ژنە ناوداری كوردستان، درەخشان شێخ جەلال شێخ ئەحمەد شێخ سەعید، كە بە درەخشانی شێخ جەلالی حەفید ناسراوە، لە 26ی كانوونی یەكەمی 1934 لە گەڕەكی كانێسكانی شاری سلێمانی چاوی بە ژیان هەڵهێناوە.
ئەم خانمە ناودارەی کورد، قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواو كردووە. لە ساڵی 1956 لە كۆلێژی مامۆستایان لە شاری بەغدا وەرگیراوە و دوای چوار ساڵ خوێندن، لە ساڵی 1960 بەكالۆریۆسی لە مێژوو بەدەست هێناوە، رۆڵی دیار و درەوشاوەی لە لاپەڕەكانی مێژوودا تۆمار كراوە، لە خانەی مامۆستایانی كچانی كەركووك بە مامۆستا دامەزراوە و وانەكانی مێژوو و جوگرافیای گوتووەتەوە. پاشان گواستراوەتەوە بۆ شاری سلێمانی و لە ئامادەیی سلێمانیی كچان وەك مامۆستا خزمەتی كردووە و بەردەوام بووە تا بووە بە بەڕێوەبەری ئەو ئامادەییە.
درەخشان حەفید، هاوسەرگیری لەگەڵ كەمال موفتی كردووە، بەهۆی ئەوەوە وەزیفەكەی بۆ بەغدا گواستووەتەوە و لە ئامادەیی تەڵیعەی كچان بووە بە مامۆستا و بەردەوام بووە لە خزمەتی پەروەردە و خوێندن، تا ساڵی 1987 خانەنشین بووە.
درەخشان حەفید، هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە، تێكەڵاوی جووڵانەوەی سیاسی بووە و سەرەتا لە رێكخراوە پیشەییەكانی قوتابییان و لاوان و ئافرەتان خەباتی كردووە و دواتر لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا درێژەی بە تێكۆشان داوە.
هەروەها ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بووە، لە 11ی كانوونی یەكەمی 1952 بەنهێنی لەگەڵ نۆ ئافرەتی دیكەدا، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستانیان لە ماڵی میرزرا غەفوور، لە سلێمانی دامەزراندووە. رۆڵی دیاری لەو رێكخراوە پیشەییەدا هەبووە و بەردەوام بووە لە خەباتی پیشەیی و نیشتمانی، هەروەها رۆڵی كاریگەری لە چالاكی و خۆپیشاندانەكانی سەردەمی خۆیدا هەبووە.
درەخشان حەفید بایەخیشی بە نووسین و ئەدەب و شیعر داوە و شیعری بەشێكی زۆری شاعیرانی كوردی لەبەر بووە. وتاریشی لە رۆژنامە و گۆڤارەكان بڵاو كردووەتەوە. لە ژیانی خۆیدا زۆر بە حەپسەخانی نەقیب سەرسام بووە و رلە كاری پیشەیی و خێرخوازیدا ێچكەی ئەوی گرتبوو. هەر لە خۆشەویستی بۆ حەپسەخان، دوو كتێبی لەسەر نووسیوە، یەكێكیان بە ناوی (ژیان و تیكۆشانی حەپسەخانی نەقیب)، ئەو دیكەیان ئەلبوومێكی وێنەییە بە ناوی (ئەلبوومی حەپسەخانی نەقیب). كتێبێكی دیكەیشی هەیە لەسەر مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی ژنان و تیشكی خستووەتە سەر مێژووی تێكۆشانی ژنانی باشووری كوردستان و زانیاریی گرنگی لەوبارەیەوە تۆمار كردووە.
دوای خزمەتێكی زۆر لە كایەكانی پەروەردە و خوێندن و خەباتی پیشەیی و نیشتمانی، درەخشان حەفید لە رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2010، بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاكی نیشتمان سپێردرا.