بەشێک لە شیعرەکانی ڕامیار مه‌حموود، نووسه‌ر و شاعیری كورد، وەرگێڕدراونەتە سه‌ر زمانی فارسی و لە دووتوێی پەرتووکێکدا چاپ کراون.
پەرتووکەکە هەر زوو جێی خۆی لە دڵی ڕۆشنبیران و ئەدیبان و خوێنەرانی ئەو وڵاتەدا کردووەتەوە و میدیاكانی ئێران بە بایه‌خه‌وه باس له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه ئەدەبییە ده‌كه‌ن.
شیاوی باسە، چەندین ڕۆژنامە و ماڵپه‌ڕ و ده‌زگای میدیایی فارسی و ئێرانی، هه‌واڵی چاپ و بڵاوبوونه‌وه‌ی بەرهەمی شیعریی ئه‌و شاعیره‌ی كوردەی باشووری کوردستانیان بڵاو كردووەتەوە و بە بایەخەوە باسیان لە ناوه‌ڕۆكی به‌رهه‌مه‌كه كردووە و بەو هیوایەی، کە لە نێوەندی ئەکادیما و ئەدەبیاتی ئێرانی‌دا تاوتوێی بکرێت و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بنووسرێت.
به‌رهه‌مه‌كه بژاردەی کۆبەرهەمە شیعرییەکانی نووسەرە، کە لە ساڵی 2021 بە ناونیشانی (من شەوێکی دڵتەنگم هەیە) لە دووتوێی پەرتووکێکی 527 لاپەڕەییدا چاپ کراوە. ئێستا له‌لایه‌ن سه‌عید فه‌لاحی، كه به (زانا كوردستانی) ناسراوه، وەرگێڕدراوەتە سه‌ر زمانی فارسی و له‌لایه‌ن (ده‌زگای چاپی هورموز) لە دووتوێی 222 لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه.
كتێبه‌كه له‌م مانگه‌دا چاپی یه‌كه‌می لێ بڵاو بووه‌ته‌وه و هه‌زار دانه‌ی لێ چاپ كراوه، له دامه‌زراوه‌ی په‌رتووكناسیی نیشتمانیی ئێران ژماره‌ی سپاردنی 9793960ی پێ دراوه، ئێستا له كتێبخانه‌كانی ئێران خراوه‌ته به‌ر دیدەی خوێنه‌ران.
ناوی كۆبه‌رهه‌می شیعریی ئه‌و نووسه‌ره به زمانی كوردی بریتییە لە (من شه‌وێكی دڵته‌نگم هه‌یه)، كه سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه شیعرییه‌كانی ئه‌وی له‌نێوان ساڵانی 1997 تا 2021 گرتووه‌ته خۆ، بەڵام لە وەرگێڕانە فارسییەکەدا تەنیا بەشێک لە شیعرەکان وەرگێڕدراون و هەر بۆیەش قەبارەکەی بچووکترە.
ناونیشانی فارسییه‌كه (نمیخاهم در وجودی ا‌دم دیگر خفی شوم)، كه كوردییه‌كه‌ی ده‌بێته (نامه‌وێت له‌ناو وجوودی كه‌سێكی دیكەدا ون بم)
كاروان مه‌حموود، ناسراو به ڕامیار مه‌حموود، له ساڵی 1974 له سلێمانی له‌دایك بووه و یەکێکە لە نووسەر و شاعیرە دیار و ناسراوەکانی کورد، کە بە شاعیری مۆدێرنی کوردی ناسراوە و خوێندنی بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە و دامەزرێنەری گۆڤاری (گوتار) بووە بۆ لێکۆڵینەوە لە ساڵانی 1997 تا 1999. هەروەها خاوەنی چەندین بەرهەمی فیکری و ئەدەبییە، کە دیارترینیان ئەمانەن: (چەنگەڵ، کتێبی شیعر 1998)، (لە سەرما ئاژاوەیەک هەیە بۆ خۆکوشتن، کتێبی شیعر 2001نما- هەولێر)، (وەرنە دەرەوە لە ژیان، کتێبی شیعر- دەزگای سەردەم 2008)، (زمانم ئەگەڕێنمەوە ناو دڵم، کتێبی شیعر، ساڵی 2016 - هەولێر ماڵی وەفایی)، (من شەوێکی دڵتەنگم هەیە، کۆبەرهەمی شیعر 2021 دەزگای کوردڕاوم)، هەروەها خاوەنی سێ بەرهەمی فیکرییە بە ناونیشانەکانی (بەعسیزم وەک بکەری مۆدێرنیزم، لێکۆڵینەوەی هزری، ساڵی 2016 سلێمانی)، (هونەری شێوەکاری مۆدێرن- دەزگای ئایدیا 2018)، هەورەها (کارڵیکی هزر).
