” بارزانی سەركردەیەكی بەشكۆ بوو، بەڵام زۆر خاكەڕا و میهره‌بانیش دەردەكەوت “
خاتوو مه‌هاباد، نه‌وه‌ی شێخ مه‌حموودی مه‌لیكی باشووری كوردستان و كچى تێكۆشه‌ری ناسراو و دیاری كوردستان شێخ له‌تیفی حه‌فیده و پەروەردەی ئەو ماڵباتە تێكۆشه‌ر و كوردپه‌روه‌رەیە، له 24ى11ى1950 له گوندی سیته‌ك سه‌ر به شارۆچكه‌ی چوارتا هاتووه‌ته دنیا، قۆناغی خوێندنی له شاری سلێمانی ته‌واو كردووه و پاشان كۆلێژی ئه‌ندازیاریی له 1972 خوێندووه و یه‌كه‌م كچ بووه له‌و سه‌رده‌مدا له بواری ئه‌ندازیاریى شارستانی بڕوانامه‌ی له زانكۆی سلێمانی وه‌ربگرێ.
ماڵباتی هێژای شێخان و و ماڵەباوانی مەهاباد خان، وه‌ك خانه‌واده په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تییه‌كی به‌تینیان له‌گه‌ڵ سەركردەی مێژوویی مسته‌فا بارزانی هه‌بووه و خۆی و ئه‌ندامانی خانه‌واده‌كه‌ی چه‌ند جارێك لەنزیكەوە بە دیدار بارزانی شاد بوون و ئاگاداری ئەو په‌یوه‌ندییە بەهێز بووە و له‌گه‌ڵ (شێخ كاوه)ی برایدا، لە تەمەنی منداڵییدا وێنه‌یان له‌گه‌ڵ بارزانیدا گرتووه و یەكێك لەو وێنانە، ئەو وێنەیەیە كە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بڵاو كراوەتەوە، لەو بوارەدا چه‌ند پرسیارێكمان سه‌باره‌ت به‌و رۆژگاره، وەك (باس‌نیوز) له‌گه‌ڵدا وروژاند و بەخۆشحاڵییەوە وەڵامی داینەوە.
(باسکورد) دۆستایه‌تییتان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
مه‌هاباد شێخ له‌تیف: دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ی به‌ڕێزی بارزانییه‌كان و جه‌نابی مه‌لا مسته‌فا زۆر كۆن و له‌مێژینه‌یه و بۆ ده‌مێك ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه، ده‌توانم بڵێم، باووباپیرانمان دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندیی به‌تینیان هه‌بووه، به حوكمی ئه‌وه‌ی هه‌ردوو خانه‌واده‌كه شۆڕشگێڕ و خه‌باتگێڕ و كوردپه‌روه‌ر بوون و یه‌ك ئامانجیان هه‌بووه و بۆ مافی نه‌ته‌وه‌ى كورد و بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان تێكۆشاون و قوربانییشیان داوه و ده‌ربه‌ده‌ر و ئاواره‌یی و راگواستن و زیندانیشیان بینیوە. په‌یوه‌ندییه‌كه زیاتر له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه و په‌ره‌ی سه‌ندووه.
بۆ لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ش، له‌و رووه‌وه دۆستایه‌تییه‌كی توندوتۆڵمان لەسەر بناغەیەكی پتەو هه‌بووه، بۆیه تا ئێستاش ئەو پەیوەندییە به‌شانازییه‌وه درێژه‌ی هه‌یه و وه‌ك خزم و كه‌سوكارمان لێ هاتووه. ئێمه‌ش وه‌ك مام روانیومانه‌ته جه‌نابی مه‌لا مسته‌فا بارزانی و ئه‌ویش به چاوی رێز و وه‌ك برازاى خۆی له ئێمه‌ی روانیوه و به‌رده‌وام رێزی ده‌گرتین و خۆشیده‌ویستین، ئێمه‌ش هه‌میشه رێز و خۆشه‌ویستیی بێپایانمان بۆ جه‌نابیان و خانه‌واده‌كه‌یان هه‌بووه و هه‌یه.
