مستەفا پاشای یاموڵکی، پیاوە مەزن و ناودارەکە

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

مستەفا پاشای یاموڵکی، پیاوە مەزن و ناودارەکە

مستەفا پاشای یاموڵکی، کوڕی عەزیز یامولکی مەلا زادەیەکی بیارە بووە. ڕۆژی 25ی کانوونی دووەمی 1866 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایک بووە. دەستپێکی خوێندنی لای مەلا فەتاح لە مزگەوتی حاجی سەید حەسەن و لای عیرفان ئەفەندی بووە، پاشان سەرەتایی و ئامادەیی سەربازیی لە بەغدا لەمەکتەبی حەربییەی ئەستەنبوڵ لە ساڵی 1885دا تەواو کردووە.

وەک مەلازمی دووەم چووەتە پۆلی ئەرکانی جەنگ، ساڵی 1886 بووە بە مولازمی یەکەم. لە ساڵی 1888دا، سەفییەخانی حسێن پاشای خەندانی ھێناوە و ھەمان ساڵ بووە (نەقیب) و لە لقی سێھەمی ئەرکانی گشتیی جەنگدا دامەزراوە. ساڵی 1889 بووە بە(ڕائید) و ڕەوانەی جەنگی حیجاز کراوە.

ساڵی 1892 کراوەتە (موقەددەم) و گوێزراوەتەوە بۆ ئەرکەکانی جەنگی ئۆردووی ھومایۆنی شەشەم، و کاری قونسڵگەری لە خۆی و سەڵماس و قارس، ساڵی 1898 یش ئەرکەکانی جەنگی ئۆردوو لەبەغدا جێبەجێ کردوە.

ساڵی 1900 پلەی قائیمقامی دراوەتێ، لە ساڵی 1901دا کراوە بە سەرۆکی ئەرکەکانی جەنگی ئۆردوو.

ساڵی 1902 بووە بەسەرۆکی ئەرکانی جەنگی فیرقەی شازدەھەم لە سیواس.

ساڵی 1904 بووە بە میر لیوا (میراڵای).

ساڵی 1905 بووە بە مەئمووری کۆمسیۆنی ناوچەکانی سلێمانی و وەزنە و لاجان.

بەڕاگەیاندنی مەشروتییەتی عوسمانی، کراوە بەسەرۆکی ئەرکانی جەنگی فیرقەی ئەنقەرە.

1908 بووە بە فەرماندەی لیوای نیزامیی بیتویەکەمی ئۆردووی شەشەم لەبەغدا.

1910 بووە بەفەرماندەی فیرقەی سێیەمی نیزامی لەتەشکیلاتی نوێی فەیلەقی دەیەم.

1911 بووە بەفەرماندەی فیرقەی نیزامیی پێنجەم لەمایدۆس.

1912 بووە بەفەرماندەی فیرقەی نیزامیی بیست و حەوتەم لە بەیروت، بەشداری شەڕی باڵکان بووە.

1913 ئەنوەری پاشا بووەتە وەزیری جەنگ، یاموڵکی خانەنشین کراوە و، بەدرێژایی یەکەمین جەنگی جیھانی لە ئەستەمبوڵ دانیشتووە، لایەنگری حیزبی (حوڕڕییەت و ئیئتیلاف) بووە. پاش جەنگ، پلە و پایەی جارانی دراوەتەوە و بووە بەئەندامی دیوانی جەنگ بۆ سزادانی سەرانی ئیتیحادوتەرەقی.

ئەودەمە، بووە بەئەندامی (جەمعییەتی تەعالی کوردستان) لە ئەستەمبووڵ.

ساڵی 1919 کاتێ فەرید پاشا کابینەی پێکھێنایەوە بووە والیی ویلایەتی خوداوەندکار. لە 23ی نیسانی 1920 بەئیرادەی شاھانە کراوە بەسەرۆکی دیوانی عورفی یەکەم، سزای توندی کەمالییەکانی داوە.

لە 21ی تشرینی یەکەمی 1920، بەھاتنە سەر کاری کابینەی تۆفیق پاشای لایەنگری کەمالییەکانی، گیراوە و دراوەتە دادگا. بەڵام لە 6ی شوباتی 1921 بەئیرادەی سوڵتان بەربووە و دەستی لەکار کێشاوەتەوە.

