لەبارەی شاعیرێکی نیشتمانپەرەوە بۆتان دەنووسم، کە بە سروودی نیشتمانیی (ئەی رەقیب) دەناسرێتەوە، ئەو سروودە بەرزەی وەك دەقێكی پیرۆز و مارشی نیشتمانیی كوردستان سەیری دەكرێ و هێندە پێگەیەكی نەتەوەیی بەهێزی هەیە، هیچ سروودێكی دیكە جێگەی پێ لەق نەكردووە و بە بەرزی و پیرۆزی ماوەتەوە، ئەویش دڵداری شاعیرە.
دڵدار ئەگەرچی تەمەنێكی كەم ژیا و لە تافی لاویدا كۆچی دوایی كرد، بەڵام بەهۆی ئەو سروودە بەرزە و بەرهەمەكانی دیكەیەوە، وەك شاعیرێكی گەورە و نەمر و پایەدار ماوەتەوە.
دڵدار، ناوی یوسف کوڕی مەلا ڕەئووف کوڕی مەحموود کوڕی مەلا سەعدی خادم ئەلسجادەیە و لە ڕۆژی 20ی شوباتی 1918 لە شاری کۆیە لەدایک بووە. پاش ماوەیەک باوکی دەکرێت بە فەرمانبەری سەرژمێریی ڕانیە و بە بنەماڵەوە دەچن بۆ ئەوێ. دڵدار لەبارەی ژیانی ڕانیەوە دەڵێت: «ھەرچەند ڕۆژێکی چاک و چوار ڕۆژانیش نەخۆش بووم، سەرەڕای ئەوەش ڕانیەم ھەر لەلا خۆش بوو، بەتایبەتی سەوداسەری قوللە بووم. ھەر کاتێ چاک بووبامایەوە، مەلەم لە ڕووبارەکە و لەبن دار بییەکانیش ڕاوەچۆلەکەم دەکرد.»
قۆناغەكانی خوێندنی لە كۆیە و رانیە و كەركووك و بەغدا تەواو كردووە. ساڵی 1945 بڕوانامەی (حقوق) مافی لە زانكۆی بەغدا بەدەست هێناوە و بووە بە پارێزەر.
دڵدار لە كۆتایی سییەكانی سەدەی رابردوودا تێكەڵاوی ژیانی سیاسی بووە و بووە بە ئەندامی حزبی هیوا و بەهۆی چالاكی و هەڵسوڕانی سیاسییەوە زیندانیی كراوە.
سەرباری خەباتی سیاسی، دڵدار لە مەیدانی ئەدەبیشدا رۆڵی خۆی گێڕاوە و هەر زوو كەوتووەتە ژێر كاریگەریی شیعرەكانی نالی و حاجی قادری كۆیی و عەونی و وەفایی و بێكەس و پیرەمێرد و چەندین شیعری جوانی لە رشتە جیاجیاكاندا نووسیوە.
دڵدار خاوەنی چەندین بەرهەمە، لە دیارترینیان دیوانی شیعرەكانی و یاداشتەكانیەتی.
ئەم شاعیرە شۆرشگێڕ و ناودارەی كورد 68 ساڵ لەمەوبەر و لە تافی لاوی و بە جوانەمەرگی و لە تەمەنی 30 ساڵیدا، لە رۆژی 12-11- 1948بە یەكجاری لە شاری هەولێر سەری نایەوە و ماڵئاوایی لە ژیان كرد، بەڵام بۆ هەتا هەتایە ناوی بە نەمری لەلاپەڕە درەوشاوەكانی مێژووی كورد و كوردستاندا دەمێنێتەوە. سڵاوی رێز و وەفا بۆ دڵداری خاوەنی مارشی نیشتمانیی ئەی رەقیب.
بەرھەمەکانی دڵدار
دڵدار، یەکەمین ھۆنراوەی لە ساڵی 193دا داناوە و لە ژمارەی 2ی ساڵی 1935ی گۆڤاری (ڕووناکی)دا بڵاوی کردووتەوە. لەبارەی سەرەتای خۆ تاقیکردنەوە بە شیعر دەڵێت: «لە 1935دا لە پۆلی یەکی ناوەندیدا بووم، کە دیوانی نالیم زۆر بەوردی خوێندەوە، ھەڵبەستە جوانەکانی نالی لەگەڵ ھەڵبەستە ئاگرینەکانی حاجی قادری لەسەر پێشەوایەتیی وێژەیی لە مێشکمدا شەڕیان بوو. ئەو کێشمەکێشە دەرگای ھونەریی شاعیری لێ کردمەوە، زۆر کەڵکەڵەی وام لە کەللەدا بوو، حەزم دەکرد لە بۆتەی ھەڵبەستدا دایڕێژم. ئەوجا بەناو خەڵکیاندا بڵاو بکەمەوە و ئیتر ھەر خۆم تاقی کردەوە.»
شیعرەکانی نالی، لە گۆڕەپانی دڵداریدا و حاجی قادری کۆیی لە نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتیدا کارگەرییان لەسەری بووە. لەبارەی خولیای ھۆنراوەیی و چێژ لێ وەرگرتنی خۆیەوە دەڵێت: «ھێشتا لە قوتابخانەی سەرەتاییدا بووم، کە زۆربەی دیوانی حاجی قادری کۆییم لەبەر کردبوو، ھەمیشە بەوردی سەرنجم لە ھەڵبەستەکانی عەونی و راجی و عاسی و حوسێنی و ھیرانی دەدا و لەبەریشم دەکردن، بەوانەش دابین نەبووم، ھەڵبەستی ھەرکەسێکم دەستبکەوتایە دەمنووسییەوە و لەبەریشم دەکردن. بەتایبەتی ھەڵبەستی وەفایی، کوردی، فایەق بێکەس، پیرەمێردم زۆر لەبەرکردن و ھەر لەو ساڵەدا ھەستم بەوە دەکرد، کە چێژ لە ھەڵەبەست وەرگرم و زۆر گیرۆدەی بووم.»
بەرھەمە چاپکراوەکانی:
- في طریقي الی معرفة الحقائق ـ انتقادات الی قلب البھائیین.
- وتارێک دەربارەی عومەری خەییام.
- زمانی کوردی و ئەدەبیيات.
- نارکۆزی کۆمەڵایەتیمان.
- اقتصادنا الوطنی.
- بیرەوەرییەکانی یونس ڕەئووف دڵدار.
ئەی ڕەقیب بەناوبانگترین شیعری دڵدار، سروودی نیشتیمانیی کوردستانە
ئەی ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زوبان
نای ڕمێنێ دانەیی تۆپی زەمان
ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوور و شۆڕشین
سەیری کە خوێناویە ڕابووردومان
ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەی خوسرەوین
دینمان ئاینمانە هەر نیشتمان
کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە
زیندووە ھیچ نانەوێ ئاڵاکەمان
چەند ھەزار لاوانی کوردی نەڕڕەشێر
بوون بە قوربانی و ھەموویان نێژران
لاوی ئێستاش حازر و ئامادەیە
جانفیدانە جانفیدانە جانفیدان
لاوی کورد ھەڵسانە سەرپێ وەک دلێر
سا بە خوێن نەقشی ئەکەن تاجی ژیان
کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە
زیندووە ھیچ نانەوێ ئاڵاکەمان.
