بەدرێژایی مێژوو كورد پێگەی بەهێزی هەبووە لە گرتنەدەستی دەسەڵات و پاشایەتی و میرنشینی، یەكێک لەوانەش كەریمخانی زەندە، كە وەک كوردێک توانیویەتی چەندین ساڵ وەک پاشایەک فەڕمانڕەوایی وڵاتێكی وەک ئێران بكات و لە سەردەمی دەسەڵاتیدا دادوەری و ئاسایش سەرانسەری ئەو وڵاتە بگرێتەوە.
لە كۆنەوە هەر دەسەڵاتدارێک هەوڵی داوە جگە لە ئەمن و ئاسایشی وڵات، بایەخ بە ئابووری و بووژانەوە بدەن و سكە و دراوی تایبەت بە فەرمانڕەوایی خۆیان هەبێت، هەروەک كەریم خانی زەند، کە دراوی تایبەت بە خۆی هەبووە و دوای تێپەڕبوونی سەدان ساڵ بەسەر فەرمانڕەوایەتییەكەی، تا ئێستا دراوەكەی پارێزراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، لەسەر گۆڕ و ئارامگای لە شاری شیراز، شمشێر و ئەو كەرستە سەربازییانەی، كە بەكاری هێناون، دانراون.
بەپێی سەرچاوەی زانیاریی مێژوویی، كەریم خانی زەند، كەسایەتیی ناوداری زەندی، كە هۆزێكی گەورەی عەشرەتی (لەكە) و لە گوندێكی ناوچەی مەلایەر لەدایك بووە، ئەو كاتەی نادر شای ئەفشار خاكی لوڕ و بەختیاریی خستە ژێر ركێفی خۆیەوە، كەریم خان دەچێتە ناو ریزی سوپاكەیەوە و پلەكان دەبڕێت تا دەگاتە پلەی سەركردەی سوپا، دوای لەناوچوونی نادرشا، پشێوی و پاشاگەردانی ئێران دەگرێتەوە، كەریم خان توانی لەو بارە دژوارەدا دەسەڵاتی زەندییەكان دامەزرێنێ و فەرمانڕەوایی ئێران بكات، لەگەڵ ئەوەشدا، نەیهێشت پێی بڵێن پاشا، هەمیشە خۆی بە خزمەتكاری گەل زانیوە.
لە ماوەی 33 ساڵی دەسەڵاتی كەریم خانی زەنددا، دادوەری و ئاسایش سەرانسەری ئێران دەگرێتەوە، هەرچەندە كەریم خان نەخوێندەوار بوو، بەڵام لە بەڕێوەبردنی كاروباری دەوڵەتدا لێهاتوو بووە، لەگەڵ دوژمنەكانی نەرمونیان و لێبوردە بووە. لە ساڵی 1779 كۆچی دوایی كردووە، دوای مردنی جارێكی دیكە نائارامی و شەڕ و كوشتار لە ئێراندا سەری هەڵداوەتەوە.