لە 17_6 ئەو ساڵە لەئەستەنبوڵەوە گەڕاوەتەوە، لە4ی تشرینی یەکەمی 1921 گەیشتووەتە سلێمانی، و لە ساڵی 1922 بووە بەسەرۆکی (جەمعییەتی کوردستان) ولە 5ی ئەیلوولی 1922 بە ئەندامی ئەنجومەنی ئیدارەی شار، دوای ئەوەی ئینگلیز سلێمانیی چۆڵکردووە. ئەو ڕۆژانە ئیمتیازی ڕۆژنامەی بانگی کوردستانی وەرگرتووە و خۆشی  وەک مودیری مەسئوول و سەرموحەڕیر بەڕێوەی بردووە و سێزدە ژمارەی لێ دەرکردووە.

لەدووەم حکوومەتی کوردستاندا، بەڕەئیسی مەعاریف دانراوە. لە 3ی ئازاری 1923 لەگەڵ چەند کەسێکی تردا بە وەفد چوونەتە کەرکووک و بەغدا بۆ گفتوگۆکردن. لەدووەم خولی حوکمی ڕاستەوخۆی ئینگلیزدا، ژمارە (14)ی «بانگی کوردستان»ی بەتەنیا بڵاوکردووەتەوە. لەڕۆیشتنە عومومییەکەی 17ی حوزەیرانی 1923دا، چووەتە بەغدا و تاسەر لەوێ نیشتەجێ بووە.

ساڵی 1927، سێ ژمارەی تری لە (بانگی کوردستان) دەرکردەوە.

لەڕۆژی 25ی کانوونی دووەمی 1936 لە گەڕەکی عیوازییەی بەغدا کۆچی دوایی کردووەو لەسەر وەسیەتی خۆی لە گردی سەیوان نێژراوە.

 

بەرپرسیارێتی لە سوپای عوسمانیدا

 

دوای ئەوەی دەبێت بە ئەفسەری ڕوکن لە وەزارەتی جەنگی عوسمانیدا و دوای ساڵێک خزمەتکردن گوێزراوەتەوە بۆ سوپای عوسمانی لە حیجاز و لەوێ بووەتە ئەندازیاری سەربازی لە شاری مەککە، لە ساڵی 1893 دا کراوە بە قونسولی عوسمان لە شاری سەڵماسی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لە ساڵی 1894 یشدا گوێزراوەتەوە بۆ شاری سنەی مەڵبەندی ئەیالەتی کوردستان لە ئێران و دوای 3 ساڵ لە 1897 گوێزراوەتەوە بۆ شاری قارس لە ڕوژھەڵاتی ئەرزرۆم لە باکووری کوردستان. لە ساڵی 1901 دا گەڕاندراوەتەوە بۆ سوپا و کراوە بە بریکاری سەرەک ئەرکانی سوپای شەشەم لە بەغدا، لە ساڵی 1904 دا کراوە بە نوێنەری دەوڵەتی عوسمانی لە لیژنەی سنووری نێوان ئێران و عوسمانی، ئنیجا لە ساڵی 1908 دا کراوە بە سەرۆک ئەرکانی تیپێک سەرباز لە حامییەی ئەنقەرە، دواتر لە ساڵی 1909دا پایەی سەربازی بەرزکراوەتەوە بۆ پلەی میر لیوا ڕوکن و کراوە بە فەرماندەی تیپی بیست و یەکەمی سوپای عوسمانی لە بەغدا.

 

حکومدانی مستەفا کەمال

کاتێک کە جەنگی یەکەمی جیھانی لە ساڵی 1914 دا ھەڵگیرسا، خانەنیشین کراوە و دوای کۆتایی ئەو جەنگە جیھانییە بە فەرمانی داماد فەرید پاشا کراوە بە سەرۆکی داگای عورفی سەربازی بۆ دادگاییکردنی مستەفا کەمال و ھەڤاڵانی بە تاوانی یاخی بوونیان لە دەڤەری ئەنازۆڵ لە دژی میری سەنتەری. ئەم کەسایەتییە میریی پاشملە بە لە سێدارەدانی مستەفا کەمال و میر لیوا فوئاد پاشا و فەریق مستەفا فەوزی پاشا دەدات. بەڵام کە مستەفا کەمال سەکەوتن بە دەست دێنی. مستەفا پاشا تورکیا جێدێڵێ و دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان.

