ئەم پەرتووكە بریتییە لە توێژینەوە و كاری مەیدانیی چیرۆكی فۆلكلۆریی منداڵانی كورد، لە ئامادەكردنی (هەینی كەمال محەمەد و كەنار سەباح خاڵند)، كە هەردووكیان دەرچووی بەشی زمان و ئەدەبی كوردین، پەرتووكەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكراوەكانی سۆران، چاپ و بڵاو كراوەتەوە و كەوتووەتە بەر دیدی خوێنەران.
هەینی كەمال، یەكێك لە نووسەر و ئامادەكارانی پەرتووكەكە بە (باسكورد) ڕاگەیاند: "ئەدەبی فۆلكلۆری لای هەموو نەتەوەیەك گرنگی و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، لەناو ئەدەبی فۆلكلۆریش، ئەدەبییاتی منداڵان ڕۆڵێكی بەرچاو دەبینێت، بۆیە لەم توێژینەوەیەدا، زیاتر پڕژاوینەتە سەر فۆلكلۆری منداڵان، بەتایبەت چیرۆك و حیكایەت".
گوتیشی: "هەروەك لە ناوەڕۆكی ئەم پەرتووكە چەند پرسیارێكمان خستووەتە ڕوو، لەوەی ئایا چیرۆك و حیكایەت چ جیاوازییەكیان هەیە، قۆناغی منداڵیی چۆنە؟ ئاستی تەمەن، لایەنی هزر و خەیاڵ. ئەوانە و چەند پرسیارێكی دیکە." گوتیشی: "هەوڵمان داوە وەڵامیان بدەینەوە، حیكایەتیش چەندین جۆری هەیە، وەك: (پەندئامێز، پەروەردەیی، گاڵتەوگەپ، دانایی، ئامۆژگاری)".