ساڵی ١٩٥٨ له سه‌روبەندی گه‌ڕانه‌وه‌ى مەلا مستەفا بارزانی لە یەكیتیی سۆڤیەتەوە بۆ كوردستان، ژمارەیەكی زۆر له رۆڵه‌كانى گه‌لی كورد خۆشحاڵیى خۆیان ده‌ربڕیوه، چ به برووسكه و نامه، چ به سه‌ردانیكردن پێشوازییان لێی كردووه. بۆ نموونه، لێره‌دا نامه‌یه‌كى كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانى كورد له ئه‌وورپا ده‌خه‌ینه روو، كه به واژۆی سكرتێری گشتیى ئه‌وكاتى كۆمه‌ڵه، رووناكبیر و سیاسىی ناسراو و به‌ئه‌زموون- دارا تۆفیق بۆ بارزانی‌یان ناردووه، كه گوزارشته له خۆشى و شادى و ئومێدبه‌خشه به درێژه‌پێدانى خه‌بات و تێكۆشانى گه‌لى كورد به رابه‌رایه‌تیى مسته‌فا بارزانى.
له‌به‌ر گرنگی و بایه‌خی زۆری نامه‌كه، رۆژنامه‌ی (ژین) له سلێمانى، له ژماره (1416)، ساڵى 34، پێنجشه‌ممه 6ی11ی1958، لە لاپه‌ڕه (5)دا ده‌قى نامه‌كه‌ى بڵاو كردووەته‌وه، كه به‌م شێوه‌یەیە:
كۆمه‌ڵه‌ى خوێندكارانى كورد له ئه‌ورووپا
تێكۆشه‌رى نه‌به‌ز مه‌لا مسته‌فا بارزانى - پێشكه‌ش
رۆژتان باش:
به ناوى كۆمه‌ڵه‌ى خوێندكارانى كورد له ئه‌ورووپا، به‌گه‌رمییه‌وه پیرۆزبایى گه‌ڕانه‌وه‌تان ئه‌كه‌م بۆ نیشتمان و هه‌روه‌ها ئه‌و قاره‌مانانه‌ى به‌ره‌و دواتان نیگارى ئازادییان هه‌ڵگرتووه، هه‌میشه به‌درێژایى ژیان ئاواتی باشیى ته‌ندروستیتان و به‌ختیاریتان ئەخواز‌م.
بێ گومان گه‌ڕانه‌وه‌تان به‌ڵگه‌ى سه‌ركه‌وتن و ئازادییه بۆ هه‌موو كوردپه‌روه‌رێك و ره‌گه‌ز هه‌ڵكێشى هه‌موو پیلانێكى چه‌وت و نه‌هه‌نگێتییه به‌رامبه‌ر به كورده‌وارى. بۆ هه‌موو عێراقییه‌ك، كورد و عه‌ره‌ب، كه وا چریكه‌یه بۆ گه‌له‌گاى ناله‌بار، كه بووه هۆى دووركه‌وتنه‌وه‌تان له نیشتمانیى خۆشه‌ویست بۆ چه‌نده‌ها ساڵ. بێ گومان دوور له نیشتمانتان، به‌هه‌شتى رابواردن نه‌بووه بۆتان، له رێگاى ئه‌و باجه پیرۆزه‌ى، كه له‌سه‌ر خۆتان بڕیوه‌ته‌وه، بۆ هێنانه‌جێ.
پێشه‌واى خۆشه‌ویست (مسته‌فا بارزانى):
هاتنه‌وه‌تان بۆ نیشتمان، دان ئه‌نێت به راستیى تێكۆشانى گه‌لى كورد و عه‌ره‌ب بۆ پێكهێنانى شۆڕشه‌كه‌ى دوایى عێراق، كه وا بنچینه قه‌ڵاى زۆردارى له بێخ دەرهێنا، هه‌روه‌ها ئه‌م سه‌ركه‌وتنه - ئومێد ئه‌كه‌ین- دواى چه‌نده‌ها جووڵانه‌وه‌ى شێرانه‌ى دیكە بڕوات، كه وا سه‌ركه‌وتنیان به‌پێى ده‌ست له‌ناو ده‌ستى گه‌لى كورد و عه‌ره‌ب له كۆماره ساواكه‌ماندا به‌ده‌م بارانه‌وه ئه‌ڕوات.
