چیرۆکی سووتاندنی کتێب و کتێبخانەکان، مێژووێکی دووری هەیە. مرۆڤایەتی بلێسەی یەکەم پرووشەی سووتانی کتێبی بۆمان تۆمار نەکردووە، بەڵام ژمارەیەکی ئێجگار زۆری لەبیرە، لەگەڵیدا سەدان بیری جوان و خەیاڵ و زانست و باوەڕ و ڕابردووی مرۆڤایەتی کردووە بە خۆڵەمێش.
مێژووی کوردیش بێبەش نییە لەم جۆرە ڕووداوە نەگریسە. لە کاتی هێرشی تاتار و مەغۆل بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان، بەتایبەتیش ناوچەی شارەزوور و هەورامان، دەیان کتێبی دانسقە و کەشکۆڵ و دەستنووسی کوردی فەوتێنران و بە دەیانی دیکە لە کتێب و بەیتی کوردی داستان و مێژوو و مۆرکی نووسینی کوردەوارییان بێبەزەییانە سووتێنراوە. پاشانیش هێرش دەبەن بۆ بەغدا و لەو شارەدا ئەتوانین بڵێین کە ناودارترین کتێبخانەی ئەودەمەی جیهان بووە، دەسووتێنن و لەناوی دەبەن، کە ناوی (بیت الحيكمة)یە. تورکە عوسمانییەکانیش دڕندانە بەشێک لە دەستنووسی مێژوویی و ئایینی و شیعر و ئەدەبیاتی کوردیان سووتاندووە و بەشێکیشیان لە مۆزەخانەکانی تورکیادا ون کردووە.
بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی کوردستان ئەم خاکە تەنانەت کتێب و دەستنووس و کتێبخانەکانیشی زۆریان بە هەوڵی تاکەکەسی بنیات نراون، وەکوو خەڵکەکەی شایەتی قوربانیی گەورەیە، کە ڕووبەڕووی سووتان و لەناوچوون بووەتەوە.
بەشێکی زۆریان لەلایەن دوژمنانی ئەم گەلە و چینی نائاگای نەخوێندەواری خودی کوردەوە لەناو براوە. کاتێ دەچینە ناو ئەو مێژووەی ناودارانی کورد، کە کتێب و کتێبخانەکانیان سووتێنراوە، ئەوا کەم نین، لێرەدا ئێمەش وەکو کورد دەڵێ "مشتێ نموونەی خەروارێکە"، دەخەینە ڕوو، کە چینی دەستەبژێری ڕۆشنبیرانی کورد لە پێشەوەی ئەو قوربانییە گەورەی سووتاندنی بەرهەم و کەشکۆڵ و نامە و دەستنووس و کتێبحانەکانیانە، چونکە هەقیقەت ئەوەمان بۆ دەردەخات، ئەمانە سەرتۆپی چینی ڕۆشنبیرانی خەڵک بوونە.
چیرۆکی سووتاندنی وشە و دەستنووس و دیوان و کتێبخانەکانیان، بابەتێکی لەبیرکراوی دونیای مێژوو و ئەدەبیی ئێمەیە، هەریەکەیان چیرۆکێکی خۆی هەیە، لێرەدا سەرنجتان دەبەم بۆ ئەم کەسایەتییە دیارانە.
