لە گردێکی شوێنەواریی ئیدارەی سۆران پاشماوەی دوو كارگە دۆزرایەوە

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

لە گردێکی شوێنەواریی ئیدارەی سۆران پاشماوەی دوو كارگە دۆزرایەوە

بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، لە دیدارێكی (باسكورد) دەڵێت: "شوێنەوارناسانی زانكۆی كیلی ئەڵمانی، لە نوێترین كنە و هەڵكۆڵینی ئەم وەرزەدا لە شوێنەواری ( گردەدەشت) لە سنووری قەزای ناوەندی سۆران، توانییان پاشماوەی دوو كارگە بدۆزنەوە، كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر.“

 د.عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: "لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، زیاتر لە 1100 شوێنی شوێنەواری تۆمار كراون، یەكێک لەوانەش بریتییە لە شوێنەواری ( گردەدەشت) لە ناحیەی دیانا لە سنووری شارۆچکەی ناوەندی سۆران، كە بە یەكێک لە شوێنەوارە گرنگەكانی دەڤەرەكە و كوردستان دادەنرێت، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر، تائێستا چەندین جار لەلایەن شوێنەوارناسە ناوخۆیی و جیهانییەكان كنە و پشكنینی بۆ كراوە و دەئەنجامی باشی هەبووە".

 ئاماژەی بەوەش دا: "دوای سەردانی تیمێكی شوێنەوارناسانی زانكۆی كیلی ئەڵمانی، بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێمی كوردستان و پێدانی ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردوویان، بۆ ئەنجامی كاركردنیان لە شوێنەواری گردەدەشت، لە ماوەی ڕابردوودا وەرزێكی نوێی كنە و پشكنین، بە هەماهەنگی شوێنەوارناسانی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، لەم ناوچە شوێنەوارییە دەستی پێكرد، لە باكووری شوێنەواری گردەكە لە چینەكانی شارستانییەتی عبید، خۆشبەختانە توانییان شوێنەواری دوو كارگە لە گردەكە بدۆزنەوە".

 ئاشكراشی كرد: "یەكێک لەو كارگانە تایبەت بووە بە دروستكردنی چەقۆی بەردین، لەكاتێكدا ئەو جۆرە بەردە لە ناوچەكانی ئێمە نییە، بەڵكوو ئەو بەردانەیان لە دەریاچەكانی ئورمییە و وان هێناوە، دیارە شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر خەڵكی ئەم ناوچەیە پەیوەندیی ئابوورییان هەبووە لەگەڵ دەوروبەر، هەروەها هونەری تایبەت بە خۆیان هەبووە لە دروستكردنی چەقۆی بەردین، كە بە شێوەیەک بووە، جگە لە پێداویستیی خۆیان بازرگانییان پێوە كردووە".

 بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، گوتیشی: "لە چینێكی دیكەی گردەكە، شوێنەوارێكی كارگەیەكی بچووكی تواندنەوەی كانزای مس دۆزرایەوە، دیارە لە كۆنەوە، واتە لەو سەردەمدا دانیشتوانی ئەم ناوچەیە كەسی زانا و شارەزایان هەبووە، لە دروستكردنی كەلوپەل و پێداویستی لە كانزای مس".