سەید محەمەدی سەفایی.. بۆچی لە زیكری تەكێی شێخانەوە چووە كۆڕی سترانبێژان؟

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

سەید محەمەدی سەفایی.. بۆچی لە زیكری تەكێی شێخانەوە چووە كۆڕی سترانبێژان؟

کوردستان لانکەی چڕین و گۆرانییە؛ ناوەندی هۆرە و سیاچەمانە و بەیت و حەیرانە. تا ئێستاش کووچە و کۆڵانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پڕن لە چریکە و گۆرانیی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، حەسەن زیرەک، محەمەدی ماملێ و گرووپی کامکارەکان.

لەپاڵ ئەم کەڵەهونەرمەندانە، زۆر هونەرمەندی دیكە هەن، کە دنیای گۆرانیی کوردییان رەنگینتر کردووە و تەمەنیان لەپێناو هونەر و شاییبەخشین بە خەڵک بەخت کردووە، کە یەکێکیان سەید محەمەدی سەفاییە. ئەم هونەرمەندە ئەستێرەیەکی درەوشاوەیە لە ئاسمانی مۆسیقا و گۆرانیی رەسەنی کوردیدا.

لەناو خەڵک وا بڵاو بووەتەوە، کە گوایە سەید محەمەدی سەفایی پێشتر لە تەكیەی شێخێكی بەناوبانگی كوردستان دەروێش بووە، سەفایی حەز لە كیژێكی زۆر جوان دەكات و شێخ دەنێرێت بۆ خوازبێنیی كچەكە؛ بەڵام كاتێ‌ شێخ دەچێ و دەبینێ کچەکە زۆر جوان و نازدارە، خۆی حەزی لێ دەكات و بۆ خۆی داوای دەكات، ماڵی كچەکەش بەهۆی شێخایەتی و دەوڵەمەندییەوە، کچەکەیان بە شێخ دەدەن، بۆیە سەید محەمەد سەفایی تووڕە دەبێت و دەست لە دەروێشی هەڵدەگرێت و بڕیار دەدات لە ڕقی شێخ ببێت بە گۆرانیبێژ و دەچریکێنێ:

‎ڕیشەكەم تاشی پرچەكەم لە بێخ

‎بەرماڵ و تەزبیحم ناردەوە بۆ شێخ

‎وتم یا شێخ گیان من تۆبە ناكەم

‎بەڵكوو تا جوانم، یەكێك پەیا كەم

 

تەنانەت ئەو دەفەی تا كۆتایی ژیانی گۆرانیی پێ دەگوت، هەمان دەفی زەمانی دەروێشیی بووە، وەك تۆڵەكردنەوەیەك لە شێخەکەی.

(محەمەد ئەحمەدی) ناسراو بە سەید محەمەدی سەفایی ساڵی ١٩٣٣ لە گوندی (بلووز)ی سەر بە سەفاخانەی ناوچەی هەوشار لەدایک بووە. باوکی ناوی سەید مستەفا بووە و سەر بە بنەماڵەی پیرخدری شاهۆ بوون. باوکی چوار ژنی هەبووە، بەڵام سەید محەمەد لای باوەژنی گەورە دەبێ.

ماڵباتەکەیان خاوەن تەکیە بووە، بۆیە سەیدمحەمەد هەر لە تەمەنی گەنجێتییەوە دەبێتە دەروێش و لەگەڵ خۆی مەلایەک و چەند دەروێش و دەفێک دەبات و گوند بە گوند خەریکی دەفژەنین و ئامۆژگاریی ئایینی دەبن، بەڵام ئەنجامی نابێ و لە ماڵی (حەمەسدیق خان)ێک لە باشووری کوردستان دەستەبەرداری دەروێشی دەبێ و دەست دەکات بە گۆرانی چڕین.

ئەم هونەرمەندە خاوەن جووڵە و ستایلی تایبەت بە خۆیەتی، کە پێشتر لە کاری هیچ هونەرمەندێکی دیكەی کورد نەبینراوە. لە تاران لەگەڵ حەسەن زیرەک ماڵێک لە شەقامی (ئاریانا)ی تاران بە کرێ دەگرن و لە رادیۆی کوردیی تاران گۆرانی دەچڕن. ماوەیەکیش لە کرماشان لەگەڵ حەسەن زیرەک پێکەوە دەبن لە رادیۆی کوردیی کرماشان.

سەید محەمەد سەفایی بۆ ماوەی ساڵێک دەچێتە بەغدا و لەگەڵ حەسەن زیرەک و تایەر تۆفیق و عەلی مەردان لە رادیۆی کوردیی بەغدا دەچڕن و بە قسەی خۆی عەلی مەردان زۆر یارمەتیدەری بووە لە فێربوونی گۆرانییەکانیدا.

سەید محەمەد سەفایی لە ژیانیدا سێ جار هاوسەرگیریی کردووە و لە چەندین شاری وەکوو تیکاب، شاهین قەڵا، بۆکان و سەقز ژیاوە. زیاترین گۆرانییەکانی لەناو ماڵ و دیوەخانەکانی ناوچەی (هەوشار، تیلەکۆ و هەوەتوو) تۆمار کردووە. گۆرانییەکانی فۆلکلۆرن و لە زیندووکردنەوەی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکاندا دەستێکی باڵای هەبوو و تا ئێستا زیاترین گۆرانییەکانی لە لایەن هونەرمەندانی دیکەوە لە کۆڕ و شایی و زەماوەندەکاندا دەگوترێنەوە.

 لە گۆرانییەکانیدا گرنگیی داوە بە شێوەزاری ناوچەی تیکاب و دەوروبەری. زەوق و کەیفخۆشی لەگەڵ دەف و فەقیانەی سەر چۆخەورانەکەکەی بوون بە بەشێک لە گۆرانییەکانی، بەڵام هەندێ جار لەگەڵ هونەرمەندانی دیکەی وەکوو رەشید فەیزینژاد، فەردین تاهیری، رەسووڵ میرزاپوور، عەلی عابدی و عوسمانەسوور گۆرانییان چڕیوە.

(تەنکەوتەنک)، (پەپووسڵێمانی)، (ئەرێ لەیل)، (هاتەوە وهاتەوە)، (شارەزوور)، (دەم کوڵ)، (یارم خۆش ئەوێ)، (سەید زادە)، (کاکە دەچمە بەردەڕەش) و (لۆرکێ) بەشێکن لە گۆرانییە ناسراوەکانی ئەم هونەرمەندە.

سەید محەمەد سەفایی لە کۆتایی ژیانیدا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەبێ و نزیکەی ساڵێک بەدەست ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێ، بەڵام دواجار لە ساڵی ١٩٩٦ بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە گۆرانی و چڕین دەکات و لەناو ئاپۆرای خەڵکی شاری سەقز و دەوروبەری لە گۆڕستانی شانازی ئەو شارە دەنێژرێت.