لاری کرماشانی، ساڵی 1945 لە ناوچەی (کێلیا)ی سەر بە پارێزگای کرماشان لەدایک بووە. هەر لە منداڵییەوە لە کارگە پیشەسازییەکان دەستی بە کارکردن کردووە و بووەتە پیشەگەرێکی گەورە، لە تەمەنی گەنجیدا ئاشنای ئەدەبیات بووە و دەستی بە نووسین کردووە.
لاری کرماشانی، یەکەم کتێبی (وقتی کە شکوفەها می شکفند و زمانی کە برگها می ریزند)- کاتێک خونچەکان دەپشكوون و گەڵاکان هەڵدەوەرن) بە ناسناوی (شکۆفێ لاری کرماشانی)، کە تەمەنی 16 ساڵ بوو و لە ساڵی 1946 بڵاو کراوەتەوە.
كرماشانی دوای شۆڕشی ساڵی 1978 توانی تەنیا یەک کتێب چاپ بکات، لە ساڵی 1992 (برفابەهای بهاری- بەفری بەهاری) چاپ کردووە، ئەم بەرهەمە بە ڕەنگدانەوەی دابەزینی فەرهەنگی ئەدەبی فارسی لە ناوچەی کرماشان ناسراوە.
ئەم هونەرمەندە لە ساڵی 2009 بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە تاران كۆچی دوایی کردووە.
کرماشانی، زۆر دەستنووسی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، یەکێک لەو کتێبانەی، کە ڕێگەیان پێ نەدرابوو چاپ بکرێت، ڕۆمانی دوو بەرگی (تەنیایی سەرۆک)، كە پەیوەندیدار بوو بە ژیانی قازی محەمەد، ڕۆمانی دوو بەرگی (هەزارپە)، ڕۆمانی (دێبۆر)، ڕۆمانی (فەرانسەویی شەو) و چەند کتێبێک، کە دوای مردنی بە تەواونەکراوی ماونەتەوە.
لاری کرماشانی، جگە لە بەرهەمەکانی، لە ژیانی تایبەتی خۆیدا هەمیشە هاوسۆزی کرێکاران و چینی خوارەوەی کۆمەڵگا بووە و هەوڵی ڕەخساندنی هەلی کاری بۆ دەدان و هەر بەم هۆیەشەوە، ڕووی لە چالاکیی پیشەسازی و تەکنیکی کردووە، بەڵام لە دوا ساڵانی ژیانیدا مایەپووچ بوو و زۆر بە سەختی ژیانی بەڕێ کردووە.