له‌و سه‌رده‌می منداڵییه‌ی ئێمه، هه‌ستمان ده‌كرد ئه‌و دۆستایه‌تییه‌ى له‌گه‌ڵماندا هه‌یانبوو زۆر به‌تین بوو و رۆژ له‌دوای رۆژیش له په‌ره‌سه‌ندندا بوو. دواتریش شۆڕ بووه‌وه بۆ خواره‌وه. به‌دڵنیاییه‌وه دۆستایه‌تییه‌كه‌مان زۆر دێرینه و له سه‌رده‌می شێخ مه‌حموود و شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان په‌ره‌ی سه‌ندبوو، هه‌تا هاتووه‌ته سه‌ر په‌یوه‌ندیی باوكم (شێخ له‌تیف) و جه‌نابی (مه‌لا مسته‌فا)، دواتریش بۆ نه‌وه‌كانیان هه‌تا به ئێستاش ده‌گات، هه‌ر به‌رده‌وامه و درێژه‌ى هه‌یه.
كاتێك جه‌نابی شێخ ئه‌حمه‌د و مه‌لا مسته‌فا و خزم و كه‌سه‌كانیان له‌سه‌ر شۆڕش و كوردایه‌تى راگوسترابوون بۆ شاری سلێمانی، شێخ له‌تیفی باوكم و یاوه‌رانی، به‌رده‌وام له به‌سه‌ركردنه‌وه و هه‌واڵپرسینیان بوون و هاوكارییان پێشكه‌ش ده‌كردن و یارمه‌تییان داون، چونكه ئه‌وان له‌ژێر چاودێریدا بوون تا ده‌ربازبوونی مه‌لا مسته‌فا كه شێخ له‌تیف به هاوكاریی چه‌ند كه‌سێك هه‌وڵى تێدا دا، ئافره‌تێكیش به ناوى (وه‌نه‌وش) پێداویستیى بۆ ئاماده كردبوون و له‌گه‌ڵیان بووه تا له سلێمانییه‌وه به‌ره‌و چیای ئه‌زمڕ و گۆیژه به‌ڕێ كه‌وتوون كە به رێنمایی باوكم بووه. جه‌نابی مه‌لا مسته‌فا هه‌میشه ئه‌و هاوكارییه‌ى شێخ له‌تیفی له‌به‌رچاو بووه و پێزانینی بۆی هه‌بووه، هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه بووه، كه هه‌میشه خانه‌واده‌كه‌مان رێزی تایبه‌تى لای ئه‌و هه‌بووه.
(باسکورد) سه‌ره‌تا چۆن ناوى بارزانی و بارزانییه‌كانت بیست؟
مه‌هاباد شێخ له‌تیف: وه‌ك خۆم، هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه ناوی بارزانییه‌كانم وه‌ك خانه‌واده‌یه‌كی دڵسۆز و تێكۆشه‌رى كوردستان بیستووە، ناوی بارزانییشم وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی شۆڕشگێڕ و كوردپه‌روه‌ر بیستبوو، به‌رده‌وام له‌ناو خانه‌واده‌كه‌ماندا ناوی ئه‌و زاته ده‌هێنرا و باس ده‌كرا. پێشتریش و پێش ئێمه، كاتێك بارزانی و بارزانییه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی كوردایه‌تی و شۆڕش و راپه‌ڕین راگواسترابوون بۆ شاری سلێمانى، بارزانی سه‌ردانی باوكمی ده‌كرد و په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تییه‌كی به‌تینیان هه‌بووه، ساڵانی دواتریش جه‌نابی بارزانی ده‌هاته گوندی سیته‌ك بۆ سه‌ردانی باوكم، باوكیشم به‌رده‌وام سه‌ردانی بارزانیی ده‌كرد. هه‌ر به‌و هۆیه‌وه ئێمه له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه ئاشنای ناوی بارزانی بووین، ئه‌وه‌نده ئازیز بوو له لامان، ته‌نانه‌ت سوێندمان به سه‌ری بارزانی ده‌خوارد، له هزری هه‌مواندا ناوی بارزانی و بارزانییه‌كان چه‌سپیبوو، كه بۆ كورد خه‌بات و شۆڕش ده‌كه‌ن. كاتێك له 1958 بارزانی گه‌ڕایه‌وه، هه‌ر له‌و ساته‌دا بوو له به‌غداوه په‌یوه‌ندیی به شێخ له‌تیفه‌وه كرد و به بۆنه‌ی كۆچی دوایی شێخ مه‌حموودى حه‌فیده‌وه چاوی پێی بكه‌وێت، تا دڵگرانی و پرسه و سه‌ره‌خۆشیی خۆی بۆ له‌ده‌ستدان و كۆچی دوایی باوكی پێ ڕابگه‌یه‌نێت. ئیتر شێخ له‌تیف چووە به‌غدا بۆ سه‌ردانی.
