە، پاشان دەخرێتە ناو مەنجەڵ و دەكوڵێنرێت و هەنگاوەكانی دروستكردنی دۆشاوی شۆكە دەست پێ دەكات. لەكۆتاییدا دەپاڵێورێت و دواتریش لەناو مەنجەڵدا دووبارە دەكوڵێنرێتەوە، دواتر دایدەگرین و تا بۆ رۆژی دواتر دووباره دەیخەینەوە سەرئاگر، واتە دروستكردنی دۆشاوی شۆكە ئەركێكی گرانە.
(باسكورد): ئایا شۆكە هەر یەك جۆرە، یان جۆری جیاوازی هەیە؟
خاتوو ئامینه: شۆكە تایبەتە و هەموو ساڵێك روونادات، چەند ساڵ جارێك روودەدات، بۆیە دۆشاوەكەی بە گران دروست دەكرێت و خواستی زۆری لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەسەرە. دوو جۆر دۆشاوی شۆكە هەیە، یەكێكیان رەنگی قاوەییە و ئەوی دیكه رەنگی رەشە، رەنگ رەشەكە ئاوی كەمتر تێ كراوە. دۆشاوی شۆكە جگە لە سوودەكانی، تام و چێژێكی تایبەت و شیرینیشی هەیە.