دراوی میرنشینی شەدادی

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

 میرنشینی شەدادی یەكێك بووە لە میرنشینە كوردییەكان، لە سەردەمی دەسەڵاتی دەوڵەتی عەباسی و سەلجووقییەكان و بوبهییەكان دروست بووە، كە سەرۆكی تیری ڕەوادی محەمەد شەدادی، دەوڵەتی شەدادیی كوردی دامەزراندووە، ئەو میرنشینە سنوورێكی فراوانی تا شاری گەنجە و ئازەربایجان لەخۆ گرتبووە و دوای ئەویش چەند میرێكی دیكە فەرمانڕواییان كردووە، تا كۆتایی میرنشینەكە.

 بەدرێژایی مێژوو، چەندین میرنشین لە كوردستانی گەورە سەریان هەڵداوە، بەشێك لەوانە بەیاخی زۆریان بە ئابووریی سەربەخۆ داوە، تەنانەت دراوی تایبەت بە میرنشینەكەیان هەبووە و لەناوخۆیانەوە دراوەکەیان لێداوە، دوای تێپەڕبوونی چەند سەدەیەك بەسەر نەمانی میرنشینەكان، بەشێك لە دراوەكانیان لە مۆزەخانە و شوێنە جیاوازەكان ماون و پارێزگارییان لێ كراوە، یەكێك لەوانەش بریتییە لە دراوی میرنشینی شەدادی. بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان (Land of the Kurds) دراوی میرنشینی شەدادی، كە میرنشینێكی كوردی بووە، مێژووی چاپكردنی دراوەكە دەگەڕێتەوە بۆ كاتی فەرمانڕوایی شەشەم میری شەدادییەكان بە ناوی (لەشكر عەلی مووسا)، كە لە ساڵی (1033 بۆ ساڵی 1049) فەرمانڕەوایی كردووە، ئەم دراوە لە شاری گەنجەی ئازربایجان دۆزراوەتەوە و دوای لێكۆڵینەوەی شارەزایانی شوێنەواری مێژوو، ناوی میرنشینەكە دیاری کراوە، دواتر هاوشێوەی چەندین سكە و دراوی دیكە پارێزگاریی لێ كراوە.

 میرنشینی شەدادی میرنشینێكی گەورەی كوردی بووە، بۆ یەكەمینجار لە ساڵی 951 دامەزراوە، كە شاری دوین لە ئەرمینیاوە و گەنجە لە ئازەربایجان و ئانی لە باكووری كوردستان، پایتەختی میرنشینەكە بوون، بەمەش هێز و دەستدەڵاتی فراوانی هەبووە لە ناوچەكەدا، دوای چەند سەدەیەك حوكمڕانیی ئەم میرنشینە، دوو بۆچوونی جیاواز هەیە، زۆربەی پێیانوایە لە ساڵی 1199 لەسەر دەستی سەلجووقییە توركەكانەوە كۆتایی پێهاتووە، بەشێكیش لە مێژوونووسان بۆچوونیان وایە، كە میرنشینەكە لە 1088 زایینی كۆتایی پێهاتووە.

 هەر بەپێی سەرچاوە مێژووییەكانی (كورد و كوردستان، میرنشین و دەوڵەتە كوردییەكان) دوای ئەوەی میرنشینی شەدادی لە ساڵی 1072 بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، كە هەر بەشێكی لەلایەن برایەكەوە بەڕێوە دەبرا، ئەمەش بە دەستپێكی لاوازبوونی دەوڵەتەكە دادەنرێت، بەشێوەیەك تا ساڵی 1080 تەنیا میرنشینێكی لاواز و بچووك لە شاری (ئانی) دەمێنێت، بەمەش ساڵ بە ساڵ فەرمانڕەوایی میرنشینەكە زیاتر لاواز دەبێت و هێز و دەسەڵاتی لەدەست دەدات و بەرەو نەمان دەڕوات.