پەرتووكی "فەرهەنگ و كەلەپووری كوردەواری" چاپ و بڵاو كرایەوە

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

پەرتووكی "فەرهەنگ و كەلەپووری كوردەواری" چاپ و بڵاو كرایەوە

 ئەم پەرتووكە لە نووسین و ئامادەكردنی "مەلا محەمەدی چاڵی"یە و بەرهەمی ئەم ساڵە، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكراوەكانی سۆران، چاپ و بڵاو كراوەتەوە و كەوتووتە بەر دیدی خوێنەران.

 ناوەڕۆكی پەرتووكی "فەرهەنگ و كەلەپووری كوردەواری" بەشێوەی زمانی هەڵبەست نووسراوەتەوە و لەگەڵ پیشاندانی وێنە و پێناسەیەك بۆ ئەو كەرستە كولتووری و كەلەپوورییانەی لە سەردەمانی كۆن و ڕابردوودا لە كۆمەڵگەی كوردی بەكار هاتوون، كە ئێستاش بەشێك لەو کەرستانە ماونەتەوە و پارێزگارییان لێ كراوە، هەروەها باس لە دەستڕەنگینیی هونەری ئەوانەش كراوە، كە ڕۆڵیان هەبووە لە دروستكردن و بەكارهێنانیان".

 لای خۆیەوە، سەلیم مستەفا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی سۆران، لە دیدارێكیدا بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: "ئەگەرچی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان نوێیە و تازە كراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمساڵ، واتە لە چەند مانگی ڕابردووی 2024 تائێستا لە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان توانیومانە زیاتر لە 25 پەرتووكی نووسەرانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چاپ و بڵاو بكەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند پەرتووكێكی دیكەمان لەبەردەستن، بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیك بە چاپیان بگەیەنین، بەمەش تاكە بەڕێوەبەرایەتین لە ماوەیەكی وا كورتدا هێندە كار و چالاكیمان هەبێت".

 گوتیشی: "یەكێك لە پەرتووكەكانیش، كە چاپ و بڵاومان كردەوەتەوە، بە ناونیشانی (فەرهەنگ و كەلەپووری كوردەواری)یە لە نووسین و ئامادەكردنی (مەلا محەمەدی چاڵی)، كە كەوتووتە بەر دیدی خوێنەران، باس لە فەرهەنگ و كولتووری ناوچەكە دەكات، هەروەك ئەو جۆرە كتێبانە خوێنەری تایبەت بە خۆیان هەیە".

 بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی سۆران، ئاماژەی بەوەش دا: "ئەو پەرتووكانەی، كە بۆ نووسەران چاپ و بڵاویان دەكەینەوە، ژمارەیەكی دیاریكراویان لە کتێبەکان پێ دەدەین، ئەوانی دیكەش لە پێشانگاكانی كتێب دەخەینە ڕوو، هەروەها لە پەرتووخانەكان خوێنەران دەتوانن بەدەستیان بهێنن و سوود لە خوێندنەوەیان وەربگرن."