لە سنووری گوندێكی ناحیەی دیانا 26 شوێنەواری مێژوویی دەدۆزرێنەوە

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

لە سنووری گوندێكی ناحیەی دیانا 26 شوێنەواری مێژوویی دەدۆزرێنەوە

 بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، ئاشكرای كرد: "دەیان شوێنەواری مێژوویی، لە سنووری گوندی بادلیان سەر بە ناحیەی دیانا لە ئیدارەی سۆران دۆزرانەوە و دەخرێنە ڕیزبەندی شوێنەوارەكانی سنوورەكەمان.“

 دكتۆر عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، زانیاریی زیاتری لەوبارەوە بۆ (باسكورد) خستە ڕوو و ڕایگەیاند: "بە هاوكاریی هێزەكانی ئاسایشی قەزای ناوەندی سۆران و دیانا، توانیمان 26 شوێنەواری گرنگ لە سنووری گوندی بادلیان سەر بە ناحیەی دیانا بدۆزینەوە، ئەمەش گرنگ و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بڕیارە بەم نزیكانە لە پڕێس كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا زانیاریی پتر لەوبارەوە بخەینە ڕوو".

بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، گوتیشی: "تا ئێستا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، نزیكەی 1100 شوێن و ناوچەی شوێنەواری و مێژوویی تۆمار كراون، ئەو شوێنەوارانەی ئێستا لە سنووری گوندی بادلیان دۆزراونەتەوە، لەگەڵ شوێنەوارانی پێشووتری ناوچەكە تۆمار دەكرێن و دەخرێنە ڕیزبەندی شوێنەوارییەوە".

 بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، گوندی بادلیان سەر بە ناحیەی دیانا لە سنووری قەزای ناوەندی سۆران، لە ریزبەندی كۆنترین گوندەكانی ناوچەكەیە، لەدەوروبەری چەندین شوێنی قەڵا و شوورای شوێنەواری و مێژوویی بەدی دەكرێن، كە مێژووەكەیان بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەتایبەتیش لە سەردەمی میرنشینی میرانی سۆران، كە فەرمانڕەوایی لە شوێنەكەدا كراوە، بەمەش گوندەكە و دانیشتوانەكەی دیار و ناسراون لە دەڤەرەكەدا.