سێ قوببەکەی شاری ورمێ... تاوەرێک لەسەر گۆڕدەخمەیەکی کۆن

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

سێ قوببەکەی شاری ورمێ... تاوەرێک لەسەر گۆڕدەخمەیەکی کۆن

 ئەم تاوەرە لە سێ قوببە پێکهاتووە، کە گۆڕێکی ستوونی و بازنەییە و لە بەرد و خشت دروست کراوە. تاوەرەکە بە فەرمانی (شیث قاتە ئەلموزەفەری) یەکێک لە فەرمانڕەواکانی سەلجووقی دروست کراوە.

 بەپێی ئەو نووسراوەی لەسەر ئەم بینایە هەیە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر و بۆ ساڵی ٥٨٠ی کۆچی.

ئەم تاوەرە بە یەکێک لە بەنرخترین بیناکانی سەردەمی سەلجووقییەکان ناسراوە، بەگشتی سێ قوببە بە بەرزیی ٩ مەترییەوە ناسراون، بەڵام جگە لەم تایبەتمەندییە، بوونی دیکۆراتی بەرد و کاری هەڵکەندن و نەخشی سەرنجڕاکێش ئەم بینایەی لە نموونە هاوشێوەکان جیاکردووەتەوە.

 خانیکۆف رووسی، ڕۆژهەڵاتناس و جوگرافیناس، کە نووسراوەکەی سەر دەری ئەم تاوەرەرەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی رووسی و فارسی، روونی دەکاتەوە، بەپێی ئەو نووسراوەی لەسەر دەرگای چوونە ژوورەوەی ئەم تاوەرە هەیە، لە سێ قوببەی بە شێوەی ستوونییە، کە بەرزییەکەی ١٣ مەتر و تیرەکەی ٥ مەترە.

 هەروەها دەشڵێت؛ ئەم بینایە لە سەکۆیەک و بەردێکی درێژ پێکهاتووە، کە ئەگەری زۆری هەیە گۆردخمەیەکی کۆنی تێدابێت و بینایەکی خشتی لەسەرەوەی ژوورەکەیە، کە گۆڕی دیکەی تێدایە. بەشی پێشەوەی بیناکە بە شێوەی چوارچێوەیەکی لاکێشەیی لە دیواری بیناکە دیزاین کراوە. ئەم تاوەرە دوو نهۆمی هەیە و لە هەردوو لای باکوور و باشووریدا ڕووناکی دانراوە. ئەو رووناکییانە بە یارمەتیی چوار دکتەوە بە نهۆمی سەرەوە و خوارەوە بەستراونەتەوە.

 نهۆمی یەکەم له سێ قوببه، که به ناوی (سەرداب) له نهۆمی دووهم به شێوەی کەوانەیی جیاکراوەتەوه و له ڕێگه ی دەرگایەکی ئاسنی بچووکەوه دەتوانرێت بگەینەوە، که قەبارەی یەک مەتر ٧٠ سانتیمەترە.

 نهۆمی دوویەمی بیناکه، که ناوی (گۆڕ)ی لێنراوه و له سەرداب دروست کراوه، دەتوانرێت له ڕێگەی دەرگایەکی دار بە بەرزایی دوو مەتر و نیوەوە بچێته ژوورەوه.

 لە بەشی خوارەوەی ئەم قویبە تا بەرزی سێ مەتر و ٦٠ سەنتیمەتر بەردی بڕاوی خۆڵەمێشی بەکار هاتوون و لەم بەشەوە بەرەو سەرەوە خشتی چوارگۆشە بەکار هاتوون. لەناو تاوەرەکەدا، گۆڕ و گۆردخمە بە شێوەیەکی چوارگۆشە دیزاین کراون و لەناو تاوەرێکی ستوونی دانراون. سەقفی گۆڕەکە شێوە قویبەیی هەیە و خشتەکانی بە شێوەی ئەڵقەیەک لەدەوری یەک ڕێک خراون.

 سێ قوببە، لەڕابردوودا دەکەوتنە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری ورمێ، بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی شارەکەدا، ئەم شوێنەوارە مێژووییە ئێستا لە ناوەندی شارەکەدا هەڵکەوتووە و سەرنجی توێژەران و گەشتیارانی بۆ لای خۆی راکێشاوە.