- مەولەوی:
ساڵانی کۆتایی ژیانی ئەم شاعیرە گەورەیە، پڕە لە ناخۆشی و دەردەسەری، وەکوو مردنی عەنبەرخاتوونی هاوژینی و نابینابوونی چاوەکانی، کارەساتێکی ناخۆشی دیکەیش لە ژیانی مەولەویدا، سووتانی کتێبخانەکەیەتی، کە لە ئەنجامی شەڕێكی نێوان خێڵی ئیمامی و تاوەگۆزیدا، پرووشکی ئاگری شەڕ کەپرەکەی مەولەویشی گرتووەتەوە و ئاگر بەربووەته کتێبخانەکەی. ئاخۆ ئەو کتێبخانەیەی مەولەوی چیی تێدا بووبێ و سووتابێ! گومانی تێدا نییە نوسخەی هەموو دانراوه ئایینییەکانی و دیوانی شیعرەکانی تێدا سووتاوه و بەهۆی ئەوەوه هەر پارچه شیعرێکی پیشتر خەڵک نەیاننووسیبێتەوە و مەولەوی خۆیشی لەبەری نەبووبێ، سووتاوه و فەوتاوه، ئەوەتا مەولەوی خۆی لەمبارەوە دەڵێ:
❞دەمەی هەناسەی گەرم ئاره کەم نە کوورەی دەروون پڕ جەخارەکەم
ئایر دان حوجرەی دڵەی پڕ دەردم سۆچیان کتاو مەجمووعەی فەردم❝
ئەم کارەساتەش یەکێ بووە لەو دەرد و مەینەتییانەی لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا بەسەری هاتوون. بۆ ئەم بابەتە، ئەم پارچە شیعرە ئاماژەدارەی بۆ گوتووە.
- حەمدی:
حەمدی شاعیر، کتێبخانەیەکی ناوازەی لە شاری سلێمانی هەبووە، لەگەڵیشدا چەندان دەستنووسی کۆنی تیادابووە، لەگەڵ ئەوانەی خۆیدا لە جەنگی یەکەمی جیھانیدا ماڵەکەی لە لایەن بەریتانیاوە داگیر کراوە و کتێبخانە گەورەکەی سووتێنراوە، بەمەش ھەوڵ و تەقەڵای ٢٤ ساڵی فەتێنراوە.
- مەلای خەتێ:
مەلای خەتێ، فەتوادەری میرنشینی سۆران بووە لە سەردەمی میر محەمەدی گەورەدا، خاوەن کتێبخانەیەکی دەوڵەمەند بووە و پڕ لە ژمارەیەکی ئێجگار زۆری دەستنووس و کتێبی خۆی بووە، زۆرینەشی لە مزگەوتی یەکێ لە فەقێکانی داناوە بەناوی (مەلا عومەر ئەفەندی خەیلانی). کاتێ سوپای ڕووسیای قەیسەری لە ساڵی (1916) شاری ڕواندزی گرت، خەڵکەکەی ڕایکرد و ئەوانیش دەستیان کرد بە سووتاندنی شارەکە و تاڵانکاری کرد، بەمەش لە 80%ی شارەکە وێران کراوە. لە دەرەنجامی ئەو سووتانکارییەدا ئەو کتێبخانە بەنرخەیەش فەوتاوە.
- هێمن:
محەمەد ئەمین شێخولئیسلامی موکریانی، ناسراو بە هێمنی شاعیر، لە هەڕەتی گەنجیدا لە ساڵی (1941) دوای ئەوەی گوندی کولیجە بەجێ دێڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ گوندی خۆیان واتە شیلاناوێی، لەپاڵ کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا، شەوانە خەریکی خوێندنەوە و ھۆنراوەدانان دەبێ، باوکی پێی دەزانێت و دەمودەست هەموو دەستنووس و ھۆنراوەکانی و کتێبەکانی دەیسووتێنێ و لێی زویر دەبێت و سەرزەنشتی دەکات.
باوکی پێی خۆش نابێ، که کوڕەکەی به شیعر نووسینەوه خەریک بێ و ببێته شاعیر، ئەوەی هێمن لە خەیاڵ و بیرجوانی و ناسکی دەیهۆنییەوە بەبەرچاوییەوە باوکی کردییە خۆڵەمێش. بەڵام هێمن کۆڵی نەدا و کاتێک لەژێر ناوی هێمن هۆنراوەکانی بڵاو دەکردەوە و باوکی دەیخوێنێتەوە و دەکەوێتە ناو خەڵک، باوکی بێ ئەوەی بزانێ محەمەدی کوڕیەتی دەڵێ: ئەم هێمنە شاعیر و جواننووسە، بەڕاستی شاعیری چاکە.
