نەتەوەی كورد خاوەن مێژوو و شارستانییەتی كۆنە، هەروەك دابەش بووە بەسەر چەندین وڵاتی جیهان و تیادا نیشتەجێ بووە، مێژووش شاهێدیی ئەوەی بۆ دەدات، كە لە دێرزەمانەوە كورد لە شەڕ و جەنگەكان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و چوونەتە پاڵ نەتەوەكانی دیكە، هەروەك چەندین سەدە لەمەوبەر، چەندان خێزانی كورد لە شاری سەفاد لە وڵاتی فەڵەستین نیشتەجێ بوونە و گەڕەكێكی تایبەت بەناوی كوردیان بنیات ناوە.
سەفاد یەكێكە لە شارە مێژووییەكانی فەڵەستین، بە یەكێك لە بەرزترین شارەكانی ئەو وڵاتە دادەنرێت، كە نزیكەی 900م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، زۆرینەی دانیشتوانی كوردن و شارستانییەتی ئەو شارەیان پێكهێناوە، كە لە ساڵی 1671زایینی زۆرینەی دانیشتوانی ئەو شارە كورد بوونە و لە دوو گەڕەك نیشتەجێ بوونە، بەتایبەت گەڕەكێك بەناوی كورد بووە، كە زیاتر لە 200 خانووی تێدا بووە".
شاری سەفاد، لە ساڵی 1188 زایینی لەلایەن سوڵتان سەڵاحەدین ئەیووبی ڕزگار كراوە، بەمەش کورد یەكەم كەس بوونە، کە دوای شەڕی خاچپەرستەكانی لە سەفاد و لە دووی گەڕەكی شارەكەدا وەك سەرباز و پاسەوان لەگەڵ خێزانەكانیان نیشتەجێ بوونە".
وەك سەرچاوەكان ئاماژەی بۆ دەكەن، ساڵی 1671ی زایینی، گەڕیدەی عوسمانی (ئەولیا چەلەبی) سەردانی شاری سەفادی كردووە و لەبارەیەوە نووسیویەتی: «زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانی شاری سەفاد كوردن و 200 ماڵیان هەیە و گەڕەكێكیشیان بەناوی ئەوانەوە ناو نراوە".
ئەولیا چەلەبی، گەڕیدەی عوسمانی، لە ماوەی ژیانیدا سەردانی 257 شاری كردووە و لە ئینسایكلۆپیدیای سیاحەتنامەدا تۆماری كردوون، هەروەها گەشتەكانیشی زیاتر لە 50 ساڵی خایاندووە، لەو ماوەیەدا سەردانی زۆربەی ناوچەكانی جیهانی ئیسلامی و ئەوروپای كردووە، یاوەریی سوپاكانی عوسمانی كردووە بەرەو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، توانیویەتی زۆربەی وڵات و ناوچەكانی (ئەنادۆڵ، ڕۆمەكان، كوردستان، بیلاد فارس، قەفقاز) ببینێت".
پاشان دەگاتە دوورگەی كریت و گەشتێك بۆ (ئێران، ڤیەننا، ئەڵمانیا، سوید، هۆڵەندا، پۆڵەندا، ڕووسیا، هەنگاریا، بولگاریا، یۆنان، بۆسنە، شام، عێراق، نیمچە دوورگەی عەرەبی، میسڕ و چەندان شار و وڵاتی دیکە ئەنجام دەدات".
سەرچاوەكان: - مێژووی كۆنی كوردستان، یوسف نووری. ئینسایكلۆپیدیای سیاحەتنامە.