تەونکردن وەک پیشەیەکی دەستکردی کولتووریی کوردستان، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، زۆربەی ماڵی کوردی، فەرش و قاڵی و بەڕەی کوردییان تێدایە، کە دەستکردی وەستای شارەزا و دەستڕەنگینی کوردن.
تەونکارانی کورد، کە زۆربەیان ژنن، زۆربەی جار لە دێهاتەکان تەونیان دروست دەکرد، ئێستاش وەک کارگە و پیشەسازیی گەورەتر لە شارەکاندا کەمێکیان ماوە.
لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، تەونکردن برەوی هەیە و هەندێک لە ژنانی سنە بۆ پارێزگاریکردن لەو سامانە کولتووری و بازرگانییە گرنگە ئەم کارە دەکەن.
لە دروستكردنی فەرش و قاڵیدا، ژنانی تەونكەر زۆر گرنگی دەدەن بە رەنگی تەختی قاڵییەکانیان و زۆربەی رەنگەکانییان لە سروشتەوە هەڵدەهێنجن، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی بەرهەمەکانیان نرخی زۆرتر و پێگەی کولتوورییان بەرزتر بێت.