دوای ماوه‌یه‌كیش بارزانی سه‌ردانی سلێمانیی كرد، یه‌كسه‌ر هاته ماڵی ئێمه و سه‌ردانی باوكمی كرد.
(باسکورد) كاتێ كه بارزانی هات بۆ ماڵى ئێوه، چ شتێكی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ت له‌بیره؟
مه‌هاباد شێخ له‌تیف: له‌بیرمه جارێكیان باوكم، من و (كاوه)ی برامى بانگ كرد و گوتى، ئێستا ده‌چین به‌ره‌و پیری كه‌سێك كه بینیتان ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن و بڵێن (بژی كورد و كوردستان)، منیش یه‌كسه‌ر گوتم ئه‌و كه‌سه مه‌لا مسته‌فایه، باوكم بێده‌نگی كردم و نه‌یویست خه‌ڵك بزانێت، بۆ ئه‌وه‌ى كاتێك مه‌لا مسته‌فا گه‌یشت جارێ بحه‌وێته‌وه. پاشان خه‌ڵك له هاتنه‌كه‌ی ئاگادار بكرێته‌وه، به‌ڵام كه چووین به‌ره‌و پیرى، بینیمان خه‌ڵكێكی زۆر، به‌تایبه‌ت خه‌ڵكی سلێمانی له پێشوازیی بارزانیدا بوون كه له خۆشه‌ویستیی ئه‌ودا ئه‌و رێگه دووره‌یان بۆ به‌ره‌وپیری بڕیبوو.
(باسکورد) چیرۆكی ئه‌و وێنه‌یه‌ى تۆ و (شێخ كاوه)ی برات له ئامێزی بارزانیدا، چۆنه و بۆ كه‌ی و بۆ كوێ ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
مه‌هاباد شێخ له‌تیف: ئه‌وه ئه‌و كاته‌یه كه جه‌نابی بارزانی له رووسیا گه‌ڕایه‌وه و پاشان له رۆژی 23ی10ی1958 مه‌لا مسته‌فا دانی ئێواره گه‌یشته شارى سلێمانی و له ماڵى ئێمه‌دا له گه‌ڕه‌كی كانێسكان میوان بوو، من و كاوه‌ی برام، كه ئه‌وكات منداڵ بووین، من 8 ساڵ و كاوه 7 ساڵ ته‌مه‌نمان بوو، وه‌ك رێزلێنان جگه‌ره‌مان ده‌گێڕا، كه گه‌یشتینه لاى بارزانی، جه‌نابیان باوه‌شی پێدا كردین و توند له‌ئامێزی گرتین، ئیتر له‌و كاته‌دا ئه‌و وێنه‌یه‌یان چركاند، وێنه‌یه‌كى زۆر جوانى گرنگ و مێژووییه و شانازیی پێوه ده‌كه‌ین.
