هاووڵاتییەكی دانیشتووی سنووری قەزای ڕواندز، لە نەمامگەكەی خۆی، جۆرەها میوە بەرهەم دێنێت، یەكێك لەوانەش، بەرهەمهێنانی چەندین جۆر هەناری ناوخۆیی و بیانییە، بەمەش ناوبانگی باخەوانی نموونەیی لە ناوچەكەدا دەركردووە.
لەمبارەیەوە، تەحسین برایم قادر، خەڵكی گوندی ئاكۆیان سەر بە قەزای ڕواندز، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: "بەهۆی هەڵكەوتە و سروشتی ناوچەكەمان و بوونی ئاوێكی سازگار و زەویی پێویست، شوێنەكەمان لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی جۆرەها بەربوومی میوەی باخچەیی، لەو بوارەدا چەند ساڵێكە نەمامگەیەكم لە گوندی ئاكۆیان داناوە و دەستم كردووە بە بەرهەمهێنانی جۆرەها بەروبوومی باخچەیی، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی جوتیارانی ناوخۆیی و دەرەوە، توانیومە بەربوومی جیاواز و بە بڕشت بەرهەم بێنم، كە ببێتە هۆكارێك لە ناوچەكە و بگەرە شار و شارۆچكەكانی دیكەش ناوبانگێكیان هەبێت و خۆشم وەك باخەوانێكی نموونەیی لە سنوورەكە بناسرێم".
دەشڵێت: "یەكێك لەو بەروبوومانە، تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە 35 تەن هەنارمان لە نەمامگەكەمان بەرهەم هێناوە، ئێستا، كە وەرزی ڕنینی هەنار لە باخەكەمان دەستی پێكردووە، كە زۆربەی هەنارەكانمان جیاوازن، بە بەراورد بە هەناری دیكەی باخدارانی ناوچەكە، چونكە هەناری ئێمە 22 جۆرن و تایبەتمەندن، بۆ نموونە، بریتین لە جۆری هەناری ناوخۆیی و چەندین وڵاتی بیانی، دوای هەوڵ و كۆشششێكی زۆر توانیومە ئەم ئەزموونە وەربگرم و هەمان هەناری شار و ناوچەكانی كوردستان و وڵاتانی دیكە بەرهەم بێنم".
تەحسین برایم، جوتیارەكەی گوندی ئاكۆیان، ئاماژەی بەوەش دا: "ساڵ بە ساڵ بە ئەزموونی پێشكەوتووتر بەربوومی باخچەی باشتر و نموونەییتر بەرهەم دێنین، هەروەها نەمامگەكەشمان فراوانتر و باشتر دەكەین، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك، كە بتوانین لەو ڕێگەیەوە خزمەتێك بە ئابووری بە وڵاتەكەمان بكەین و زیاتر پشت بە داهاتی ناوخۆییمان ببەستین، هەروەها هەلی كار بۆ خۆمان و چەندین كەسی دیكە بڕەخسێنین".