مێژووی کوردانی هەرێمی فارس لە قۆناغی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستدا

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

مێژووی کوردانی هەرێمی فارس لە قۆناغی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستدا

 بە ناوەکەی دەبوو تەنیا نەتەوەی فارس تێیدا بوونی هەبێت، کەچی یەکێک بووە لەو هەرێمانەی زۆرترین ڕێژەی کوردی تێدا بووە و لە مێژووی دێرینەوە هەتا ئێستاش پێکهاتەی کوردی تێدا دانەبڕاوە. سەرەڕای هەموو ئەوانەش، هۆز و دەسەڵاتە باڵادەستەکانی کورد بوون، مەبەست لە هەموو ئەمانە، کوردانی هەرێمی (فارس)ە.

 هەرێمی فارس، یاخود (پارس)،ه بەگوێرەی دیاریکردنی سنوورەکەی لەلایەن جوگرافیزانی موسڵمان (ئیبن حەوقەل)ەوە بەوجۆرەیە، کە لە خۆرهەڵاتەوە هاوسنووری هەرێمی کرمان بووە، لە خۆرئاواشەوە گەیشتووەتە خوزستان، لە باکووریشەوە هاوسنووری (ئەسفەهان و خۆراسان) بووە، لە باشووریشەوە دەگەیشتە سەر دەریا، ئێستاش هەمان هەرێم بە هەمان ناوەوە، بەڵام بە کەمێک جیاوازییەوە، پارێزگایەکە لەناو کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.

هەرچەندە ئەم هەرێمە ناوی فارس یان پارس بووە، بەڵام چەند پێکهاتەیەکی دیکەیشی تێدا ژیاون، کە سەرەکیترینیان کورد بوون.

 کورد لە دێرزەمانەوە نیشتەجێبووی هەرێمی فارس بوون. لە سەردەمی ئیمپڕاتۆرییەتی میدیادا، تەواوی هەرێمەکە ژێردەستەی میدیا بوون، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر تێکەڵی یەکدی بوون و تەنانەت پەیوەندیی ژن و ژنخوازی لەنێوان میدییەکان و فارسەکاندا هەبوو، ئەوەش تێکەڵییەکی زۆری لەنێوان هەردوولاوە هێنابووە ئارا.

 لە سەردەمی ئەشکانییەکانیشدا ڕێژەی کورد لە هەرێمەکەدا زۆر بەرز بووبووەوە و تەنانەت باڵادەستیی تەواوی هەرێمەکە لەلایەن هۆزێکی کوردییەوە بوو، کە پێیاندەگوترا ( بازرنگی)، دایک و نەنکی دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆرییەتی (ساسانی)؛ واتە (ئەردەشێری بابکان)، بە هەمان جۆر لە بنەماڵەی دەسەڵاتداری هۆزەکە بوون و هەر بەهۆی پێگەی ئەو هۆزەوە و هێزە سەربازییەکەیانەوە بوو، کە توانیی دەست بکات بە هەڵگەڕانەوە لە ئیمپڕاتۆری ئەشکانی (ئەردەوانی پێنجەم)، لەبەر ئەو هۆکارەش بووە، کە ئیمپڕاتۆر وەک تانەیەک لە نامەیەکدا، کە (تەبەڕی) تۆماری کردووە، دەڵێت: "تۆ پێت لە بەڕەی خۆت زیاتر راكێشاوە، بۆیە دەبێت بە مەرگ سزا بدرێی، ئەی بە رەچەڵەك كوردی لەژێر چادری كورداندا پەروەردەبوو، كێ‌ فەرمانی بە تۆدا ئەو تاجە لەسەر بنێی؟ ..."، ئەمە بەڵگەی ئەوەیە، کە هەم کورد بووبوو بە پێکهاتەیەکی سەرەکی و بەربڵاوی هەرێمەکە، هەم ئەردەشێری دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆرییەتی ساسانی لە بنەماڵەی دایکییەوە لە کوردەکانە، کەواتە کوردانی هەرێمی پارس هەوێنی دامەزرێنەری ئەو ئیمپڕاتۆرییەتە مەزنە بوون.

