وەرزی پایز وێڕای جوانیی سروشتەکەی و دەستکردنی گەڵا بە زەردبوون و وەرین، وەرزی پێگەیشتی زۆربەی میوەکانە، یەکێک لەو میوانەش ھەنارە.
ھەنار وێڕای ئەوەی، کە میوەیەکی بەتامە و دەخورێت، دەشگوشرێت و ئاوەکەی ھەم بەشێوەی شەربەت ھەمیش دەکرێت بە سرکە.
بۆ دروستکردنی سرکەی ھەنار، سەرەتا جووتیاران بە کاری ھەرەوەزی ھەنار لە باخەکانیان دەڕنن و پاشان دەنکەکانی دەتەکێنن و لە گونیەی دەکەن و لە کۆل (حەوزێکی بچووک)ی دەکەن و بە پێ دەیگوشن و ئاوەکەی دەخەنە مەنجێکەوە و دوای پاڵاوتن دەیکوڵێن، تا پلەی خەستبوونەوە، پاشان ساردی دەکەنەوە و دەبێت بە سرکەی ھەنار و ئامادە دەبێت بۆ خواردن.
سرکەکە ھەم وەکوو شەربەت دەخورێتەوە، ھەم تێکەڵ بە ھەندێک چێشت و خواردن و زەڵاتە و... دەکرێت.
سرکەی ھەنار خواردنێکی کۆنی کوردەوارییە و چەندان سوودی تەندروستیی ھەیە، بەتایبەت بۆ ئاسانکردنی کرداری ھەرس و کەمکردنەوەی فشاری خوێن.