ئه‌و شه‌وه هه‌موو كه‌سایه‌تییه ناسراو و به‌رزه‌كان، به كه‌سه كومه‌ڵایه‌تییه‌كان و به رووناكبیران و رۆشنبیرانى شاری سلێمانی، له خۆشه‌ویستییاندا بۆی، پۆل پۆل له ماڵى ئێمه‌دا ده‌هاتنه سه‌ردانی مه‌لا مسته‌فاى بارزانی.
ئه‌وه‌ى له یادم بێت، له‌و كاته‌دا له خۆشه‌ویستییاندا بۆ بارزانی له‌لایه‌ن ئاماده‌بوانه‌وه پێشبڕكێ بوو، بۆ سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه و وێنه‌گرتنى یادگاری له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فادا، ئه‌و خه‌ڵكه زۆر تامه‌زرۆی بینینی بارزانی بوون و زۆر تامه‌زرۆ بوون وێنه‌ی له‌گه‌ڵدا بگرن و خۆشحاڵ بوون به بینینی بارزانی وه‌ك سه‌رۆك و رابه‌ر.
(باسکورد) كاتێ بارزانییت بینی، هه‌ستت كرد كه‌سێكی چۆنه؟ چیت لێی بینی؟
مه‌هاباد شێخ له‌تیف: كاتێك بارزانییم بینی، هه‌ستم كرد سه‌ركرده‌یه‌كی زۆر خاكی و له‌خۆبردوو، زۆر به‌ڕێز و به‌نرخه، هه‌رچه‌نده زۆر هه‌یبه‌ت و شكۆی هه‌بوو، كه‌چی زۆر میهره‌بان و ساده و خاكەڕا ده‌رده‌كه‌وت، له هه‌مان كاتیش‌دا به چاوی رێزه‌وه له هه‌موو خه‌ڵكی ده‌ڕوانی.
(باسکورد) چه‌ند جار جه‌نابی مه‌لا مسته‌فا بارزانیت بینیوه؟
مه‌هاباد شێخ له‌تیف: پێنج بۆ شه‌ش جار بینیومه، هه‌موو كاته‌كان هه‌ر له حاجی ئۆمه‌ران بینیومه، جگه له‌و جاره‌ی كه ئێمه منداڵ بووین له 1958 هاته سلێمانی و له ماڵی ئێمه میوان بوو. جاره‌كانی دیكه له حاجی ئۆمه‌ران بینیومه و ده‌چووینه ماڵی كاك ئیدریس بارزانیى ره‌حمه‌تی، له‌وێ میوان ده‌بووین و پاشان چاومان به جه‌نابی بارزانی ده‌كه‌وت.
كاتێك له لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه، له رێگه‌ی چه‌ند مه‌لایه‌كه‌وه هه‌وڵى كرده‌وه‌یه‌كى تیرۆریستی ده‌رهه‌ق به بارزانی درا و بارزانی به سه‌لامه‌تی رزگارى بوو، خه‌ڵكی كوردستان له خه‌مى بارزانیدا سه‌ردانیان ده‌كرد، ئێمه‌ش له‌و ساته‌وه‌خته‌دا له په‌رۆشیی سه‌لامه‌تیی به‌ڕێزیان چووین بۆ حاجی ئۆمه‌ران و سه‌ردانمان كرد، ئه‌ویش خۆشحاڵ بوو به‌و سه‌ردان و هه‌واڵپرسین و پشتگیری و پشتیوانییه‌ی خه‌ڵكی كوردستان. ئێمه له خه‌می ئه‌ودا بووین. بارزانی بۆ ئێمه پشتوپه‌نا بوو، هه‌میشه وه‌كوو منداڵی خۆی سه‌یری من و خوشكه بێباوك و بێنازه‌كانمی ده‌كرد، هه‌رگیز ئه‌وه‌مان له‌بیر ناچێت.
