ئێران خانم، یەکەمین دەنگبێژی ژنی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ساڵی 1951 لە ئیچکەسۆ، لە ناوچەی برادۆست لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە.
ناوی خۆی ئێران موجەڕەد بووە، بەڵام ناسناوە هونەرییەکەی ئێران خانم بووە، بە زاراوەی کرمانجی گۆرانیی گوتووە.
ناوی باوکی عەبدولڕەحمان و ناوی دایکیشی پەرێشان بووە، خێزانەکەی هەژار و جووتیار بوون و هەر لە منداڵییەوە ئیشی کردووە. لە باری ئابوورییەوە یارمەتیی بنەماڵەکەی داوە، هەر بۆیەش لە سەختی و ناخۆشیدا گەورە بووە. هاوسەرگیریی لەگەڵ سەعید ناوێک کردووە و لە گوندی سۆماناوا ژیانی بەسەر بردووە، بە پشتیوانیی مێردەکەی، درێژەی بە گۆرانیگوتن داوە.
ئێران خانم لە سەعیدی هاوسەری کچێک و دوو کوڕی هەیە، کاتێک سەعید ویستوویەتی ژنی بەسەر بێنێت، ماڵ و منداڵی بەجێ هێشتووە و گەڕاوەتەوە ماڵی باوکی، لەسەر داواکاریی گۆرانبێژانی وەک حەمید یوسفی، مستەفا عەلیزادە، ئیبراهیم نەورۆزی و هەروەها گرووپی مۆسیقای ڕادیۆ، ئێران خانم لە ساڵی 1971 لە ڕادیۆی ورمێ بە شێوەیەکی فەرمی دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە.
ئەو خانمە هونەرمەندە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکەمین ژنی کوردە، کە بە زاراوەی کرمانجیی سەروو گۆرانی گوتووە و دەنگی لە ڕادیۆ تۆمار کردووە.
جێی ئاماژەیە، کە ئێران خانم بەر لەوەی کاری گۆرانیبێژی لە ڕادیۆدا دەست پێ بکات، ساڵانێک بوو ناوبانگی دەنگی لە شار و گوندە کورمانجنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو ببووەوە. لەناو خەڵکدا کەسێکی ناسراو بووە و کاتێک لە ڕادیۆدا دەستی بە کار کرد، ئیدی وەک کەسێکی بەناوبانگ لە هەر شوێنێکی کوردستان لای خەڵك خۆشەویست و ناسرا.
لە کاتی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران رەوشی رادیۆ و هۆنەرمەندان گۆڕا و هەر کوردێک بیویستایە بە ئازادی زمان و کولتووری خۆی بەکار بهێنێ، بەرەو ڕووی گوشار و هەڕەشە دەبووەوە، لەو کاتەدا ئێران خانم ناچار بووە بە شێوەی نهێنی درێژە بە کاری هونەریی خۆی بدات و چەند بەرهەمێكی خۆی بۆ بڵاوکرنەوە بە شێوەی قاچاغ بردووەتە باکووری کوردستان و لەو رێگەوە خەڵکی باکووریش بە دەنگی ئاشنا بوونە و گوێیان لێی گرتووە.
ئەو هونەرمەندە، شووی بە پیاوێک بە ناوی داداش ناسڕی کردووەتەوە و چوونەتە تاران و لەوێ ماونەتەوە. دوای سێ ساڵ چوونەتە شاری سەڵماس و بۆ ماوەی 15 ساڵ لەوێ ماونەتەوە و پاشان لەوێ بڕیاریان داوە بگەڕێنەوە ورمێ و لەوێ دوکانێکیان داناوە و پێکەوە کاریان کردووە و بژێوی خۆیان دابین کردووە.
ئێران ژنێکی زیرەک و قسەخۆش و تەندروست باش بووە، لە ساڵانی دوایی ژیانیدا هەمیشە خەریکی دووکانداری بووە. لە رەوشێکی وەهادا و لە 10- 08- 2001، هەواڵێک لەناو خەڵکی ئورمێدا بڵاو بووەوە ،کە لایەنگرانی هونەری کوردی و دۆستانی ئێران خانمی زۆر غەمگین کرد. هەواڵەکە وەها بوو: ”ئێران موجەڕەد بە خنکاندنی خۆی کۆتایی بە ژیانی هێنا“!. هەرچەندە کەس باوەڕی نەکرد، بەڵام بەپێی راپۆرتی نەخۆشخانەی ورمێ، ئێران خانم خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.