 هەرئەوەش وایکردبوو چەندان هۆزی دیکەی کورد لێیەوە دەربکەون و ببنە دانیشتوانی ڕەسەنی هەرێمەکە، کە پێیان دەگوترا (زمووم)، (زموومی کوردان) و هەندێک نووسەری وەک یاقووتی حەمەویش بە (ڕەم) ناوی هێناون، هەریەک لەمانە شار و گوندی خۆیان هەبووە.

 ئەمانە هەر لە سەردەمی ساسانییەکانەوە و هەتا سەردەمی ئیسلام لە قۆناغی (ڕاشدی و ئومەوی و عەبباسی)یشدا ڕۆڵیان هەبووە و وەک ڕەگەزی سەرەکی و دەستیشان لە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمانەدا هەبووە، زمووم واتای شوێنی کوردەکان و ماڵەکانیانی دەگەیاند، خۆیان لە (٥) هۆزدا دەبینییەوە، کە بریتیبوون لە:

 ١. زەمی رمیجان، کە بە (جیلویە)ش ناسراوە، ئەمانە لە هەموو زموومەکانی دیکە گەورەتر بوون و وەک سەرکردەی هەموویان دەبینران.

 ٢. زموومی لوالجان، کە دواتر بە زموومی (ئەحمەدی کوڕی لەیسی کوردی) ناسراوە.

٣. زەمی دیوان، یان زەمی (حوسەینی کوڕی ساڵح).

 ٤. زەمی مازنجان، یان زەمی (شەهریار).

 ٥. زەمی کاریان، کە بە زەمی (ئەحمەدی کوڕی حەسەن) و (ئەردەشێر)یش ناسراوە.

 ئەمانە پێکەوە خەراجیان کۆدەکردەوە و پارێزەری ڕێگا بازرگانییەکانیش بوون، کەواتە کەسانێکی ژیاری و شارستانی بوون.

 ئەو کوردانە پێگەیەکی باڵایان هەبووە و بەشێکی گرنگی سوپای ساسانی بوون و خاوەن چەک و ئەسپ و پێداویستیی باش و زۆر بوون، هەربۆیە ئەمانە لە کاتی جەنگەکانی ئیمپڕاتۆرییەتدا وەک سەرباز بەکار دەهێنران، لە دوایین جەنگیشدا دژی سوپای خیلافەتی ڕاشدی بەکار هێنران و زۆریان کوژران و ئەوانەیشی مانەوە پەرشوبڵاو بوونەوە، بەڵام یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانیان بەناوی (علک بور) مایەوە و موسڵمان بوو و نەوەیەکی زۆری لێ بووەوە، هەتا وایلێهاتووە مێژوونووسێکی وەک (ئیبنول بەڵخی) ئاماژە بەوە بکات، کە ئەم پیاوە باپیری کوردەکانی هەرێمی فارسە.

 بەدەر لەم زموومانە و لە سەدەی (١٣ز.) چەندان گوند و ئاوەدانی کوردی لێبووە، کە بە (٥٠٠٠٠٠) ماڵ خەمڵێندراون، ناوی چەند ئاوەدانیکیشیان لە سەرچاوەکاندا تۆمار کراون، وەک (کرمانیە، ڕامانیە)، تەنانەت گوند هەبووە بەناوی گوندی (کورد)ەوە، کە سەر بە شاری (بەیزا) بووە، بەدەر لەوەی چەندان قەڵایان هەبووە، وەک قەڵای (دنبلا).

 ناوچەی کوردەکان شوێنی سەرنجڕاکێش بوون، چونکە زیاتر لە ناوەڕاستی چیاکاندا نیشتەجێ دەبوون، بەهۆی بەپیتیی خاکەکەیانەوە سوودیان لە زەوییەکانی دەدی و ڕەز و باخیان تێدا دروست دەکرد و خورما و میوەجاتیان تێدا بەرهەم دەهێنا، بەدەر لەوە، بەشێکی دیکەیان هەبوون، کە گەرمیان و کوێستانیان دەکرد و بۆ ژیانیش پشتیان بە ئاژەڵداری دەبەست.

 کەوابوو کوردەکان دانیشتوانی ڕەسەنی هەرێمی فارس بوون و بەدرێژایی مێژووی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاست، کە لێرەدا باسمان کرد؛ بەشێکی دانەبڕاو بوون لە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا.