رۆڵی مێژوو و ئایین لە دابەشکردنی کۆمەڵگەی کوردستان

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

رۆڵی مێژوو و ئایین لە دابەشکردنی کۆمەڵگەی کوردستان

نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و دیاریکردنی پێگەی مرۆڤ، یەکێکە لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان، کە تانوپۆی کۆمەڵگە بە نادادپەروەری دەتەنێت. ئەم نایەکسانی و چینایەتییە لە دێرزەمانەوە بووە، بەڵام ئاخۆ مرۆڤەکان بەگشتی یەکسانن، یان بە گوێرەی نەتەوە، رەگەز، رەنگ، زمان و ئایین؛ ماف و یەکسانبوونیان دەگۆڕێ؟

 زیاترین ئایینەکان، کەم تا زۆر رۆڵی سەرەکییان گێڕاوە لە مانەوەی ئەو نایەکسانییە لە جیهاندا. ئایینی هیندوو لە شەرعییەتدان بە دابەشبوونی کۆمەڵگە بە چین و توێژی جیاواز و هێشتنەوەی ئەو نادادپەروەرییە، کە بە سیستەمی (کاسێت) ناسراوە، پێش هەموو ئایین و ئایینزاکان کەوتووە.

500 ساڵ بەر لەدایكبوونی مەسیح، سیستەمی کاسێت یەکێک بووە لە تایبەتمەندییەکانی بەشیكی بەرچاو لە کۆمەڵگەی هیندی، کە کۆمەڵگەی بەسەر چوار چیندا دابەش دەکرد و هیچ چینێک بۆی نەبوو بچێتە ناو چینێکی دیکەوە. ئەم سیستەمە بووبوو بە بەشێک لە چارەنووسی هیندییەکان، کە بریتی بوون لە:

- برەهمەنەکان (پیاوانی ئایینی).

- کاشاتریاکان (بەگزادە و پیاوانی دەوڵەت).

- ویسیاکان (ژێردەستەکانی بەگزادە و پیاوانی دەوڵەت).

- سودراکان (نۆکەر و خزمەتگوزارەکان).

- جیا لەم توێژانە، چینێکی دیکە هەبوو، کە وەکوو مرۆڤی سڵپۆت و پیس و ناڕەسەن سەیریان دەکردن، کە بە (پاریا) ناسراو بوون.

 

 هەر کام لەو چینە، یان کاسێتە، بۆ خۆی لەناو خۆیدا بەسەر چەند توێژ و بەشێکدا دابەش دەبوون کە مافی هەرکامەیان دیاریکراو بوون و هیچ توێژ و چینێک بۆی نەبوو لەگەڵ ئەو چینەی هاوشانی نەبوو، قسە بکا، یان هاوسەرگیری بکات، بۆ نموونە، برەهمەن (پیاوی ئایینی) هەر تاوانێکی بکردایە، کەس نەیدەتوانی سزای بدا و ئەگەر برەهمەنێک لە کەسێک تووڕە ببوایە، دەیتوانی لەسێدارەی بدا و تەنیا ئەوان بۆیان بوو کتێبە پیرۆزەکان بخوێننەوە. ئەگەر کەسێک لە چینی خوارەوە گوێی لە کتێبە پیرۆزەکانی ئەو ئایینە بگرتایە، ئاسنیان دەتواندەوە ناو گوێچکەکانی و ئەگەر ئەو کتێبانەی بخوێندایەتەوە زمانیان دەبڕی.

پاریاکان (سڵپۆتەکان) بۆیان نەبوو نزیکی پەرستگە و رێگەسەرەکییەکان و بازاڕە ناسراوەکان ببنەوە و لەناو بیرە گشتییەکاندا نەیاندەتوانی ئاو بخۆنەوە. ئەم دابەشکارییە کۆمەڵایەتییە، تەنیا هیندستان و رۆژهەڵاتی ئاسیای نەدەگرتەوە، بەڵکوو هەمان دابەشکاری بە ناو و شێوازی دیکە، کوردستانی ئەو سەردەمەی دەگرتەوە.

