زانای ئایینیی كورد ئیبراهیمی شێخ ئاودەلی، بەر لە كۆچكردنی، بە دەیان شیعری كلاسیكی و نیشتمانپەروەری و ئایینی و كۆمەڵایەتی و قسیدەی نووسیون، لەپشت زۆربەی شیعرەكانیدا پەند و ئامۆژگاری هەن، لەدوای كۆچكردنیدا بەشێك لە بەرهەمەكانی لەلایەن ئەندامانی خانەوادەكەی كۆكراونەتەوە و بە چاپ گەیەندراون.
دوایین پەرتووكی چاپكراوی ئەو زانا ئایینییە، بریتییە لە دیوانی پشدەری، كە لەلایەن ئاری یاران، نەوەیەوە، بە هاوكاریی مەلا محەمەدی كوڕی و چەند نووسەرێك چاپ و بڵاو كراوەتەوە و كەوتووەتە بەر دیدی خوێنەران.
یەكێك لە شیعرەكانی ئەو زانایەی كورد، كە لە لاپەڕە 83ی پەرتووكی پشدەری بڵاو كراوەتەوە، بەناوی وەتەن، دەڵێت:
ئەی وەتەن ئەی وەتەن، ئەی خۆشەویستم، پێم بڵێ تۆ چیت ئەوێ؟
تابەكەی غەفڵەتنشین بین، مونتەزیر بین بۆ خەوێ
خەو لە خاكی خۆشەویستمان چۆن بكەین ئەی كوردەوار؟
تا لەتەكمان دەستی پیسی خائینان لانەكەوێ
گەر بەجێ نێڵن لەبۆمان جێی خۆ، خائینەكان
با بزانین دڵگوشاد و ڕاحەتن دەست ناكەوێ
ڕاپەڕین جیرانی پیسن دەست بە تیر و خەنجەرێ
جا پەنا بۆ كێ بەرین، دەی تاریكی و نیوەی شەوێ؟
وابكەین غەددار و پیس و خوێنڕێژ و خائینەكان
یا بەهێز بی یا بەڕێز بی، لانەدین هیچ لە ڕەوێ
یەكییەتی دەستوور زبان و فیكر و ئەفكارمان هەبێ
وەرنە ئێمە زۆر بە ئەزیەت، خاكی خۆن دەستنەكەوێ
پشدەری حوڕڕە، دەری دا بارێكی گران و عەجیب
بۆ گەلی كوردی ئەسووتێ دڵ بۆ چ نەسرەوێ
زانای كورد مەلا ئیبراهیمی شێخ ئاودەلی، لە ساڵی ١٩٣٩ لە گوندی شێخ ئاودەلان لەدایك بووە، ناسناوی شیعریی (پشدەری) بووە، بۆ خوێندن و زانستەكەی لە زۆر شاری كوردستان گەڕاوە و لە هەندێ شوێنیش وەك وتاربێژ و پێشنیوێژ لە مزگەوتەكان بووە، ساڵی ٢٠١٠ كۆچی دوایی كردووە، لەدوای خۆی بەرهەمی زۆری ئەدەبی و ئایینی جێهێشتووە.

