ساڵانە، بەتایبەت لە کاتی بۆنە و جەژنەکاندا، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووریش دەڵێت، ناوچە شوێنەوارییەکان تاڕادەیەکی باش رۆڵیان لە ڕاکێشانی ئەو گەشتیارانەدا ھەیە.
کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: "لە ھەرێمی کوردستان ھاوشانی ناوچە گەشتیارییەکان، ژمارەیەکی زۆری ناوچەی شوێنەوارییش ھەن، کە جێی سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەن و مێژووی ھەزار ساڵەیان ھەیە".
گوتیشی: "لە وڵاتان بەتایبەت ئەو وڵاتانەی، کە بایەخ بە کەلەپوور و شوێنەواریی خۆیان دەدەن، مۆزەخانە و ناوچە شوێنەوارییەکانیان کردووەتە بەشێکی سەرەکیی گەشتیاری، کە ھەم ڕۆڵی لە ناساندنی مێژووی خۆیان ھەیە، ھەمیش بەشێکی سەرەکی داھاتی وڵاتییانی پێ دابین دەکەن، بۆیە ئێمەش دەمانەوێت ئەو بەرنامە و پلانە جێبەجێ بکەین".
باسی لەوەش کرد: "ئێستا لە قۆناغی سەرەتایی ئەو بابەتەداین و تا ڕادەیەکیش گەشتیاران سەردانی ناوچە شوێنەوارییەکان دەکەن، بەڵام لە ئاست خواستی ئێمەدا نیە، بەتایبەت کە ھەرێمی کوردستان بۆ گەشتیاریی شوێنەواری زۆر گونجاوە، بۆیە پلان و بەرنامەیەکی گونجاوی بایەخدانی زیاترمان بەو بوارە ھەیە".
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور ئاماژەی بەوە دا: "بەپێی ئەو پلانەی بۆ پێشخستنی گەشتیاریی شوێنەواری دامانناوە، لە سنووری ھەر پارێزگا و ئیدارەیەک شوێنێکی شوێنەواری دیاری کراوە بکرێتە گەشتیاریی شوێنەواری، لە پلانەکە ڕەچاوی خزمەتگوزاری وەک ڕێگاوبان و حەوانەوە و پێویستییەکان کراوە، کە بە دڵنییایەوە دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی باش بۆ ئەوەی ھانمان بدات لە زۆربەی ناوچە شوێنەوارییەکانی دیکەش ئەو پلان و بەرنامە و پڕۆژەیە جێبەجێ بکەین".