گردی چایونو، گردێکی شوێنەوارییە لە باکووری کوردستان، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش مێژوو. ئەم گردە، کە ناوە کوردییەکی (کۆتێ بەرچەم)ە، دەکەوێتە باکووری گوندی هیلار.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە گردی کۆتێ بەرچەم (چایونو) یەکێکە لە یەکەمین نشینگەکانی تورکیا، کە هەڵکۆڵینی زانستیی سیستماتیکی تێدا ئەنجام دراوە و بەڵگەی گرنگ هەن، کە سەرەتای ژیانی نیشتەجێبوون و یەکەم نیشتەجێبوونی سەردەمی بەردین لە باکووری کوردستان لەم گردە بووە و یەکێکە لەو شوێنانەی، کە یەکەم کانزا، یەکەمجار کشتوکاڵ، بەرهەمی کشتوکاڵی، یان پرۆسەی چاندنی ڕووەکی تێدا دەستی پێکرووەد، هەروەها یەکێکە لە یەکەمین شوێنەکان، کە ئاژەڵەکان تیایدا ماڵی کراوە، بەتایبەتی بەراز، بزن و مەڕ.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە گردی کۆتێ بەرچەم (چایونو) لە ڕووی مێژووی تەلارسازییەوە داتایەکی زۆر گرنگی هەیە. کۆتێ بەرچەم نشینگەیەکی زۆر گرنگە لە ڕووی ڕەنگدانەوەی وردەکاریی هەموو قۆناغەکان، بەتایبەتی لە سەردەمی بەردین بە بێ گلێنە، تا سەردەمی بەردین لەگەڵ گلێنەسازی، لە یەکەم ژیانی نیشتەجێبوونەوە بۆ ناوچەیەکی گوندی سیستماتیک و گواستنەوە بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک.
دکتۆر ساریالتون، پسپۆری شوێنەوارناسی و مامۆستا لە زانکۆی چاناکەلە ئۆنسکیز مارت، بەشی مۆزەناسی، کە ئەمساڵ لەگەڵ تیمێکی 48 کەسی لە گردی کۆتێ بەرچەم هەڵکۆڵین و توێژینەوە ئەنجام دەدات، دەڵێت: "چایونو یەکێکە لەو شوێنە نیشتەجێبوونانەی، کە گواستنەوە بۆ ژیانی نیشتەجێبوون بە باشی ڕەنگدەداتەوە."
زیاتر دەڵێت: "ئەمە یەکەم شوێنی نیشتەجێبوون نییە، نیشتەجێبوونی زۆر هەیە، بەڵام گردی چایونو پرۆسەی یەکەمی بە هەموو وردەکارییەکانییەوە وەسف دەکات. ئەمە تاکە شوێنی نیشتەجێبوونە، کە داتای ورد لە زۆر بواردا پێشکەش دەکات، لە کشتوکاڵەوە تا ئاژەڵداری، لە کانزاوە تا تەلارسازی، لە نەریتی ناشتنەوە بۆ هەموو داتاکانی ژیانی ڕۆژانە، لە موورووەکانەوە تا ئەو شێوە و خواردنانەی، کە خواردوویانە. گردی چایونو داتای زۆری هەیە و ئێمە هەوڵ دەدەین لە قۆناغی کولتووری گلێنەسازیی 8000 ساڵ لەمەوبەر تێ بگەین."
ساریالتون ئاماژەی بەوە دا، کە ئەو ناوچەیەی لە کاتی هەڵکۆڵینەکاندا دۆزراوەتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ 10500 ساڵ لەمەوبەر. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم ناوچەیە لە ڕووی ناشتنەوە گرنگە و ڕەنگدانەوەی دابونەریتی ئەو سەردەمەی هەیە.
نیشتەجێبوون لەم گردە شوێنەوارییە، کە لەسەر لێواری رووباری دیجلە بووە بۆ 10 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لە ساڵی 1963 لە کاتی رووپێوییەکی رووکەشی دۆزراوەتەوە. یەکەم هەڵکۆڵین لەسەر ئەم گردە شوێنەوارییە، لە ساڵی 1964 لە لایەن دکتۆر هالەت کامبێل و دکتۆر روبێرت جەی ئەنجام دراوە.