لە كوردستان

بە گوێرەی دەقە مێژووییەکان، لە دێرزەمانەوە تا سەردەمی مادەکان، لەناو کۆمەڵگەی کوردستان، سێ چین و توێژ هەبوون:

یەکەم- پیاوانی ئایینی.

 دووەم- جەنگاوەرەکان.

سێیەم- جووتیاران.

 لە سەردەمی مادەکان چینێکی دیکە بەناوی (پیشەوەران) لە سێ چینەکەی پێشوو زیاد بوو. لە سەردەمی هەخامەنیشینەکاندا، چینێکی دیکە زیاد بوو و کەوتە پێش چینی پیاوانی ئایینی، بە ناوی چینی (گەورەکان)، کە مەبەست لێی پادشا و دەسەڵاتدارانی حکوومەت بوو.

 

ئەم ریزبەندییە لە سەردەمی ئەشکانییەکانیش وەکوو خۆی مایەوە و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهات. لە سەردەمی ساسانییەکان کۆمەڵگە بەسەر چوار چیندا دابەش دەبوو. چینایەتی کۆمەڵگە لەو سەردەمەدا ئەگەرچی پێشینەیەکی مێژوویی هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پیاوە ئایینییەکانی زەردەشتی کە بە (موغ) ناسراو بوون، لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان تا رادەیەک دەستکاریی دەقە پیرۆزەکانی ئاڤێستایان کردبوو، بۆیە بە گوێرەی دەقی ئاڤێستای سەردەمی ساسانییەکان، کۆمەڵگە بەسەر چوار چیندا دابەش دەبوون، کە بریتی بوون لە:

- ئەسوارەکان (موبد و مەلاکان).

- قوشوونەکان (فەرماندەکانی سوپا و سەربازەکان).

- مامۆستایان (فەرمانبەرانی حکوومەت).

- واستریوشەکان (کۆمەڵانی خەڵک).

لەو سەردەمەدا دەستکاریکردنی دەقە پیرۆزەکان و شەرعییەتدان لەپێناو بەرژەوەندیی کەسی، یان پاشای وڵات، بەرجەستە بوو، وەکوو نامەی (تەنسەر) بۆ (گوشنەسب) کە لە سەردەمی ئەردەشێری پاپەکان (پاشای کوردستان لە سەردەمی ساسانییەکان) نووسراوە و مەبەست لێی پاکانەکردنە بۆ بڕیار و کارەکانی ئەردەشێری پاپەکان لای گوشنەسب پاشای تەبەرستان و گەیلان. (نامەکەی تەنسەر، دادوەری گشتیی سەردەمی ساسانییەکان، یەکێکە لە کۆنترین دەقە نووسراوەکانی جیهان لە کوردستانی کەونارا، کە وەرگێڕدراوەتە سەر چەندین زمانی زیندووی جیهان، بەڵام هێشتا نەکراوەتە کوردی.)

ئەو دابەشکارییە کۆمەڵایەتییە لەناو کوردستان و گەلانی دیکەی دەوروبەری کوردستان، دوای هاتنی ئیسلامیش وەکوو خۆی مایەوە. بە گوێرەی ئەو دەق و نووسینانەی لە گەشتیار و گەڕیدە بیانییەکان ماون، لە سەردەمی سەفەوییەکان، کە حوکمی کوردستانیشیان دەکرد و ئایینزای شیعەیان وەکوو ئایینی فەرمیی وڵات راگەیاند؛ کۆمەڵگەی ئەو سەردەمەیان بەسەر سێ چیندا دابەش کردبوو:

یەکەم: ئەربابەکان، واتا بەگزادە و پیاوماقووڵەکانی ناو حکوومەت، لەگەڵ فەرماندەکانی سوپا و حاکمی شارەکان.

دووەم: پیاوانی قەڵەم بەدەست، کە مەبەست لێی ئەو کەسانە بوو، دەستوور و یاسایان دەنووسی، یان دادوەر و قازیی دەوڵەت بوون.

