خۆشاوى پێنجوێن

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

خۆشاوى پێنجوێن

خانمێكى دانیشتووى پێنجوێن‌: خه‌ڵك زیاتر له‌ وه‌رزى زستاندا‌ و به‌تایبه‌تیش له‌ كاتى به‌ف

زۆرن ئه‌و خواردنه‌ كورده‌وارییانه‌ى، كه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا و به‌هۆى پێشكه‌وتنى ژیانه‌وه‌، له‌لای زۆربه‌ى هاووڵاتییان، ناخورێن، یان كه‌م بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا به‌هۆى سه‌رما‌ و سۆڵه‌ و به‌فرى زۆره‌وه‌، هێشتا له‌لاى زۆربه‌ى خێزان‌ و ماڵه‌كانى سنوورى شارۆچكه‌ى پێنجوێن، كه‌ ناوچه‌یه‌كى كوێستانی‌ و به‌رزه‌، به‌زیندوویی هێڵراونه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش بریتییه‌ له‌خواردنى (خۆشاو).

له‌وباره‌یه‌وه‌، سۆیبه‌ كه‌ریم، خانمێكى دانیشتووى پێنجوێنه‌، به‌ (باس)ى راگه‌یاند: ”خۆشاو یه‌كێكه‌ له‌و خواردنه‌ كورده‌وارییانه‌ى، كه‌ له‌ پێنجوێندا‌ و له‌ سه‌رده‌مانى زوودا ده‌كرا، له‌به‌رئه‌وه‌ى پێنجوێن به‌هۆى به‌فر و سه‌رماوه‌، ناوچه‌یه‌كى دووره‌ده‌ست بووه‌ و خه‌ڵك زیاتر له‌ وه‌رزى زستاندا‌ و به‌تایبه‌تیش له‌ كاتى به‌فرباریندا، خۆشاویان دروست كردووه‌‌ و خواردوویانه‌“.

گوتیشى: "خۆشاو ئه‌و خواردنه‌یه‌، كه‌ له‌ میوه‌كان دروست ده‌كرێت، وه‌ك هه‌رمێ، به‌تایبه‌تى هه‌رمێى باڵه‌كى‌ و هه‌رێمێ ره‌شه‌، كه‌ له‌ وه‌رزى هاویندا وشك ده‌كرێن، ئه‌مانه‌ تایبه‌تن به‌ خۆشاو، هه‌روه‌ها (قه‌یسى و قۆخ‌ و سێو)ى وشك‌ و (مێوژى ره‌ش و سپى)، جوان ده‌شۆردرێنه‌وه‌‌ و دواتر له‌ناو مه‌نجه‌ڵێكدا، باش ئه‌كوڵێندرێن، بۆ ماوه‌ى نیو سەعات له‌سه‌ر ئاگر داده‌نرێن‌ و پاشانیش سارد ده‌كرێنه‌وه‌".

شه‌وانى كۆنى كورده‌وارى درێژ بوونه‌‌ و وه‌ك ئێستا كاره‌با نه‌بووه‌، بۆیه‌ زۆربه‌ى خێزانه‌كان له‌ ماڵه‌كانى خۆیاندا یان له‌ دیوه‌خانه‌كاندا پێكه‌وه‌ تا دره‌نگانێكى شه‌و، به‌ده‌م خواردنى خۆشاوه‌وه‌، له‌ پێنجوێن، كاته‌كانیان بردووەته‌ سه‌ر.

به‌ وته‌ى خاتوو سۆیبه‌، له‌ كاتى شه‌وچه‌ره‌ى شه‌وانى ماڵه‌كان‌ و پێشوازیى له‌ میوان‌ و رێبواراندا، خۆشاو به‌ زۆرى خوراوه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌ كۆكراوه‌ى میوه‌كان، هاوكات شه‌ربه‌ته‌كه‌یشى خواستى زۆرى له‌سه‌ر بووه‌. كه‌ شه‌ربه‌تێكى هه‌یه‌، هیچ شه‌ربتێكى دنیا تامى شه‌ربه‌تى خۆشاو نادات، بۆیه‌ هیوادارین خه‌ڵك بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خواردنه‌ كورده‌وارییه‌كان‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: "هه‌موو ماڵه‌كان ده‌یانكرد، هه‌میشه‌ زستانان به‌فرى تیا باریوه‌، میوه‌كان له‌ تووره‌كه‌ى خامدا هه‌ڵده‌گیران‌ و لاى زۆپاى دار داده‌نران، تاوه‌كوو هیچ جۆره‌ میكرۆب و به‌كتریایه‌ك پیسى نه‌كات‌ و كارى تێ نه‌كات، میوه‌كان باشییان له‌وه‌دایه‌، هه‌ندێك شه‌كر هه‌یه‌، كه‌ له‌ ترێدایه‌‌ و ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ره‌ به‌ڕاستى له‌ مێوژدا نییه‌“.

روونیشی كرده‌وه‌: "له‌ زستاندا خه‌ڵك زۆر پێویستى به‌ وزه‌ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش زیاتر له‌ مێوژ و گوێزدا هه‌یه‌‌ و تایبه‌تمه‌ندیى خۆیان هه‌یه‌. واته‌ به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى خواردنى خۆشاو تایبه‌ته‌ به‌ وه‌رزى زستان، چونكه‌ له‌ هاویندا میوه‌كان ئاماده‌ دەكرێن‌ و له‌ زستاندا به‌كار ده‌هێندرێن".