وەلی ڕەحیمی، کەمانچەژەن، ساڵی 1932 لە خێزانێكی کوردی کرمانجی باکووری خوراسان لە تیرەی (عاشیق) لە ناوچەی ئەشخانە لە بۆجنورد لەدایک بووە.
باوکی کەمانچەژەنێکی بەتوانا بووە، ڕەحیمی لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە، لەگەڵ باوکی دەستی بە ڕاهێنان و ژەنینی کەمانچە کردووە، هەروەها لە ژەنینی شێوازی کۆنی کەمانچەدا ناوازە بووە و زۆر ئاوازی ناوچەیی بە باشی و شارەزایانە ژەنیوە.
زۆربەی چالاکییەکانی ڕەحیمی تایبەت بووە بە ژەنینی کەمانچە لەگەڵ گرووپێکی هەشت کەسی، لە مبۆنە و ئاهەنگە خۆشەکانی ناوچەکەدا، بەڵام لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، گرنگیی بە مۆسیقاژەنە دیارەکانی ناوچەکە دەدرا، هاوکات لەگەڵ سۆهراب محەمەدی (ناسراو بە بەخشی و دۆتار نەواز) بۆ فێستیڤاڵە جۆراوجۆرەکان بانگهێشت کراوە، کە دوایینیان فێستیڤاڵی مۆسیقای ناوچەی کرمان بوو لە ساڵی 2003 و لەوێ لەگەڵ مامۆستاکانی دیکە نووسراوێکی رێزلێنانی وەرگرت.
کوردانی کرمانج، کە توانا و شارەزایی ئەو هونەرمەندەیان لە ئامێری کەمانچەدا بۆ دەردەکەوێت، ناسناوی (وەلی عاشیق)ی پێ دەبەخشن. شارەزایی و لێهاتوویی وەلی عاشیق تا ڕادەیەک بوو، کە موزیکزانی ناوداری کورد و کەمانچەژەنی بەتوانای کوردستان و جیهان (کەیهان کەڵهور) بۆ بینینی ئەم هونەمەندە سەردانی گوندی (ئاشخانە)ی کرد و بۆ ماوەیەک لە ماڵەکەیدا مایەوە، تاکوو بتوانێت فێری تەکنیکەکانی ژەنینی (وەلی عاشیق) لە ئامێری کەمانچە بێت.
ڕەحیمی، ئەو هونەرمەندە بەتوانایە، لە تەمەنی 77 ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵ لە ماڵەکەی خۆی لە ئەشخانە کۆچی دوایی کرد.