هیواى گه‌وره‌مان ئه‌وه‌یه، كه وا چالاكیى گه‌وره‌ییتان ده‌رگاى هه‌موو ناكۆكییه‌ك له‌ناو كورداندا جووت بكات و لاڕێگه‌ى چاوه‌شینى بكات له فرمێسك هه‌ڵڕژاندنى دووریى ئانگاو ئه‌مریكان بۆ رزگاركردنى گه‌لى كورد.
نه‌به‌زینى گه‌وره‌ییتان و هاوڕێ بارزانییه قاره‌مانه‌كان، هه‌موو كاتێك جێى شانازییه بۆ گه‌لى كورد، ئێمه زۆر به سه‌ربه‌رزییه‌وه وه‌رى ئه‌گرین، كه وا مێژوو لاپه‌ڕه‌ى خۆى هه‌ڵناداته‌وه، بێ ئه‌وه‌ى ناوتان ده‌نگ نه‌داته‌وه.
تكاتان لێ ئه‌كه‌م، كه وا بفه‌رموون به قبووڵكردنى سڵاوى گه‌رمى هه‌موو خوێندكارێكى كورد له ئه‌ورووپا، ئیتر هه‌مووتان شاد.
زۆر دڵسۆزتان
دارا تۆفیق - سكرتێرى گشتیى كۆمه‌ڵه‌ى خوێندكارانى كورد له ئه‌ورووپا
پوختەیەك بۆ ناساندنی دارا تۆفیق
- رووناكبیر و سیاسى ناسراو و به‌ئه‌زموون (دارا تۆفیق فایق فه‌تحوڵا)، ناسراو به (ساڵحی)، له ساڵى 1932 له سلێمانى له‌دایك بووه، خوێندنى سه‌ره‌تایى و ناوه‌ندیى له سلێمانى بووه، له ساڵى په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا په‌یوه‌ندی ده‌كات به حزبى شیوعیى عێراقه‌وه، له ساڵى 1957 كۆلێژى ئه‌ندازیارى - به‌شى شارستانیى ته‌واو كردووه. له ساڵى 1961 په‌یوه‌ندیى كردووه به ریزه‌كانى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان. ماوه‌یه‌كیش سكرتێرى گشتیى كۆمه‌ڵه‌ى خوێندكارانى كورد له ئه‌ورووپا بووه و رۆڵى گرنگى خۆى بینیوه. له 1970 له كۆنگره‌ى هه‌شتى پارتى دیموكراتی كوردستان، ده‌بێته ئه‌ندامى كۆمیته‌ى ناوه‌ندیى پارتى. له ساڵى 1971 ده‌بێته سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى (التآخی)، له (5ى4ى1971) هه‌تا (11ى3ى1974) ده‌بێته خاوه‌ن ئیمتیاز و سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى (برایه‌تى)، رۆڵێكى هێجگار گرنگ و به‌رچاوى ده‌بێت له بوارى راگه‌یاندن و رۆژنامه‌گه‌ریدا.
له ساڵى 1975 ئاواره‌ى ئێران بووه، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه عێراق، دواتر كرا به (مدیر عامی نهری عراق) له 5ى11ى 1980 له‌لایه‌ن رژێمى ده‌سه‌ڵاتدارى به‌عسه‌وه شوێن‌بزر كرا و هه‌تا ئێستا نه‌زانراوه كه‌ى و چۆن و له كوێ شه‌هید كراوه.
- كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد له ئه‌ورووپا، له‌نێوان ساڵانی (1956- 1975)، رێكخراوێكی كوردستانیی خوێندكارانی كورد بووه، له ئه‌ورووپا دامه‌زراوه و له زۆربه‌ی وڵاتان لقی هه‌بوو له رێگای نواندنی چالاكیی سیاسی، رووناكبیری و هونه‌ری و به‌ستنی په‌یوه‌ندیی دۆستانه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆری رێكخراوه خوێندكارییه‌كانی وڵاتانه‌وه، له پێناوی ناساندنی دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان، له سه‌رجه‌م وڵاتانی ئه‌ورووپا كاریگه‌ریی به‌رچاوی هه‌بووه. هه‌ر لقێكی كومه‌ڵه وه‌ك باڵوێزخانه‌یه‌كی گه‌له‌كه‌مان بووه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌ركه پیشه‌ییه‌كانی وه‌ك رێكخراوێكی خوێندكاری، رێكخراوێكی كوردستانی و كوردایه‌تیی ده‌گمه‌ن بوو، چوارچێوه و چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی خوێندكارانی كوردی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان بوو، ئه‌ندامه‌كانی ئازایانه رووبه‌ڕووی كرده هۆڤه‌كییه‌كانی داگیركه‌رانی كوردستان ده‌بوونه‌وه و له رێگای خوپێشاندان و بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ندین گۆڤار و رۆژنامه و بڵاوكراوه به زمانی جیاواز، جگه له‌وانه‌ی به زمانی كوردی بڵاو ده‌كرانه‌وه، ره‌فتاره‌كانیان دژ به گه‌له‌كه‌مان شه‌رمه‌زار ده‌كرد. گۆڤاری سه‌ره‌كی و زمانحاڵی كۆمه‌ڵه (گۆڤاری كوردستان) بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه، دوای نسكۆی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول و له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازیی بیركردنه‌وه و په‌یوه‌ندیی ئه‌ندامه‌كانی كۆمه‌ڵه به لایه‌نه سیاسییه ناكۆكه‌كانی ئه‌و ساته‌وه‌ختەی كوردستانه‌وه، رێكخراوه‌كه رووبه‌ڕووی دابه‌شبوون و لێكترازان بوو به‌سه‌ر (3) رێكخراوی ناكۆك و تا رادده‌یه‌ك دژ به یه‌ك:
1- (كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد له ئه‌ورووپا) سه‌ر به (پ.د.ك) سه‌نته‌ره‌كه‌ی له (به‌رلینی رۆژئاوا)ی ئه‌ڵمانیا بوو.
2- (كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد له ئه‌ورووپا) سه‌ر به (پارتی كۆمۆنیستی عێراق). سه‌نته‌ره‌كه‌ی له شاری (پراگی)ی چیكۆسلۆفاكیا بوو.
3- كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد، له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات (ئه‌كسا) سه‌ر به (ی.ن.ك) سه‌نته‌ره‌كه‌ی له به‌رلینى رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ڵمانیا بوو.
كۆمه‌ڵه له‌و په‌رته‌وازییه‌دا وه‌كوو جاران توانای ئه‌نجامدانی چالاكیی به‌رفراوان و كاریگه‌ری مابوو، بارودۆخی لێكترازانی كۆمه‌ڵه درێژه‌ی كێشا، تا ئه‌و كاته‌ی به بڕیارێكی به‌ره‌ی كوردستانی، هه‌ر سێ رێكخراوه‌كه له 1987- 1988 یه‌كیان گرته‌وه.
له (1956- 1975)، كۆمه‌ڵه سه‌ره‌ڕای كۆمه‌ڵێك رێگری و كه‌متوانایی دارایی، توانی به رێكوپێكی (17) كۆنگره‌ی یه‌كگرتوو ببه‌ستێت، زۆربه‌ی كۆنگره‌كان له وڵاتی ئه‌ڵمانیا به‌ستراون، چونكه له‌و وڵاته‌دا زۆرتر رێگه‌پێدان و ئاسانكاری هه‌بوو. یه‌كه‌م كۆنگره‌ش له شاری ڤیسبادنی ئه‌ڵمانیا، له 10- 26/ 8 /1956 بوو.
به‌رپرسه‌كانیشى به‌م شێوه‌یه بوون: (ئه‌حمه‌د زه‌مچى- سكرتێر، عیسمه‌ت شه‌ریف وانلى- سه‌رۆك، د. كه‌مال عه‌بدولكه‌ریم فوئاد- سكرتێر، دارا تۆفیق- سكرتێر، سه‌عدى دزه‌یى- سكرتێر، تاریق ئاكره‌یى- سكرتێر).
دوا كۆنگره‌شى، كه كۆنگره‌ی حه‌ڤده‌م بوو، له 27-31/8/1975، له به‌رلینی ڕۆژئاوای ئه‌ڵمانیا بوو، به‌داخه‌وه ده‌ره‌نجامی ناكۆكی و ناته‌بایی له كۆنگره‌یه‌دا، كۆمه‌ڵه له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شایه‌وه.
سه‌رچاوه‌ى بەشێك لە زانیارییەكان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ى خوێندكاران: عارف روشدی