دێتە گوێم دەنگێ بە سۆز و شیوەن و گریانەوە ناڵەیی دڵمە لە حەسرەت خاکی کوردستانەوە" ئەحمەد موختار جاف، شاعیر و هۆزانڤان و سیاسەتوانی کورد، ناوی ئەحمەدی کوڕی وەسمان پاشای گەورەی جافە و کوڕی محەممەد پاشا کوڕی کەیخەسرەو بەگ کوڕی سلێمان بەگ کوڕی عەبدوڵا بەگی کوڕی تاھیر بەگی جافە. هەروا كوڕی عادیلە خانمی جافە، کە لە زەبر و زەنگ و رامیاریدا بەناوبانگ بووە.
ئەو شاعیرەی کورد، ساڵی ١٨٩٨ لە ماڵباتێکی خانەدانی شاری ھەڵەبجە لەدایک بووە و وەسمان پاشای باوکی و مەحموود پاشای مامی، کە ھەردووکیان میر و لە سەرۆکە ھەرە گەورەکانی خێڵی جافانن، لە لایەن سوڵتانەکانی عوسمانییەوە پایە و ناوبانگی (پاشا)یەتییان دراوەتێ.
ئەم شاعیرە کوردە، ھەرچەندە دەرچووی قوتابخانە و خوێندنگا باڵاکان نەبووە، بەڵام مرۆڤێکی زیرەک و وردبین بووە. بێجگە لە زمانی کوردی، فارسی و تورکی و عەرەبی و کەمێکیش ئینگلیزیی زانیوە. تەنانەت بە زمانی فارسی چەند ھەوڵێکی شیعریی ھەیە، خۆی و تاھیر بەگی برای، بە دوو شاعیری گەورەی کورد ناوەزەد کراون. ئەم شاعیرە بەتوانایە، لە ھەموو بوارەکاندا شیعری گوتووە و ھەڵبەستە نیشتمانییەکانی لە ڕیزی پێشەوەی ھەڵبەستە نیشتمانییەکانی سەرەتای سەدەی ڕابردوو دادەنرێن.
ئەم ھەستیارە پایەبەرزە، بەھۆی فێربوونی زمانانی بیانییەوە، دەروازەی ھەموو جۆرە ھونەرێکی وێژەیی بە جارێکی لەسەردا کرایەوە. ئەحمەد موختار بەگ، لاوێکی جوانچاک و سوور و سپی و مووزەرد و چاوشین و شۆخ و شەنگ و رووخۆش و دەم بە پێکەنین و باڵابەرز و تەڕپۆش و دڵتەڕ بووە، ھەروەکوو لە مەیدانی ئازایەتی و ھۆشیاری و زرنگی و سوارچاکی و راو و سەیران و نیشانەئەنگاوتندا پاڵەوانێکی ناسراو بووە، لە کۆڕی جوامێری و یاریکاری و لە گرتنی دەستی ھەژاران و دڵنەرمی و بەزەیی و نانبدەیی و خێرەمەندی و جوامێرییشدا بێ ھاوتا بووە.
ئەحمەد موختار بەگ، لەبەرئەوەی لە بنەماڵەیەکی دەسەڵاتدار و بەناوبانگی جافە، تێکەڵی ڕامیاری و کاروباری دەوڵەتییش بووە.
لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کەسایەتییەکی خۆشەویست و خێرەومەند بووە. لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا ھاوسەری بۆ خۆی خواستوە و لە ١٩٢٢دا بووە بە قائیمقامی ھەڵەبجە، لە ١٩٢٤دا کراوە بە نوێنەر و لە کۆڕی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی و لە (مەجلسی) نوێنەراندا تا ساڵی ١٩٣٥.
لە ٦ی شوباتی ١٩٣٥ و لە تەمەنی ٣٨ ساڵیدا، کە لەسەر چۆمی سیروان بە کەڵەک دەپەڕییەوە، لە لایەن چەند ناپاکێکی دڵ و دەروون رەقەوە کوژرا و تەرمەکەی لەتەنیشت گۆڕی تاھیر بەگ لە گوندی عەبابەیلێی نزیکی ھەڵەبجە بەخاک سپێردرا.
ئەحمەد بەگ دوو کوڕ و سێ کچی لەدوا بەجێ ماون، ناوی کوڕە گەورەکەیان غاندی و بچووکەکەیان ئەفراسیاب بەگە، کچێکیشی بە ناوی شەمسە.
نموونەیەك لە شیعری ئەحمەد موختار بەگی جاف:
لە خەو ھەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە
ھەموو تەئریخی عالەم شاھیدی فەزڵ و ھونەرتانە
دەسا تێکۆشن ئەی قەومی نەجیبیی بێکەس و مەزڵووم
بەگورجی بیبڕن ئەو ڕێگە دوورە وا لەبەرتانە
بخوێنن، چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوژمنتان
ھەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە
بەخۆڕایی لە دەستی بەرمەدەن ئەم خاکە مەحبووبە
کە تۆزی وەک جەواھیر سورمە و کوحلی بەسەرتانە
بەسەر خاکا ئەگەر نازیش بکەن، حەقتانە کوردینە
تەماشای سێبەری ئەو شاخ و کێوەی وا لەسەرتانە
بە بێقەدری بەسەریا ڕامەبوورن حورمەتی بگرن
گوڵاڵە سوورەی ئەم سەحرایە خوێناوی جگەرتانە
دەمێکە ئەم وڵاتە وا ئەسیری پەنجەیی جەھلە
لە سایەی عیلمەوە ئەمڕۆ ئیتر نۆبەی زەفەرتانە
زوبانی حاڵی (ئەحمەد) ھەر ئەڵێ وریا بن ئەی میللەت
بزانن بەردی ئەم شاخانە ئەڵماس و گەوھەرتانە
سەرنج: بەشێک لەم زانیارییانە لە (کوردپیدیا)وە وەرگییراون.
