یەكێك لە سیما هەرە دیارەكانی میدیای كوردی لە دە ساڵی رابردوودا كەسایەتییەكە بە ناوی رەسوکە، كە توانیویەتی رۆڵێکی جوان و درووست بگێڕێت لە كارەكەیدا و نمایندەی راستەقینەی بیری ناسیۆنالیزمانە و میدیاكارانەی كوردی، توانایەكی زۆر تایبەتی لە بوارەكەی خۆیدا هەیە. یەك دوو وشە لەسەر رەسووكە دەنووسم هیواخوازم بە رەخنەكانتان بابەتەكە دەوڵەمەندتر بكەن.
رەسوكە و میدیا
لەوانەیە بێئاگایانە بێت یان بە ژیرانەیی خۆی، توانیویەتی بڕاندینگی ناو بكات، كە ئەمە لە میدیای جیهان و كوردیدا زۆر گرنگە! هیچ كەس نییە لە كوردستان كە دەڵێی #رەسووكە، ئیتر ناوێكی پەتی و هەربەسلەوی كوردی و زمانێكی پاراو و كوردەواری رەسەنی نەیەتە بەرچاو، دروستكردنی ئەم بڕاندە یەكێكە لە خاڵە هەرە بەهێزەكانی ئەم میدیاكارە و توانیویەتی زۆر بەجوانی بڕاندەكە بخاتە ناو خەڵكەوە.
رەسووكە و زمانی كوردی
هیچ كەسم لەم سەر زەوی خوایە نەدیوە باسی رەسووكەی بۆ بكەم نەڵێت بەڕاستی زمانێكی پەتی و كوردییەكی خۆش و پاك و بێگەرد و جوانی هەیە و مرۆڤ چێژ دەبینێت كاتێك گوێی لێدەگرێت. هەندێك جار دەڵێی پیرەپیاوێكی بەتەمەن و كۆنی كوێرەدێیەكە لەو دیوی پشدەر و بیتوێنیت و هەندێكجاریش ئەڵێی هەمبانە بۆرینەیە، هەندێك وشە بەكاردەهێنێت دەبێت تەلەفۆن بۆ دۆستێكی زمانزانت بكەیت و بڵێیت ئەرێ كاكە ئەو وشە واتای چییە؟ ئەم رۆڵگێڕانە لە زماندا كە بەشێكی سەرەكییە لە ژیان و بەرنامە و گوزەرانی خۆی رۆڵێكی گەورەی گێڕاوە لە زیندووكردنەوە و ناساندنەوەی زمانی رەسەنی كوردی بە نەوەی نوێ، من خۆم تا ئێستا پەنجا و دوو وشەم لە زاری رەسووكەوە وەرگرتووە! کە ریشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا و دەماودەم پارێزراوە.
رەسووکە و رەسەنایەتی
كاتێك رەسووكە دەردەكەوێت شکڵێكی كوردانەی زۆر پەتی و جوان و جیڕ و چرچی هەیە، تێكەڵكردنی دوو دەستەجلی كوردی رەنگاوڕەنگ لە كلتووری كۆنی كوردیدا ئێجگار باو بووە، چۆغە لەگەڵ شەرواڵ، مرادخانی سێ قۆپچەی رەش لەگەڵ شەرواڵی كوردی رەساسی و پشتوێنی قاوەیی گوڵ سور، ئەمە نیشاندەری ئەو دیمەنە رەسەنە جوانە راستەقینەیەیە كە رەسووكە نیشانماندەدات. كە بڕواناكەم هیچ كەس هەبێت ئەم دیمەنە جوانەی لەبەرچاو ناشرینبێت!
باسكردنی بابەت بە زمانی خەڵك
كاتێك رەسووكە دەیەوێت بابەتێك باسبكات، بە زمانێكی پەتی و بەشێوەیەكی زۆر جوان هەڵتدەگرێت و دەتباتە ناو بابەتەكەوە، بۆ وێنە لەبەرنامەیەكدا، باس لە كاری هەرەوەزی دەكات لە دروێنەی گەنم و جۆ بەهەرەوەز لە گوندێك لە ناوچەیەكی دوورە دەست و سەخت و ناكڵۆكار، یان لە گوندێكی دوورەدەست جۆماڵی گوندێكمان بۆ دەگێڕێتەوە كە چۆن ئەم كارە كراوە، كۆتایی بەرنامەكە بۆتدەردەكەوێت كە ئەم كارە چەندە گرنگ و بەپێز و بە بایەخە لە ئەدەبیاتی كوردی و ژیانی خەڵكی كوردستاندا
تێگەی وشە سازی لای ڕەسوكە
كە رەسووكە دەبینیت هەر یەكسەر حەزدەكەیت بڵێیت "دەگەڵ خزمان چۆنی چاوی من" درووستكردنی ئەم بیۆیە بە زمانی پاراوی كوردی زۆر جوان و شیرین و رەسەن و پاك و بێگەرد زۆر گرنگە لە قسەكردندا چاوی من. هەم توڕەیی مرۆڤ خاڵی دەكاتەوە، هەمیش چێژی لێدەبینیت كاتێك بەرامبەرەكەت ئەوەت پێدەڵێت، تۆ دەتوانی بەیار و نەیار بڵێیت، ئەم چەم سازییە لە زمانی قسەكردندا و بەكارهێنانەوەی بۆ هەزاران جار پێماندەڵێت كە چەندە گرنگە لەبەرنامەكەتدا كارێكی بەم شێوەیە بكەیت.
