بازاڕە کۆن و مێژووییەکەی ورمێ بازاڕی ورمێ، بە یەکێک لە کۆنترین شوێنەوارە مێژووییەکانی شاری ورمێ دادەنرێت. ئەم بازاڕە لە سەردەمی سەفەوییەکان دروست کراوە. بازاڕەکە دەکەوێتە ناوەندی شار و تەنیشت مزگەوتی ورمێ، ئەو کاتەی دروست کراوە هێندەی ئەمڕۆ گەورە نەبووە، دواتر لە سەردەمی زەندییەکان و قاجار قەبارە و بەشەکانی بازاڕ زیاد کراوە.
لە گۆشەکانی ئەم بازاڕە مێژووییە، حەمامگەلێکیش هەن، کە مێژوونووسان دروستکردنەکەیان بۆ سەردەمی زەندییەکان و قاجارییەکان دەگێڕنەوە. تەلارسازیی بازاڕی ورمێ، بە بەراورد لەگەڵ بازاڕەکانی دیکە زۆر سادەیە، چونکە لە سەردەمی سەفەویدا دروست کراوە. سەرنجڕاکێشانی تەلارسازیی سەفەوی لە سادەییەکەیدایە. بنمیچە قوببەی بەتەنیشت یەکەوە، بازاڕی ورمێیان دروست کردووە. لە بازاڕی ورمێدا کەوانە و قوببە و دەرگای زۆر هەن، بازاڕەکە بە شێوەیەکی لاکێشەیی، كە درێژییەکەی 100 مەتر و پانییەکەی 300 مەترە، بە بەکارهێنانی خشت و بڕێکی کەم لە دار دروست کراوە.
ڕووبەرەکەی نزیکەی 60 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و نزیکەی هەزار دوکان بە بەکارهێنانی جیاواز لەخۆ دەگرێت، ئەو دوکانانەی لەم بازاڕەدا هەن، وەک: (دوکانەکانی شیرەمەنی، ڕیزی زێڕینگەران، ڕیزی فەرشفرۆشان، ڕیزی بۆنفرۆشان، ڕیزی قوماشفرۆشان، ڕیزی مسسازەکان، ڕیزی چەقۆفرۆشان، ڕیزی دوکانەکانی بلووری لەخۆدەگرێت). هەروەها بەهۆی تەمەنی بازاڕەکه، کاروانسەرای زۆر له بازاڕەكەدا هەن، که ئەمڕۆ وەک مەیدانی بارکردن بەکار دەهێنرێن.