(باسکورد) خۆتان ده‌چوونه سه‌ردانی، یان جه‌نابی بارزانی به‌دوایدا ده‌ناردن؟
مه‌هاباد شێخ له‌تیف: دوای كۆچى دوایی شێخ له‌تیفی باوكم له 12ی5ی 1972، جه‌نابیان یه‌ك دوو جار داوای بینینمانی كرد و خۆشمان چه‌ند جارێك سه‌ردانی به‌ڕێزیانمان كرد، كه سه‌ردانمان ده‌كرد به زووترین كات ده‌گه‌یشته لامان، به 10 خوله‌ك یان كه‌متر ده‌هاته سه‌ردانمان، به‌تایبه‌ت له ماڵى كاك ئیدریس. ئیتر بارزانی ئه‌وه‌نده رووی ده‌داینێ، ئێمه شه‌رممان له دڵدا نه‌ده‌ما، چونكه بارزانی له‌گه‌ڵمان زۆر میهره‌بان و له‌خۆبردوو و ساده بوو.
(باسکورد) بارزانی پرسیاری چی لێ ده‌كردن؟
مه‌هاباد شێخ له‌تیف: پرسیارى ژیان و گوزه‌رانمانی ده‌كرد و ده‌یگوت چیتان پێویسته و چیتان ده‌وێ؟ به‌رده‌وام لێی ده‌پرسینه‌وه، به‌ڵام سوپاس بۆ خودا دایكم وای فێر كردبووین، كه هیچ كات داوای شت نه‌كه‌ین و هیچ وه‌رنه‌گرین، ئێمه ته‌نیا رێز و پشتگیریمان ده‌ویست، ئه‌و رێز و پشتگیرییه‌ی جه‌نابی بارزانی له ئێمه، گه‌وره‌ترین شه‌ره‌ف بوو بۆ ئێمه، چونكه پشتوانێكی گه‌وره‌مان بوو، هه‌میشه له خه‌می ئێمه‌دا بوو.
(باسکورد) بارزانیه‌كان وه‌فا و پێزانینیان چۆن بوو به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی؟
مه‌هاباد شێخ له‌تیف: ئه‌وان به‌وه‌فا بوون، بۆ نموونه، زۆر وه‌فایان هه‌بووه بۆ حه‌مه پیزه، هه‌میشه به‌بێ رێگریكردن حه‌مه پیزه سه‌ردانی ده‌كردن و یارمه‌تییان ده‌دا و ئاگایان لێى بوو، ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاو بوو، كه ئه‌و پیاوه له ده‌ربازكردنی بارزانیدا له سلێمانییه‌وه بۆ بارزان رۆڵى هه‌بووه و هاوكاری بارزانی بووه.
بنه‌ماڵه‌ی بارزانی لایه‌نی عه‌شیره‌تی و مۆركی ره‌سه‌نی كورده‌وارییان پاراستووه، هۆزی ره‌سه‌ن هه‌میشه وه‌فاداره و پێزانینیان هه‌یه بۆ لایه‌نی به‌رامبه‌ر، وه‌ك هه‌موو بنه‌ماڵه‌یه‌كی ره‌سه‌ن هه‌ندێ پابه‌ند بوون و خه‌سڵه‌تی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. له‌و روانگه‌یه‌وه، بنه‌ماڵه‌ی بارزانی وه‌فایان هه‌بوو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی، كه دۆستایه‌تییان كردوون، یا رۆژێ له رۆژان هاوكار و پشتیوانیان بوون، له به‌رامبه‌ردا ئه‌وانیش ئه‌مه‌ك و وه‌فا و پێزانینیان بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌یان هه‌بووه.
