میرزا جەواد قازی، کوڕی شێخ جەلال، ساڵی 1881 لە گوندی سریلاوەی شاری مەهاباد، لە دایک بووە، دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی، بۆ خوێندن و فێربوون ڕووی کردووەتە حوجرە.
ئۆسکارمان، سەرۆک و پارێزەری کتێبخانەی سەلتەنەتیی ئەڵمان، ساڵی ۱۹۰۱ بۆ لێکۆڵینەوەی زمانە ئێرانییەکان ھاتووە بۆ ئێران. نابراو سەردانی لوڕستان و کوردستانی کردوە، بۆ لێکۆڵینەوەی لە ئەدەبی زارەکی و ھەروەھا فێربوونی زمانی کوردی، هەر لە شاری مەهاباد ماوەتەوە.
ئەوکاتە میرزا لە تەمەنی بیست ساڵیدا، لە مزگەوتی شادەروێشی مەھاباد بە فەقێیەتی خەریکی خوێندنی علوومی دینی بوو. ئۆسکارمان، لە لای میرزا جەواد، زمانی کوردیی لەھجەی موکری دەخوێند و لە بەرامبەر ئەوەدا ئەویش زمانی ئینگلیزی فێری میرزای دەکرد.
میرزا جەواد، پێشتریش کەمێک ئینگلیزی لە لای یەکێک لە کاربەدەستانی نەخۆشخانەی ئەمریکی لە مەھاباد خوێندبوو.
لێکۆڵینەوەکانی ئۆسکار مان تا ١٩٠٣ درێژەی کێشا، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ئەلمانیا، میرزا جەوادیش لە گەڵی چوو تا لەوێ درێژەی بە خوێندن و زانست بدات.
میرزا جەواد، دوای ماوەیەک، خوێندنی بەرز لە کۆلێژی ماف لە ئەڵمانیا لە باڵوێزخانەی ئێران دامەزرا لەو ماوەیەشدا ھاوکارییەکی پتەوی لەگەڵ ئۆسکار مان هەبوو، بۆ وەرگێڕانی زمانی ئەڵمانیی کتێبی (زاراوەی کوردە موکرییەکان) کە بە (تۆحفەی موزەففەرییە) ناسراوە و ساڵی ١٩٠٦ لە بەرلین چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
دوکتۆر جەواد ھەر لە بەرلین، لەگەڵ کچە ئەڵمانییەک هاوسەرگیری کرد، بەڵام منداڵی لێی نەبوو، دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران سەر لەنوێ لە تاران هاوسەرگیری کردەوە، بەڵام تا دوایی تەمەن ھەر بە وەجاغکوێری مایەوە.
میرزا لە ساڵی ١٩٢٨ گەڕاوەتەوە تاران و بوو بە ڕاوێژکاری بەرزی دیوان لە وەزارەتی داد، ساڵی دواتر، داوای لە بنەماڵەی قازی لە مەھاباد کرد کە برازا ھەتیوەکەی بۆ ڕەوانەی تاران بکەن، تا سەرپەرشتیی بکەن و دەرسی پێبخوێنن ئەوە بوو کە محەمەد قازی، وەرگێڕی بەناوبانگی پاشەڕۆژ، ڕۆیشتە لای مامی و لەژێر چاوەدێری ئەو درێژەی بە خوێندندا.
دوکتۆر جەوادی قازی، شارەزاییەکی باشی لە زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، فەرەنسی، عەرەبی، فارسی، تورکیدا هەبووە.
نوسەرە کوردە دیارەکەی ئەو سەردەمە ژمارەیەک وتار و لێکۆڵینەوەی بە زمانی ئەڵمانی لە دوا بەجێماوە، کە ھەندێکیان لە گۆڤارەکانی ئەڵمانیادا چاپ و بڵاو کراونەتەوە ؛ نموونەی ئەو وتار و لێکۆڵینەوانە، وتارێکە لەسەر ھۆزی مەنگور، کە لە گۆڤارێکی ئەڵمانیدا چاپ کراوە، ھەروەھا لێکۆڵینەوەیەک بە ناوی (دەستوور و یاسای کوردەواری) کە لە گۆڤاری (زانستی بەراوردکاری ماف) دا، لە ساڵی ١٩٠٩ بڵاو کراوەتەوە.
گرنگی نووسراوەکانی دوکتۆر جەواد قازی لەوەدایە کە یەکەم کوردێک بووە کە بە زمانی ئەڵمانی وتاری لەسەر کورد نووسیوە.
بەپێی ئاماژەی مامۆستا محەمەد قازی، دوکتۆر جەواد لە ساڵی ١٩٥٨ بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی (ئیمامزادە عەبدوڵڵا)ی تاران نێژراوە.
