له بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌دا باوكم و دوو مامم دەنگیان خۆش بووه“
هونه‌رمه‌ندی گۆرانبێژ (نیروان عومەر)، لەدایكبووی شاری سلێمانییه. له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك سه‌باره‌ت به ژیانی تایبه‌تیی خۆی و كاره هونه‌ره‌ییه‌كان، (باسكورد) دیداری له‌گه‌ڵ ساز دا و نەیشاردەوە: ”شه‌ونخوونیم به هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانمەوە كێشاوه و شانازییان پێوه دەكه‌م، به‌تایبه‌ت ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات له شاری بانه‌ی خۆشه‌ویست پێی ناسرام“.
(باسكورد): هاتنه ناو كاری هونه‌ریت به ڕێكه‌وت بوو، یان بە خولیا و بەرنامە؟
نیروان عومه‌ر: ناتوانم بڵێم به ڕێكه‌وت بوو، خواست و ئاره‌زوو و خولیای خۆشمی له‌سه‌ر بوو، ده‌ستپێك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان به‌ختیار ساڵح و ئاراز محه‌مه‌د و چه‌ند براده‌رێك كۆ ده‌بووینه‌وه و كۆڕمان گه‌رم ده‌كرد، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا به ستایلی خێرا و هه‌ڵپه‌ڕكێ ده‌ستم پێكرد.
(باسكورد): ئه‌گه‌رچی ده‌ركه‌وتنی ئێوه له بواری هونه‌ریدا سه‌ره‌تا له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات بوو، به‌تایبه‌تی له شاری بانه، ده‌پرسین شاری بانه لای نیروان عومه‌ر چی ده‌گه‌یەنێت؟
نیروان عومه‌ر: به‌ڵێ زۆر ڕاسته، یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنم له كاری هونه‌ری له شاری بانه بوو، بانه هه‌میشه به ماڵی دووه‌مم ده‌زانم، چونكه یه‌كه‌م به‌رهه‌م و ده‌ركه‌وتنم له‌و شاره جوانه بوو، نازانم چۆن پێناسه‌ی ئه‌و شاره و خه‌ڵكه میواندۆسته‌كه‌ی بكه‌م، هیچ كات دانه‌بڕوام له خه‌ڵكه هونه‌ردۆسته‌كه‌ی.
(باسكورد): هه‌ندێك له هونه‌ری گۆرانیگوتن بۆ هونه‌رمه‌ند بووەته ڕێچكه‌ی بنه‌ماڵه‌یی، ده‌پرسین ئێوە تا چه‌ند لە هونه‌ردا پێشینه‌ی بنه‌ماڵەییتان هەبووه؟
نیروان عومه‌ر: له بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌دا باوكم و دوو مامم، ده‌نگیان خۆش بووه، بۆیه پێشینه‌ی هونه‌ریی من ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌زموونی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌مان.
(باسكورد): له‌نێو به‌رهه‌مه‌كانتدا كام له هه‌موویان زیاتر چێژی زیاتره؟
نیروان عومه‌ر: شه‌ونخوونیم به هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانمەوە كێشاوه و شانازییان پێوه دەكه‌م، به‌تایبه‌ت ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات له شاری بانه‌ی خۆشه‌ویست پێی ناسرام.
(باسكورد): تا چه‌ند له شه‌وه ئاهه‌نگه‌كان به‌شداریت؟
نیروان عومه‌ر: كه‌م تا زۆر به‌شداریی شه‌وه‌ئاهه‌نگه‌كان ده‌كه‌م، به‌ڵام بۆ هه‌موو شه‌وه‌ئاهه‌نگێك ناچم، به‌تایبه‌ت جێگایه‌ك قورسایی تێدا نه‌بێت.
(باسكورد): مه‌رجه گۆرانیبێژ شاره‌زایی له ژه‌نینی ئامێرە‌كانی مۆسیقادا هه‌بێت؟
نیروان عومه‌ر: بەڵێ پێویستە هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ شاره‌زایی له ژه‌نینی ئامێرە مۆسیقییه‌كاندا هەبێت، بۆ نموونه، پزیشكێك ئه‌گه‌ر له پسپۆڕییه‌كه‌ی شاره‌زایی زیاتری هه‌بێت، ئه‌وا هه‌م بۆ خۆی و هه‌میش بۆ چوارده‌وره‌كه‌ی سوودی زیاتره، بۆیه گۆرانیبێژ ئه‌گه‌ر شارەزای مۆسیقا بێت، سه‌ركه‌وتووتر ده‌بێت، خۆم ئامێری ئۆرگ ده‌ژه‌نم و خولیاشم هه‌یه بچمه سه‌ر ئامێرە‌كانی دیكە.
(باسكورد): هونه‌ر چی پێ به‌خشیت؟
نیروان عومه‌ر: هونه‌ر ناوبانگێكی جوانی پێ به‌خشیم و خه‌ڵك ڕۆژانه ڕێزێكی تایبه‌تیم لێ ده‌گرن.
(باسكورد): له كۆتاییدا چ په‌یامێكت بۆ خوێنەرانی (باسكورد) هه‌یه؟
نیروان عومه‌ر: خۆشەویستی و ڕێزم هەیە بۆ خوێنەرانی ئازیزی (باسكورد).