بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە، لە میانی چالاکییە کولتوورییەکانیدا، بۆ لەمەودوا ساڵانە بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆڵ و نەخش و خەبات و هزر و بەرهەمداریی زانا و نووسەر و شاعیر و وەرگێڕی بەنێوبانگی کورد (هەژار موکریانی)، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەی یەک ڕۆژیدا (دیداری هەژار موکریانی) ساز دەکات.
بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوە ئەم دیدارە، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی (هەژار موکریانی) و (ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک)، لە 22ی شوباتی 2025 لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
هەروەها، (دیداری یەکەمی هەژار موکریانی) تایبەت دەبێت بە زمانی کوردی و هەوڵ دەدات پرسی زمان بکاتە پرسی هەموو کوردەواری و لە ڕێگەی چەند پانێڵێکی جیاوازەوە ئەم پرسە هەستیار و ژیانی و ژیارییە بخاتە نێو گەنگەشەوە.
دیدارەکە، بە بەشداریی میوانانی هەر چوارپارچەی کوردستان و تاراوگە ڕەنگدارتر و بەرهەمدارتر دەبێت، کۆمەڵێک بڕگەی کولتووری و ئەدەبی و هونەریی جیاواز لەخۆ دەگرێت، گرنگترینیان (خەڵاتی هەژار موکریانی)یە، کە بۆ ئەمساڵ لە ڕێی لیژنەیەکی پسپۆڕەوە دەبەخشرێتە کەسایەتییەکی کورد، کە خزمەتێکی زۆری بە زمانی شیرینی کوردی کردبێت.
شیاوی باسە، سەرجەم بڕگە و بابەتەکانی دیدارەکە لە کتێبێکدا کۆ و چاپ دەکرێن و لە دیداری ساڵی دواتر، وەک دیاری پێشکەشی میوانانی هێژا و ئەندامانی ئازیزی دیدار دەکرێت.