سێیەم: چینی پاڵە، کە بازرگان، پیشەوەران و جووتیارەکانی لەخۆ دەگرت.

دوو لە کۆنترین ئایینەکانی ناو کوردستان، ئایینی یارسان و ئێزدییەکانە، کە لە میهرپەرەستییەوە سەرچاوەی گرتووە و مێژووی بۆ بەر لە هەر سێ ئایینی ئیسلام، کریستیان و جوو دەگەڕێتەوە. ئەگەرچی بەدرێژایی مێژوو گۆڕانکاریی زۆری بەخۆوە بینیوە، بەڵام بیروباوەڕی یارسان و ئێزدی هەمان ئایینی میهرپەرەستییە، کە ئایینی فەرمیی سەردەمی (هورییەکان، هیتییەکان، میتانییەکان، سەکاکان، ئۆرارتوەکان و مادەکان) بووە کە سەرجەمیان دانیشتووی رەسەنی کوردستانی کەونارا بوون.

 یارسان و ئێزدی بە درێژایی مێژوو تا توانیویانە رەسەنایەتیی خۆیان پاراستووە، بەڵام کاریگەریی بیروباوەڕی بابلی، جوو، هیندۆ، زەروانی، زەردەشتییان پێوە دیارە و سەرچاوەی بۆ ئێزدی مێهر، یان میترائیسم دەگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەک چۆن لە ئایینەکانی دیکەدا پیاوانی ئایینی خاوەن پلەی تایبەت بە خۆیانن، کە پێگەی کۆمەڵایەتییان دیاری دەکات، بۆ نموونە لە کریستیان پێگەی قەشەیەک لە پەیڕەوکارێکی ناو کۆڵان جیاوازترە، یان لەناو ئیسلام پێگەی ئایینی و کۆمەڵایەتیی مەلا و شێخ لە پەیڕەوکارێکی ئاسایی بەرزترە؛ لەناو یارسان و ئێزدیشدا پێگەی ئایینی رۆڵی کاریگەری بینیوە لە بەرزکردنەوە، یان کەمکردنەوەی رێز و پێگەی کۆمەڵایەتیی کەسەکان و ئەمە تایبەتمەندیی سەرجەم ئایین و تەنانەت باوەڕە جیهانییەکانە، بەڵام لێکچوونی یارسان و ئێزدی و میهرپەرەستی وەکوو کۆنترین ئایین پێش ئایینی زەردەشتی، بریتین لە:

- شاردنەوەی بیروباوەڕیان کە بە (سڕی مەگۆ) ناسراوە.

- پیرۆزبوونی رۆژی یەکشەممە، کە پێیانوایە رۆژی ئافراندنی مەلەکتاوسە.

- رێزگرتن لە خۆر.

- هاوکات بوونی جەژنەکانیان، وەکوو جەژنی جەمای ئێزیدییەکان و جەژنی میهرگانی میهرپەرەستەکان.

- پیرۆزبوونی ژمارەی هەفت.

- بەڕێوەچوونی نەریتە ئایینییەکانیان لەگەڵ ئامێری مۆسیقا.

-   قوربانیکردنی گا لە نەریت و بۆنەکانیان.

-  خۆشوشتن، یان غوسڵکردن لە کاتی رۆیشتنە ناو شوێنە پیرۆزەکانیان.

هەرچی ئایینەکان مێژوویی و کۆنتر بن، زیاتر تێکەڵی کولتوور و دابونەریتی کۆمەڵگە بوون و رۆڵی زیاتریان لە دابەشکاریی کۆمەڵگەدا گێڕاوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، گرنگترین بابەت لەبارەی یارسان و ئێزدی ئەوەیە، کە لای ئەمان شوناسی مێژوویی و کولتووریی کوردستان پارێزراوترە تا ئایینەکانی دیکە، چونکە باوەڕی یارسان و ئێزدی لە کولتوور و مێژوو و ژینگەی کوردستان وەرگیراوە و رێبەرانی ئایینەکە کورد بوون.