بنەماڵەی ئەنوەر حەسەن ئەفەندی خانوویەکی کەلەپوورییان لەسەر ئەرکی خۆیان نۆژەن کردەوە و گوتەبێژی شوێنەواری گەرمیانیش دەڵێت ”ھەرکەسێک بەپێی مەرج و ڕێنوێنییەکان خانووی کەلەپووری نۆژەن بکاتەوە، ڕێی پێدەدرێت.“
محەمەد شوێنەوارناس، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: "بنەماڵەی (ئەنوەر حەسەن ئەفەندی)، کە بنەماڵەیەکی دێرینی شارۆچکەی کفرییە، لەسەر ئەرکی خۆیان و بە سەرپەرشتیی شوێنەواری گەرمیان، خانوویەکی کەلەپوورییان نۆژەن كردەوە، کە لەلایەن شوێنەوارەوە ھەندێ مەرج و ڕێنونییان بۆ دانرابوو و بە پشبەستن بەو مەرجانە کارەکەیان ئەنجام دا".
گوتیشی: "دوای تەواوبوونی کاری نۆژەنکردنەوەکە، لێژنەیەکی تایبەتی شوێنەوار خانووەکەی پەسند کرد، بەپێی یاسا، خانووەکە دەدرێتەوە ئەو بنەماڵەیە و ئەوان بە کاری دەھێنن، کە سیمایەکی کەلەپووری و ڕەسەنی کوردیی پیشان دەدات".
ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوەش کرد:" لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، ژمارەیەک خانووی کەلەپوووری ھەن و ھەرکەسێک خاوەنی خانووەکە بێت و بیەوێت بەپێی مەرج و ڕێنوێنییە دیاریکراوەکان نۆژەنیان بکاتەوە، مۆڵەتی پێ دەدرێت".