 

دروستکردنی گرووپی سیاسی

 

یاموڵکی دوای ھەڵھاتنی لە تورکیا ساڵی 1921، لە سلێمانی دادەنیشێ و ھەوڵێکی زۆر دەدات بۆ پێکەوەنانی کۆمەڵێکی ڕامیاری بەناوی کۆمەڵەی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکی گشتی پیاو ماقوڵان و ڕووناکبیرانی شارەکە لە ڕوژی 21ی تەممووزی 1922 دا دەستەی بەڕێوەبەری ئەو کۆمەڵە ڕامیارییەی کورد بە زۆرینەی دەنگ

 

ھەڵدەبژێردرێک کە بریتی بوون لە:

 

مستەفا پاشای یامولکی - سەرۆکی کۆمەڵەی کوردستان

ڕەفیق حلمی بەگ - ئەندام

ئەحمەد توفیق بەگ - ئەندام

فایق مەعرووف - ئەندام

شێخ محەممەدی گوڵانی - ئەندام

مامۆستا ساڵح قەفتان - ئەندام

شێخ عەلی سەرکار - ئەندام

سدیق ئەلەکە - ئەندام

ئەم کۆمەڵە ڕۆژنامەیەکی ڕامیاریان بە ناوی بانگی کوردستان دەرچواند و ژمارەی یەکەمی لە 2ی ئابی 1922دا بڵاوکردەوە.

مستەفا پاشا، ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی 1892 دەگوازرێتەوە بۆ سلکی دیپلۆماسی، یەکەم وێستگەی لەو بوارەدا، لە شاری سەڵماس و خۆی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەبێتە کونسوڵی عوسمانیی. مانگی ئاداری 1893 دوای پێنج ساڵ لە زەماوەدنی خۆی و سەفیە، دەبنە دایکوباوکی کچێک و ناوی دەنێن (زەهرا زێڕین تاج) زۆر نابات پلەکەی بەرز دەکرێتەوە بۆ سەرکونسوڵ، پاشان گوێزراوەتەوە بۆ شاری سنە. عەبدولعەزیز دەڵێت: "لە سنە لە مەنتەقەی ئەمانییە ئیقامەتمان کرد، لە نزیک ئەمانییە گردێکی بەرزی جوان هەبوو، ئێمە لەسەر لوتکەی گردەکە بووین. لە ناوەڕاستی گردەکە ئیقامەتگاهی حاکمی ویلایەت هەبوو، حاکمەکە ناوی (حسام ئەلمولک) بوو، کوڕەکەی ناوی ئیحتشام ئەلدەولە بوو، کچی شای ئێران موزەفەرەدین (قەمەر ئەلسەڵتەنە) ژنی بوو، دەرەجەی ئەمیر تومانی پێدرابوو".

کاتێک لە سنە ماونەتەوە، هەرایەکی مەزهەبیی لەنێوان خەڵکی سوننەمەزهەبی سنە و حکومەت سەریهەڵداوە، زۆر لە گەورە پیاوانی شارەکە کوژراون و خەڵک دەورەی سەرای حکومەتی داوە. حیسامول مولک و کوڕەکەی (ئیحتشامول دەولە) و (قەمەر ئەلسەڵتەنە)ی ژنی، پەنایان بردووەتە بەر مستەفا پاشا. ئەویش بەهۆی ئەو ناوبانگەیەوە کە لە ناو خەڵکدا هەیبووە، هەراکە دادەمرکێنێتەوە.

مستەفا پاشا لەو هەرەیەدا کچەکەی شای ئێران رزگار دەکات و پاشان لە تاران تەسلیمی بنەماڵەکەی کردووەتەوە. بەو هۆیەوە شای ئێران میدالیای دەرەجە دووی شێروخورشیدی ئێرانی پێ دەبەخشێ. سوڵتانی عوسمانییش لەبەر سەرکەوتنەکانی لە کاری دیپلۆماسیدا، میدالیای (مەجیدی سێیەم)ی پێ داوە.

دووەم منداڵی مستەفا پاشا و سەفیەی خێزانی، ساڵی 1895 لە شاری سنە لە دایک دەبێ و ناوی دەنێن نجوم.

دوای ماوەیەک مانەوەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەکو دیپلۆمات، فەرمانی گواستنەوەی بۆ کونسوڵخانەی موستەحکەمی شاری قارس لە قەفقاسیای سەربە روسیا دەردەچێ.

دوای نزیکەی سێ ساڵ لە کاری دیپلۆماسی، ساڵی 1898 دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە و لەسەر خواستی خۆی جاریکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ ریزەکانی سوپای عوسمانیی.

کاتێک گەڕاوەتەوە بۆ ریزەکانی سوپا، کراوە بە قایمقامی رەئیسی ئەرکانی حەربی ئۆردوی شەشەم لە بەغدا. لە گەڕەکی مەیدان بە تەنیشت ماڵی نامیق پاشا (1831-1917) والی بەغداد خانوویەک دەکڕێت و ماڵەکەی دەگوازێتەوە بۆ ئەوێ. مستەفا پاشا پێش ئەوەی بچێت بۆ بەغدا، بە مەبەستی بردنی منداڵەکانی، لە ساڵی 1898 دوای چەندین ساڵ دوور کەوتنەوە بۆ یەکەم جار لە تەورێزەوە هاتووەتەوە بۆ سلێمانی.

ئەو کاتەی لە بەغدا بووە، کە عەبدولوەهاب ئەفەندی دەفتەرداری ویلایەتی بەغدا موچەی خانەنشینی ئەو شارەی نەداوە. خانەنشینەکان هاتوون بۆ لای مستەفا پاشا و سکاڵای حاڵی خۆیان دەکەن.

عەبدولعەزیزی کوڕی بەمشێوەیە رووداوەکە دەگێڕێتەوە: "لەو سەردەمەدا موچەی عەسکەریی و موڵکی بە مانگ دوا ئەکەوت، رۆژێک چەند عائیلەیەکی موتەقاعیدین موراجعەتیان بە باوکم کرد و پێیان راگەیاند کە مەعاشی چەند مانگیان وەرنەگرتووە. ئەویش جوابی نارد بۆ دەفتەرداری ویلایەت (عەبدولوەهاب ئەفەندی) کە بەشێک لەو مەعاشەی کە کۆبووەتەوە بیدات و یارمەتی ئەو زوڵم لێکراوانە بدات.

رجای لێکردبوو کە یارمەتیان بدات، بەڵام دەفتەردار لە جیاتی یارمەتی هەموویانی داوەتەبەر جوێن و قسەی زۆر ناشیرین و بێ ئەدەبانەی پێ وتبوون. چونکە ئەو عەبدولوەهاب ئەفەندییە بۆ سودی خۆی پارەی کۆئەکردەوە، باوکم کە ئەمەی بیست زۆری پێناخۆش بوو، تەواو بێ تاقەت بوو.

رۆژێک لە رێگا توشی دەفتەردار دەبێ، باوکم شەڕی پێ ئەفرۆشێ و ئەڵێ تۆ بە کەرە سپییەکەت خۆت لێ داوم.

لەسەر کەرەکە دایئەبەزێنێ و تێروپڕی لێ ئەدا، دوایی سواری کەرەکەی ئەکاتەوە. ئەم واقیعەیە هەموو خەڵکی بەغدا ئەزانێ، عائیلەی موتەقاعیدەکان هەموویان هاتن بۆ ماڵەوە، زۆر سوپاسی باوکمیان کرد.. لەم رووداوەدا موشیر ئەحمەد فەیضی پاشا لایەنی باوکمی گرت، بەینی عەسکەرییە و موڵکییە تێکچوو، هەندێ لە سەربازانی مەدفەعییە تاڵانی بازاڕیان کرد.. ئینجا دەفتەردار لە ترسا دەستی کرد بە دانی مەعاشی ئەوانەی کە مەعاشیان دواکەوتبوو." (مامۆستای کورد ژ 27، ل54) لەسەر ئەم رووداوە، لە ئیستەنبوڵەوە هەیئەتێکی لێکۆڵینەوە کە لە سێ پاشا پێکهاتبوو دێن بۆ بەغدا، دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بەسەر دەفتەرداردا شکاوەتەوە و لە کارەکەی دوور خراوەتەوە.