(باسکورد) سه‌باره‌ت به سەرۆك مه‌سعود بارزانی و خوالێخۆشبوو كاك ئیدریس بارزانی چی ده‌ڵێت؟
مه‌هاباد شێخ له‌تیف: به گشتی سێ چوار جار جه‌نابی كاك مه‌سعود بارزانییم بینیوه، كه‌سێكی زۆر به‌ڕێزه، هه‌رگیز بڕوا ناكه‌م هیچ كاتێك كاك مه‌سعود له هێڵى كوردایه‌تی لایدابێ، یا لابدات، ئه‌وه‌نده كوردستان و نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆش ده‌وێت، كه هیچ شتێك نیه كاریگه‌ریی بكاته سه‌رى و له‌و رێبازه نه‌ته‌وه‌ییه و له هه‌وڵ و هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌ییانه‌كه‌ی ساردی بكاته‌وه.
له ڕابردوودا زیاتر په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ خوالێخۆشبوو كاك ئیدریس بارزانیدا هه‌بوو. ئه‌ویش به هه‌مان شێوه تێكۆشه‌رێكی راسته‌قینه‌ى كوردایه‌تی بوو، خه‌مخۆری كوردایه‌تیى راسته‌قینه بوو، ئێستاش دێته‌وه بیرم، كه چه‌نده كه‌سێكی به‌ڕێز و به‌نرخ بوو، خۆشه‌ویست بوو، هه‌روه‌ك كاك مه‌سعود، كه له‌گه‌ڵ كاك ئیدریس داده‌نیشتم وام ده‌زانی كه چل ساڵه ده‌یناسم، له‌گه‌ڵ ئێمه زۆر ئاشنا و دۆست بوو، به‌هۆی نازدارخانی هاوسه‌ریه‌وه، كه خه‌ڵكی سلێمانی بوو، زۆرمان خۆشده‌ویست، كه هه‌ر له سه‌رده‌می شێخ مه‌حمووده‌وه دۆستایه‌تییه‌كی به‌تینمان له‌گه‌ڵ ماڵی حه‌مه‌ی ئه‌وڕه‌حمان ئاغای باوكی‌دا هه‌بووه و زۆر تێكه‌ڵ بووین. بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناسراو و كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره و به‌ناوبانگ بوون.
له ساڵى 2010 سه‌ردانی جه‌نابی كاك مه‌سعود بارزانییم كرد، پێشتریش دوو سێ جار له‌گه‌ڵ دایكم (ته‌ڵاخان) و هه‌ردوو خوشكه‌كه‌م سه‌ردانم كردبوو. كاك مه‌سعود كه‌سێكی زۆر هێمن و میهره‌بان و له‌سه‌رخۆ و به‌ڕێزه.
(باسکورد) چۆن وەسفی بارزانیی نەمر ده‌كه‌یت؟
مه‌هاباد شێخ له‌تیف: جه‌نابی مه‌لا مسته‌فا سه‌ركرده‌یه‌كی به‌هێز بوو، به‌ڕاستی سه‌ركرده‌یه‌كی خۆڕسك بوو، واته كه‌سێك دروستی نه‌كردووه و نه‌یكردووه‌ته سه‌ركرده، به‌ڵكوو به هه‌وڵ و تێكۆشان و خه‌بات و قاره‌مانێتیی خۆی و بنه‌ماڵه شۆڕشگێڕه‌كه‌ی بووه به سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازی كورد و كوردایه‌تى. سه‌رۆكێكی به بیروباوه‌ڕ و نه‌ته‌وه‌یی بووه و ئه‌زموونێكی باشی هه‌بووه، به حوكمی ئه‌وه‌ی كه هه‌ر له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نییه‌وه چ وه‌ك خۆی، چ وه‌ك خانه‌واده‌كه‌ی، ته‌نیا هه‌ڵقوڵاوی بیری نه‌ته‌وه‌یی و كوردایه‌تی بوون و ئه‌زموونی له‌وانه‌ی پێشتری خانه‌واده‌كه‌ی وه‌رگرتووه، بۆیه له‌و روانگه‌یه‌وه شاره‌زایی باشی په‌یدا كردبوو، یه‌كێك له سیمبول و كارێزما هەرە گه‌ورەكانی كورد و كزردستان، مه‌لا مسته‌فا بارزانییه.