لە شوێنەواری گوندی بنپەرێزە لە سنووری قەزای سیدەكان، نزیكەی 20 ئێسكەپەیكەری مرۆڤ، لەگەڵ چەندین گلێنەی ساغ و پارچە گلێنەی شكاو و كەلوپەلی جوانكاری، وەك بازن و ئەڵقەی كانزایی لە جۆری مس و پاشماوەی ملوانكە و مۆری لە بەرد دروستكراو دۆزراونەتەوە.
شوێنەوارناس د.زێدان ڕەشید خان ئاودەل برادۆستی، لە لاپەڕەكانی (170-171) پەرتووكی (دەڤەری برادۆست .. جوگرافیا، مێژوو، شوێنەوار و كەلەپوور)، نووسیویەتی: «شوێنەوارە دۆزراوەكەی گوندی بنپەرێزە دەكەوێتە دۆڵی زەرزێ لە باكووری ڕۆژهەڵاتی قەزای سیدەكان، یەكێكە لە شوێنەوارە گرنگەكانی دەڤەری برادۆستە، شوێنەوارەكە لە ئەنجامی دروستكردنی ڕێگای دۆڵی زەرزێ لە ساڵی 2013 بەدەردەكەوێت، كە لەلایەن هاووڵاتیی هەمەوەند حەسۆ، لە كاتی كاركردنی وەك شۆفێری حەفارە دەدۆزرێتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆرانی لێ ئاگادار دەكرێتەوە".
ئاماژەش بەوەش كراوە: "دواتر شوێنەواری سۆران بە هاوكاریی تیمێكی زانكۆی بۆستن و زانكۆی پنسلڤانیای ئەمریكی دەست دەكەن بە كاری كنە و پشكنین لە شوێنەكەدا، لەئەنجامدا بۆیان دەردەكەوێت، كە ئەم شوێنە گۆڕێكی بەكۆمەڵی لە بەرد دروستكراو، كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو سەردەمی جیاوازی پێش سەردەمی ئیسلام، ئەم دوو سەردەمە بەهۆی چینە خۆڵێك بە ئەستووریی (40-60) سم، جیادەكرێتەوە و بە شوێنەوارێكی گرنگ دادەنرێت".
ئاشكراش كراوە، ئەم گۆڕە وەك ژوورێكە، كە بە بەردی ناوچەكە بە قەبارەی جیاواز بنیات نراوە، بەرزیی پێوانەكەی نزیكەی 2 و مەتر و فراوانیشی 2 مەتر، بەڵام بەداخەوە بەهۆی چاككردنی ڕێگاكە و ڕووخانی بەشێكی زۆری، پێوانەی تەواو دیار نییە".
هەروەك لەم گۆڕە شوێنەوارییە نزیكەی 20 ئێسكەپەیكەری مرۆڤ دۆزراونەتەوە، لەگەڵ چەندین گلێنەی ساغ و پارچە گلێنەی شكاو و كەل و پەلی جوانكاری وەك بازن و ئەڵقەی كانزایی لە جۆری مس و پاشماوەی ملوانكە و مۆری لە بەرد دروستكراو، بەپێی تاقیكردنەوەی كاربۆن 14 لەسەر پارچە ئێسقانەكان بەدەر کەوتوون، كە مێژووەەکەی ناوەڕاستی هەزارەی یەكەمی پێش زایین (512)ە".
قەزای سیدەكان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە دووریی 144 كیلۆمەتر دەكەوێتە بەشی باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر. كەوتووەتە ڕۆژئاوای شاری شنۆوە و لە ڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین شارۆچكەی سنووری پارێزگای هەولێرە، زۆربەی دەڤەرەكە شاخاوییە و دەشتایی كەمە، هەروەها لە ڕووی كەلەپووری و مێژووییەوە بەناوبانگە و سەدان ناوچەی شوێنەواری و كولتووری لە ناوچەكە تۆمار كراون.