رەسووکە و بینەر
یەكەمین بەرنامەی میدیایی كوردی بەرنامەكەی رەسووكەیە. كەدوورە لە تەشهیر و سووكایەتی و بابەتی سێكسی و دەستدرێژی سێكسی و سوكایەتی و ژن رووتكردنەوە. كە بینەرێكی ئێجگار زۆر و زەبەنەی هەیە! من خۆم هەموو جارێك بەرنامەیەكی دەخەمە سەر و گوێی لێدەگرم و دەیان كەسی تریش دەزانم وادەكەن. گرنگە لەم بارودۆخە ناهەموار و ناشیرین و قێزەونەی میدیای كوردیدا بتوانیت بینەرێكی بێشوومار كۆبكەیتەوە كە دوور بێت لە لە كچە مۆدێل و نیشاندانی سنگ و مەمك و سمت! بەڕاستی ئەمە پێیدەگوترێت تۆز هەڵساندن لە قوڕ.
رەسووکە و ڕۆح سووكی
كەسایەتی رەسووکە لە بەرنامەكاندا كەسایەتییەكی پاك و رۆح سووكە، كە مرۆڤ بەبینینی ئاسودە دەبێت و هەستناكەیت ئەم كەسە گرفتێكی هەبێت یان پیاوێكی ناخ پیس و بۆگەن بێت، بەڵكو بێژەرێكی پاك و بێگەردە، بێژەر هەبووە لە بەرنامەكەی ئاڵتونی دابەشكردووە من و هەزاران منی تریش بێزیشیان نەهاتووە سەیری بكەن! بەڵام رەسووكە لەبەر ئەوەی خوێنی پاك و كەسایەتی بێگەرد و نەجیب و ئەرباب و نەجیبزادە و خاوەن كەسایەتییە ناتوانیت سەیری نەكەیت.
رەسوكە و كورد بوون
بەبێ ئەوەی خۆی و بینەریش بزانێت، رەسووکە پێماندەڵێت كە كوردبوون چییە و چۆنە؟! هەر زۆر بە زمانێكی سادە زۆر بە
ئاسانی بزانە كە تۆ هەر كەسێك هەیت و جیكڵاس و شوقەكەت بەهاكەی هەرچەندێك بێت، لە راستیدا تۆ ئەو كەسایەتییەیت كە رەسووكە باسی دەكات و هیچی دیكە نیت! جا كوردبوونی راستەقینەش هەر ئەوەیە، بۆیە تکاتان لێدەكەم، بە باڵەخانە و شووقە بەرز و ئۆتۆمبێلە گرانبەهاكانتان تێمەكەون، ئێوە نەوەی كورتانی كەر و داس و كەرنتو شاڵ و رانک و چۆخە و فەرەنجی و پەستەك و گوێرە و لەپك و بەرماڵ و جاجمن.
پوختە
من دەتوانم پەرتووکێکی هەزار لاپەڕەیی لەسەر جەنابی كاك رەسووكەی خۆشەویست بنووسم! بەڵام ئەم یەك دوو سەرەقەڵەمەی كە ئێستا ئێوە دەیخوێننەوە پێموابێت تێری ئەوە دەكات كە تۆ دەتوانیت بزانیت رەسووكە كێیە و چییە؟! هیوادارم زمانی نووسینەكەم لە نووسینی تەشهیر و ماستاو و پرتەپرت دووربووبێت و توانیبێتم ئەوە بڵێم كە دەبوو بیڵێم، من خۆم سیفتەتێكی زۆر ناشرینم هەیە كە زۆر بەكەمی دان كە كەسێكدا دەنێم، بەڵام ناتوانم دان بە دوو كەسدا نەنێم یەكێكیان رەسووکەیە و ئەوەی تریان لە كاتێكی تردا ناوەكەیتان بۆ ئاشكرا دەكەم! من بۆ خۆم رەسووکە بە قوتابخانەیەكی راستەقینەی ئەدەبیات و زمانەوانی و میدیایی دەزانم و زۆر زۆر سوودم لێوەرگرتووە و چێژ دەبینم لە هەموو شتێك لە بەرنامەكانی رەسووكە، بەتێڕوانینی من ئەگە رەسووکە نەبێت بە پەرلەمانتار و نەبێت بە خاوەن بزنس دەتوانێت لە سەد ساڵی داهاتوودا ببێتە گەورەترین بڕاندی كوردی میدیای كوردی، دەستگرتن بەم مەختوتەیەوە دەستگرتنە بە شوناسی گەلێك، جا هەر ئێمە نین دەبێت دەستی پێوەبگرین، بەڵكو خودی رەسووکە خۆی هۆكاری سەرەكی پاراستنی ئەم رەسووكەیەیە، ئێمە دەبێت لە مووچەی خۆمان بخەینە سەر هەژماری رەسووکە ئەگەر لەبەر بێ پارەیی كارەكەی لەدەستدا، ئەگەریش لەبەر هەرشتێكی دیكە كارەكەی لەدەستدا، ئەوا رەسووکە تەنها تاوان بەرامبەر خۆی ناكات، بەڵكو سووكایەتی بەگەلێکی ٤٠ ملیۆنی دەكات.
دانیشن بەخێر چاوی من...
تێبینی: ئەم بابەتە لە فەیسبووكی نووسەر وەرگیراوە