لەژێر چاودێری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەهاوكاری قایمقامیەتی قەزای چۆمان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری سۆران، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری چۆمان سێیەمین گەشتی پاییزە ڕێك دەخات.
سەبارەت بە كار و چالاكییەكانی گەشتەكە هەڵگورد محەمەد ناوەندەیی، بەڕێوەبەری گشتوگوزاری چۆمان، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: " بڕیارە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە 14ی11ی2024 بۆ سێیەم ساڵ وەك گەشتوگوزاری قەزای چۆمان، لەژێر چاودێری هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەهاوكاری قایمقامیەتی قەزای چۆمان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری سۆران گەشتی پاییزە بکەین و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت".
گوتیشی: " چالاكی گەشتەكەمان بە سپۆنسەری قوتابخانەی كامبریجی نێودەڵەتی- كوردستان دەبێت، لەنێو سروشتی دڵڕفێنی باڵەكایەتیی لە (جناسان سەر ڕێگای گۆمی فێڵاو) بە كەمپینگ و شەومانەوە لە نێو سروشت و چالاكی جۆراوجۆر، هەموو كۆمپانیا و نووسینەگەکانی گەشتیاری و گرووپەکانی شاخەوانی و ژینگەدۆست و ئەو كەسانەی حەزیان بە شەومانەوە هەیە لەنێوسروشت، دەتوانن بەشداربن لەگەڵمان".
بەڕێوەبەری گشتوگوزاری چۆمان، ئاشكراشی دەكات: " چالاكییەکانی گەشتەكەمان بریتین لە (كەمپینگ و شەومانەوە لەنێو سروشت، چالاكی ژینگەیی، لایڤ میوزیك، گەشتی پیادەڕۆیی، چالاكی ئەو گرووپانەی بەشداری دەكەن، لەگەڵ ئەسپ سواری) بەهیواین گەشتێك بێت ببێتە مایەی دڵخۆشی بەشداربووان.