هێمنیش گوێی لەوە دەبێ، زۆر خۆشحاڵ دەبێ، بەڵام هێمن تاڵاوی سووتاندنی دەستنووسە شیعری و کتێبەکانی هەر لە یاد دەمێنێ.
محەمەدئەمین زەکی بەگ:
مێژوونووسی گەورەی کورد محەمەدئەمین زەکی بەگ، کە ناسناوی (مێژوونووسی شاعیر)یان لێناوە، لەوکاتەی لە کۆمیسیۆنی سنووردانان بوو لە ئەستەمبوڵ، دەستی کردە گەڕان بەدوای مێژوو و بنچەی کورددا و عوسمانییەکانیش بیری تۆرانیزم وڵاتی گرتبووەوە، دوای سەردانی بۆ فەڕەنسا و ئەڵمانیا و گەڕان بەدوای کتێب زۆر کتێبخانە گەڕا و زۆر شوێنەواری نادیار و دەستنووسی چاو پێدەکەوێ، لەگەڵ خۆیدا کۆی دەکاتەوە و ئەیهێنێ بۆ ماڵەکەی لە ئەستەمبوڵ لەسەر کورد و لێکوڵینەوەی لەسەر دەکا، وەکوو خۆی دەڵێ: دوای هاتنەوە و موتاڵاکردنی بەنزیکەی دووسەد لاپەڕەیەکیشم لەسەر مێژووی کورد ئامادە کرد، ئەوەندەی پێنەچوو لە ساڵی (1919) لە جەژنی قورباندا تووشی موسیبەتێکی گەورە هاتم، لەکاتێکدا لە ماڵ نەبووم، گەڕەکەکەمان ئاگری تێ بەربوو، خانووەکەی منیش سووتا و هیچم بۆ دەرنەچوو، ڕەنجی پێنج شەش ساڵم لە دەست چوو، نە نۆتە و نە کتێب، ئەم موسیبەتە گەورەیە بەڕاستی، تووشی مەئیووسیی کردم".
- ناتیق:
ئەم شاعیرە یەکێک بووە لەوانەی بەشێوەی کلاسیک هۆنراوەکانی نووسیوە، تەنانەت بەشداریی شەڕی سەفەربەلەکی عوسمانیی کردووە. هاوڕێیەتی لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفیددا هەبووە، پێکەوە لە مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی قورئانی پیرۆزیان خوێندووە. بەهۆی خۆشگوفتارییەوە ناوی ناتیقی لێ نراوە، ساڵانێکی زۆر ڕاز و نیازی دڵ و نیشتمانپەروەری و ژیانی لە دیوانێکدا نووسیبووەوە. لەناو هەڵەبجەدا دوکانێکی جگەرە و توتنفرۆشیی دادەنێت. هۆی شاردنەوەی دیوانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ متمانە نەبوونی بە کەس، تەنانەت لە ترسی کوڕەکانی، نەوەک شیعری لێ بفەوتێنن، لەو سەردەمەشدا چاپەمەنی ئاسان نەبووە تا بە چاپی بگەیەنێ، کەسێکی دڵسۆزی خوێندەوار نەبووە هانی بدات، هەتا دەستنووسێکی دیکەی هەبێ، تا ئەگەر یەکێکیان فەوتا ئەوی دیکەیان بمێنێ.
لە ساڵی (1963) هەڵەبجە لەلایەن عەبولکەریم قاسمەوە تووشی سووتان و کاولکاری بووەتەوە، یەکێک لەو تاوانانە سووتاندنی بازاڕەکە بوو، ئەو سووتانە دوکانەکەی ناتیقی شاعیریشی بەردەکەوێت و دەسووتێ و دیوانەکەی، کە لە دوکانەکەی حەشار دابوو، دەسووتێ و دەبێتە خۆڵەمێش، ناتیق بە ئازارەوە گوزارشتی لێوە دەکات و دەڵێ:
❞بەسەر سیروانی دێوانا عەجەب پردێکم بەست کەچی گەردوونی دوون بەئاگر دای بە ئاوا عەنعەنەی پردم گەلێکم سەعی و کۆشش کرد لە وادی هیمەتتا ئاخر نەگەیمە مەقسەد بەزایەع چوو دەست و بردم بەڵێ گەردوونی دوون حەقیە بەجارێ ماڵ و منداڵم بسوتێنێ و بڕووخێنێ، کە چونکە شاعیری کوردم❝
باس لەوە کراوە، دوای چەندساڵێک ناتیق بەهۆی خەفەتی سووتانی دیوانەکەی، کۆچی دوایی دەکات.
