جەژنی شەوی بەرات

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

شەوی 14 لەسەر 15ی مانگی شەعبانی هەموو ساڵێک، شەوێکی تایبەتە کە بە ''شەوی بەرات'' ناسراوە.

لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بە شێوەی جیاواز یادی دەکرێتەوە. لە هەندێک شوێن لەم شەوەدا خەڵکی بەگشتی و پیاوان بەتایبەتی بە مەبەستی نزا و پاڕانەوە سەردانی مزگەوتەکان دەکەن، لە هەندێک شوێنی وەک شاری سلێمانییش لەم شەوەدا خێزانەکان خواردنی تایبەت دروست دەکەن و مناڵانیش بە پۆشاکی ئاڵوواڵای کوردییەوە بە کۆڵانەکاندا دەگەڕێن و هەر ماڵە و بە پارچەیەک شیرینی پێشوازییان لێ دەکات.

پێشتر و تا هەنووکەش، زۆر کەس پێیان وا بووە کە ئەم شەوە بە تەنها بۆنەیەکی ئیسلامییە، تا ئەوەی فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، کە باسی پیرۆزیی شەوی 14 لەسەر 15ی مانگی شەعبان دەکات، بە بەڵگە دێننەوە، یان دەگوترێت لەم شەوەدا قیبلەی موسڵمانان گۆڕاوە و ئاوی زەمزەم زیادی کردووە.

لە بەرامبەردا چەندین کەسایەتی و گرووپی دیکەی ئیسلامییش هەن کە ئەم بیروڕایانە ڕەت دەکەنەوە. بەڵام ئەمڕۆ لە دوای توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ورد دەگەینە ئەو باوەڕەی کە ئەم بۆنەیە مێژووەکەی بۆ ماوەیەکی زۆر پێش هاتنی ئایینی ئیسلام دەگەڕێتەوە. بەپێی بۆچوونی محەمەد مەردان، نووسەری کتێبی ''بەرات لە ڕێڕەوی مێژوودا''، مێژووی شەوی بەرات دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میتراییەکان، بەڵام لە سەردەمی مادەکاندا زیاتر گرنگیی پێ دراوە. پێ دەچێت ئەم جەژنە لەگەڵ جەژنی نەورۆزدا یەک جەژن بووبن و دواتر گۆڕانی بەسەردا هاتبێت و لێک جیا کرابێتنەوە. باوەڕ وایە قۆناغی ئەم گۆڕانکارییە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئومەوی و عەباسییەکان، کە بۆ یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز، باج و خەراجیان لە کوردەکان وەرگرتووە. بەڵام لەبەر ئەوەی سەری ساڵی کوردی هاوتا نەبووە لەگەڵ پێگەیشتنی دانەوێڵە، نەورۆزیان گواستووەتەوە بۆ مانگی شەش، بەم شێوەیە بەراتیشی لەگەڵ گواستراوەتەوە. هەر ئەمەش بە یەکێک لەو هۆکارانە دادەنرێ کە بەراتی وابەستەی ساڵی کۆچی کردووە.

زۆر کەس پێی وایە ناوی ''بەرات'' لە (بەرائەت)ی عەرەبییەوە هاتووە، بەڵام لە بنەڕەتدا وشەیەکی ڕەسەنی کوردییە و چەند مانا و مەبەستێک دەگەیەنێت، وەک: دیاری، خەڵات، هەقدەست، مووچە، بەخشین، ماف و قوربانیدان.
بەرات لای ئێزدیەکان:

شەوی بەرات لە لای کوردانی ئێزدی گرنگی و بایەخی تایبەتی خۆیی هەیە. ساڵانە بە شێوەیەکی جوان و شایستە پێشوازی لە شەوی بەرات دەکەن و بایەخ و گرنگییەکی زۆری پێ دەدەن.

خەیری شنگالی کە نووسەر و ڕۆشنبیرێکی کوردانی ئێزدییە، زیاتر لەبارەی ئەم جەژنەوە دەدوێت و دەڵێت: بەرات یەکێکە لە دروشمە پیرۆزەکانی ئایینی کوردیی ئێزدی، بەرات بە واتای ئەستۆپاکی و بێتاوانی دێت. هەروەها ناسنامەی کەسایەتیی ئێزدییەکانە و لە چەند دەقێکی ئاینەکەدا ناوی هاتووە. لە شەوی بەراتدا ئەو کچ و کوڕانەی هاوسەرگیرییان نەکردووە، دەچن بۆ ئەشکەوتی بەرات، کە شوێنی دەرهێنانی ''گڵی بەرات''ـە. ئەویش گڵێکی سپییە و هەر لە شەوی بەراتا دەردەهێنرێت و دەیبەن بۆ کانی سپی، کە سەرچاوەی ئاوێکی سازگار و پاکە و لای ئێزدییەکان پیرۆزییەکی تایبەتی هەیە. بە ئاوی ئەم کانییە قۆڕەکە دەگرنەوە و (بەرات)ی لێ دروست دەکەن، بەراتیش بریتییە لە قۆڕێکی خڕکراوی هاوشێوەی هەڵمات کە لە هەموو ماڵێکی ئێزدیدا هەیە و بەجوانی دەپارێزرێت.
بەرات لە شاری سلێمانی

بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، هەتاکوو ئێستاش شەوی بەرات لەنێو دانیشتوانی شاری سلێمانیدا بە گرنگییەوە سەیری کراوە و یادی کراوەتەوە. لەم شەوەدا زۆربەی خێزانەکان پێکەوە کۆ بوونەتەوە و کابانی ماڵ خواردنی تایبەتی ئامادە کردووە، پاشان دوای نانی ئێوارە مناڵان بە کۆڵانەکاندا دەگەڕێن و هەر ماڵە و لای خۆیەوە بە بڕێک پارە، یان بە دەنکێک خورما، یان پارچەیەک شیرینی پێشوازییان لێ دەکات.

هونەرمەند و کەسایەتیی شاری سلێمانی، عومەری کەریم ئاغا، لە دیدارێک بۆ ساڵنامەی شەوی بەرات، لەبارەی سەردەمی مناڵیی خۆی و شەوی بەرات دەدوێت و دەڵێت: ئەو ڕۆژگارە زۆر جوان بوو، چەند ڕۆژێک پێش هاتنی شەوی بەرات، توورەکەیەکی خامیان بۆ ئەدووریم، دەمەکەی بە دەزووی کشتەک هەڵئەپێچرا. دوای نانخواردنی ئێوارە چەند مناڵێکی گەڕەک، کە هەموو وەکوو برا و کەسی یەکتر وا بووین، بە ماڵاندا ئەگەڕاین. ئەو کاتە شار بریتی بوو لە چەند گەڕەکێک، کە لە یەکەوە زۆر دوور نەبوون. ئەمانتوانی تەواوی ماڵەکانی شار بگەڕین، کە دەچووینە بەردەمی هەر ماڵێک بە یەکدەنگ ئەمانوت:

شەو شەوی بەراتێ

خوا دوو کوڕ و کچێکتان باتێ

خاتوونی سەر بە زێڕێ

دەس لە کەندوان بگێڕێ

بەشی مناڵان بنێرێ

ئەوانیش خورما و نوقڵ و هەندێ ماڵیش پارەیان ئەداینێ.
خانمە شاعیر، بەیان محەمەد، لە لاپەڕە (٢)ی ساڵنامەی شەوی بەراتدا، بە هەمان شێوە لەبارەی یادەوەریی مناڵیی خۆیەوە لەگەڵ ئەو جەژنەدا دەدوێت و دەڵێت: چەند ڕۆژێک پێش هاتنی شەوی جەژنی بەرات توورەکەی خاممان ئەدروو بۆ شەوی بەرات. لە ساتەوەختی نانخواردنی ئێوارەدا دایک و باوکمان پێیان دەوتین: ''هەرکەسێک لەم ئێوارەیەدا تێر نان نەخوات، ئەوە بە درێژایی ساڵەکە تێر ناخوات و هەمیشە برسیی ئەبێت. ئەم قسانە ترسیان لە ناخمدا دروست کردبوو، بۆیە زۆرم لە خۆم ئەکرد، کە زۆر بخۆم''.

لەگەڵ تەواوبوونی نانخواردنی ئێوارەشدا، لەگەڵ منداڵەکانی هاوڕێمدا بۆ چنینەوەی بەرات ماڵەکانی دراوسێمان دەگەڕاین، دواتر دەچووین بۆ ماڵە دوورەکان، کە هەمووی لە چوارچێوەی گەڕەکەکەماندا بوو.

هەموو ساڵێک دایک و باوکم پێیان ئەوتم: لەم شەوەدا خوا ڕسق دابەش دەکات و تەمەنی مردن و ژیانیشی تیا دیاری ئەکرێت. لەوە زیاتر هیچمان سەبارەت بە شەوی بەرات نەدەزانی.

بەرات لە هۆنراوەی شاعیراندا

بۆ زیاتر ئاشنابوون و ناساندنی ناوی بەرات، گرنگ و پێویستە بە وردی گەشتێک بە ناوەڕۆکی هۆنراوەی شاعیراندا بکەین، تاوەکوو لەو گۆشەیەوە جەوهەری ناو و واتای بەراتمان بۆ ڕوون ببێتەوە.

مەحویی دەڵێت:

گەر لە تۆ دنیا بەری بوو، قەوم و خوێشت لێ بەرین

گەر بەراتی بوو، هەموو عالەم بووە باب و برات

لە شرۆڤەکردنی ئەم دوو بەیتەدا، مامۆستا مەلا عەبدولکەریم دەڵێت: ئەم دنیایە دنیای سوود و مەسڵەحەتپەرستییە و لە ئاستی ئەم ڕاستییەدا خزمایەتی و کەسایەتیی زۆر نزیکیش دەورێکی ئەوتۆ نابینێت، بۆیە ئەگەر دنیا لێت دوور بێت و خاوەنی دارایی نەبیت، کەسوکاریش هەموو لێت تەوەلا دەبن. خۆ ئەگەر دنیا بەراتی خۆیت بەسەردا بڕێژێ و دەسەڵاتدار بیت، ئەم خەڵکت هەموو بە بێگانە خۆێشەوە دەبن بە باوک و برات.

''حەمدی''یش لە هەمان دیدگا و ڕوانگەی بۆچوونەکانی ''مەحوی''یەوە قسە لەسەر نەبوونی و دەستکورتیی مرۆڤ دەکات و دەڵێت:

باب و برایە دوژمن، ئەگەر کاسە پڕ نەبێ

دوژمن دەباتە ڕێزەیی باب و برا، بەرات

هەژاری و دەستکورتیی مرۆڤ لە ‌کەسوکار و دۆستانی نزیکیشی دادەبڕێ، بەڵام دارایی و سامان دوژمنیش دێنێتە ڕیزی دۆستەوە، هەموان ڕێزی دەگرن، گەرچی کەسێکی لاواز و نەفسنزم و نەزانیش بێت.

بێخود دەڵێ:

کە حەجاجی فەلەک هات و بە خوێنی غەم خەڵاتی کرد

بەسەر شێخ و مەلادا دابەشی مووچە و بەراتی کرد

حەجاجی کوڕی یووسفی سەقەفی، والییەکی عەرەبی دڵڕەق و خوێنڕێژی ژێر دەسەڵاتی ئومەوییەکان بوو، لە سەردەمی عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕواندا (685-705ز)، دەکرێ بە والیی عێراق و بە توندوتیژی و دڵڕەقی بەناوبانگ بووە.

''قانع''یش لە کۆتایی هۆنراوەی (تەپڵی شادمانی)دا دەڵێت:

قانع گەر تۆ بەڕاستی خزمەتی هۆزت ئەکەی

چاوەڕوانی قەت نەکەی بۆ بەخشیش و مووچە و بەرات

واتە ئەو کەسەی خزمەتی مرۆڤایەتی، یاخود نیشتمان دەکات، نابێ چاوی لە پاداشت و دەستخۆشی بێت.

لەمانە و زۆر هۆنراوەی دیکەدا ناوی بەرات هاتووە کە زۆرینەی هەرە زۆریان بە واتای بەخشش و مووچە و دەست و دیاری بەکاریان هێناوە، ئەمەش بەتەواوی پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوە کە بەرات وشەیەکی کوردیی ڕەسەنە و پەیوەندیی بە بەرائەتی عەرەبییەوە نییە. بۆ بینین و خوێندنەوەی زیاتر لەم بارەیەوە، بڕوانە: کتێبی ''بەرات لە ڕێڕەوڕی مێژوودا'' لە نووسینی محەمەد مەردان، ل 17-27.
ناساندنێکی کورت بۆ کتێبی: بەرات لە ڕێڕەوی مێژوودا

زۆرن ئەو جەژن و بۆنە و شوێنەوارە کوردیانەی کە لە نەبوونی نووسین و توێژینەوەی خۆماڵیدا لەدەست نەتەوەکەمان دەرهێندراون و بە سامانی گەلانی دراوسێ ناسێندراون. شەوی بەراتیش یەکێکە لەو جەژن و بۆنە تایبەتانەی کە لەژێر ئەو هەڕەشەیەدا بووە و وەکوو پێویست ئاوڕی لێ نەدرابووەوە، تەنانەت بەهۆی بوونی ڕای جیاواز و ناکۆک تەمێک لەسەر بنچینە و مێژووەکەی دروست کرابوو. تا ئەو دەمەی لە ساڵی (۲۰۱۲)، کەلەپوور و فولکلۆرناس، محەمەد مەردان، دەستپێشخەریی کرد و کتێبێکی تایبەتی لەسەر مێژووی ئەم جەژنە بە چاپ گەیاند.

کتێبی ''بەرات لە ڕێڕەوی مێژوودا'' سەرچاوەیەکی ڕەسەن و دەوڵەمەندە بۆ ناساندنی جەژنی بەرات و دۆزینەوەی ڕەگ و ڕیشەی دێرینی ئەو بۆنەیە.
نووسەر بە لەکارهێنانی چەندین سەرچاوەی جیاواز و بە شیکارکردن و لێکۆڵینەوەی زانیارییەکان، مێژووی ئەم جەژنە کوردییە شەن و کەو دەکات و بەرچاوڕوونییەکی زۆرباش دەخاتە بەردەستی خوێنەر.

ئەم کتێبە دەرگایەکی ئاوەڵایە بۆ ئەو کەسانەی لە ئایندەدا خوازیارن توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زۆرتر و وردتر لەم بوارەدا بکەن. نووسەر بۆ نووسینی ئەم کتێبە سوودی لە چەندین سەرچاوەی جیاواز وەرگرتووە، وەک ۲٤ کتێب و ۷ گۆڤار و ڕۆژنامە و سودوەرگرتن لە ۱۰ کەسایەتی، بەمەش تا ڕادەیەکی زۆر مەرجە زانستییەکانی نووسینی توێژینەوەیەکی مێژوویی پەیڕەو کردووە.
ئێستا کتێبەکە لەلایەن ''محەمەد نەزیف''ـەوە،
وەرگێڕادراوەتە سەر زمانی عەرەبی و چاوەڕێی چاپە.

سەرچاوەکان:

1- ژمارە ۱ی ساڵنامەی شەوی بەرات، ساڵنامەیەکی تایبەتە بە شەوی بەرات، کۆمەڵەی کەلەپوور و فۆلکلۆری کورد لە شاری سلێمانی دەری دەکات. ژمارە (۱) ۲۰۲۲/۳/۱۸.
2- محەمەد مەردان، بەرات لە ڕێڕەوی مێژوودا، چاپی یەکەم، چاپخانەی شڤان، سلێمانی، 2012.