- کتێبخانەکەی تاهیربەگ و ئەحمەد موختار جاف:
ئەم دوو کەڵەشاعیرە برای یەکتر بوون، بەڵام ڕۆژگار زۆر بواری نەدان و هەر لە تافی گەنجێتیدا تاهیر بەگ لە ساڵی (1918) مرد و ئەحمەد موختاریش بە دەستی ناپاکێک لە سیروان تەقەی لێ دەکرێ و لەساڵی (1935) شەهید دەبێت.
کتێبخانەکەیان بە ڕەنج و هەوڵی هەردوولایان دروستیان کرد و بەهۆی هێرشی عەبدولکەریم قاسمەوە بۆ سەر هەڵەبجە لە ساڵی (1963) هێرشیان بردە سەر کۆشکەکەی وەسمان پاشا و بڕیاری سووتاندنی تەواوی کتێبخانەکەیان دا، بە بیانووی هەبوونی گۆڤارێکی شوعییەکان، بەشێکی زۆر دەستنووس و کتێبی پڕبایەخی کوردەواری سووتێنران، گرنگترینیان بەشی هەرەزۆری نووسینەکانی تاهیر بەگی کۆچکردوو بوو.
- کتێبی مێژووی میرنشینی سۆران (مالیخا): كاتێك حوسێن حوزنی موکریانی دێته ڕواندز، خهڵكی ههرچیی بهڵگهنامهی سهردهمی میرنیشی سۆران ههیه رادهستی دهكهن، بهڵام دوای ماوهیهك، كاتێك داوای لێ دهكهن دهستنووسهكانیان بداتهوه، ئهویش دهڵێت سووتاوه. یهكێك لهو دهستنووسانه دهستنووسی (مالیخا)یه، كه لهسهر داوای میر محهمهدی سۆران سهرجهم ڕووداوهكانی میرنشینهكه نووسراوهتهوه.
- مەستوورەی ئەردەڵان:
ماه شەرەف خانم، ناسراو بە مەستوورەی ئەردەڵانی، یەکێکە لە سەرمەشقانی شاعیرانی کورد و یەکەم کچە مێژوونووسی کوردیشە، هۆنراوەکانی بە زمانی فارسی و کوردی بە هەردوو شێوەزاری هەورامی و سۆرانی نووسیوە.
ژمارەی بەیتە شیعرەکانی زیاتر لە (20 هەزار ) بەیتە شیعر و غەزەل بووە، لەو ژمارە تەنیا (2 هەزار) بەیتە شیعری ماوەتەوە. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش، ئەو (18 هەزار) بەیتە شیعر و غەزەلەی لەناو براوە و سووتێنراوە؟ یاخود ون بووە و شاردراوەتەوە؟ لەوبارەوە بۆچوونێک هەیە، لەدوای خۆی بەهۆی ئەوەی ئافرەت بووە و مایەی شەرمەزاری و قسەڵۆکی خەڵک بووە، بەجۆرێک لە جۆرەکان سووتێنراوە.
ئەمانە مشتێ لە خەروارێکن، بەدڵنیاییەوە ئەگەر وردتر لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکرێ، دەیان نموونە و چیرۆکی دیکە لەم تراژیدیا بەئازارە بەدی دەکەی، جا ئیتر ئەمە لەلایەن دوژمنانی کورد بێ، یان بەهۆی ناهۆشیاریی خێزانی و تاکی کوردەوە بووبێ.
سەرچاوەکان: