بەشی دووەم
لە ژیانێکی دواکەوتووەوە بەرەو زەویی پێشکەوتووترین ژیاری سەردەمەکە
٤- هەنگاونان بەرەو میسیۆپۆتامیا:
لانکە و شوێنی پەروەردەبوونی ڕەگەزی سامی؛ نیمچەدوورگەی عەرەبستانە، لەم سەر زەمینە وشك و بێبەرهەمەدا، کە نەمامی مرۆیی میوەی بەهێز و گیانسەختی بەرهەم دەهێنا، هەر گیایەکی دیکە بە سەختی دەوام دەهێنێت و گەشە دەکات، بە کۆچی یەك لەدوای یەك، شەپۆلێك لە خەڵکی قانیع و پێداگر سەبارەت بە ڕووداوەکان سەریان هەڵداوە. دەمێك، کە تێگەیشتبوون ئەو شتانەی لە سارا و بیابانەکاندا دەستیان دەکەوێت؛ ماندوویان دەکات، ناچار بوون بە هێزی جەستەیی خۆیان جێگایەکی پڕ لە نیعمەت و سێبەر پەیدا بکەن و کەمێك لە ژیاندا پشوو بدەن.
وەك پێشتر گوتمان، لە هەزارەی سێیەمی پێش لەدایکبوونی مەسیحەوە، ئەم کۆچانە دەستی پێ کرد، ئەمەش سەرەتای باهۆزێك بوو، کە گرووپە کۆچەر و بیابانگەڕەکانی لەگەڵ خۆیدا بۆ لای میزۆپۆتامیا و سنووری کوردان هێنا، خەڵکانێك هاتن، کە بەدرێژایی دیرۆك ماڵیان بە کۆڵیانەوە بوو. ناوچەی ڕەسەنی ئەوان لە نیمچەدوورگەکەدا لە هەرێمی حیجاز هەتاوەکوو کەنداوی عەدەن (لەنێوان دەریای سوور و زەریای هندی) بوو. هاتن و کۆچکردنی خەڵکانی سامی نەژاد، واتە ئەکەدی و ئاشووری و بابلییەکان و گرووپەکانی دیکە؛ بۆ خاکی میزۆپۆتامیا و بەگشتی خۆرئاوای ئاسیا، بەدیاریکراوی دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵانی (٢٨٠٠ – ٢٧٠٠)ـی پێش لەدایکبوونی مەسیح. هەڵبەت ئەودەم تاك و تەرا هۆزەکانیان ڕوویان لە خاکی میزۆپۆتامیا و ناوچەکانی دیکەی دەکرد و لە شوێنە جوداکاندا بە شێوەیەکی ڕەوەندی دەچوون و دەمانەوە، بەڵام دواتر لەدەوروبەری ساڵی (٢٥٠٠)ـی پیش لەدایکبوونی مەسیح؛ هۆزەکانی دیکەی سامی بە شێوەیەکی فراوانتر، ڕوویان لە ناوچەکە کرد و ژمارەیان زۆرتر بوو.
بەجۆرێك، ئەوان هەستیان بەوە کرد، کە خەڵك و تەنانەت ژیان لە میزۆپۆتامیا، جیاوازیی زۆری لەگەڵ نیشتمانی خۆیاندا. ئیدی ئەوە بوو بە سەرەتایەك هەتاوەکوو هۆزەکانی دیکەی ئەکەدی (سامییەکان)، بەردەوام کۆچ بۆ ناوچەکە بکەن.
٥- موڵکداریی ناوچەکە هی کێ بوو؟
سومێرییەکان "وەك نەتەوەی ڕەسەن لە ناوچەکەدا" لە باشووری میزۆپۆتامیادا، خاوەن شارستانییەت و دەسەڵات و هێز بوون. لە سەردەمانێکی گەلێك زوودا شاریان بنیات ناوە، دامەزراوەی دەوڵەتە شاریان هەبووە، هەروەك پەرستگای هاوبەشیان هەبووە، کە نیشانەی باوەڕی هاوبەشی خەڵکی شارەکانیان بووە.
سومێریان بە داهێنەری نووسین و هێنانی گشت مرۆڤایەتی بۆ ناو مێژوو ناسراون، هەر وەك لە وێنە و نووسینە بەجێماوەکانی سومێریاندا، شوێنەواری دەیان داهێنەری گرنگی دیکەیش دەبیندرێت، لەوانە (قەتۆ، مشار، مێخ، بزمار، چەکووش، تایەی خولاندنەوەی گالیسکە، چەسپ و کەتیرە، چەکمەی بەرز، سۆڵە، سەوڵ، کەناڵی ئاو، ئەستیلکی گلدانەوەی ئاو).
هەر وەك جگە لە داهێنانی نووسین، دەیان داهێنانی دیکەی هزرییش دەدرێتە پاڵیان، وەکوو: (ئەستێرەناسی، ئاودێری دەستکرد، کاتناسین و ژماردن و دابەشکردنی، هونەی بیناسازی).
پێنج شارە مەزنەکەی سومێری: (ئەریدۆ، بادتیبیرا، لارسا، سیپار، شوروپاك).
شارە گرنگەکانی دیکە (ئوروك، کیش، ئوور، نیپوور، لاگاش، گیرسو، ئۆما، خومازی، ئاداب، ماری، ئەکشاك، ئەکەد، ئایسن).
شارۆچکە بچووکەکان (کوئارا، زابالا، کیسوڕا، مارات، دیلبات، بورسیا، کوتا، بەر، ئەشنونا، ناگار).
لەدوای ساڵەکانی (٢٤٥٠)ـی پێش لەدایکبوونی مەسیح؛ شەڕی شارە سەربەخۆکان دەستی پێ کردووە، ئەم شەڕە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بووە، هەر جارەی شارێك بەسەر شارە هاوسێیەکەیدا زاڵ بووە، لەم سەردەمە جەنجاڵەدا گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی مەزن بەدی هاتوون. وەك لە تابلۆ و نووسراوەکاندا دەرکەوتووە؛ لە سەروبەندی شەڕی نێوان شارەکاندا، دەستەڵات لە دەست تاکە سەرکردەیەکدا جەم بووەوە. لەو دەقانەدا بە پیاوی مەزن گوتراوە (لوگال), بە کۆشك و سەرای سەرکردەش گوتراوە (ئینگال). بۆ ماوەیەك پاشای شاری کیش؛ بەسەر شاری ئورۆکدا زاڵ بووە، بایەخی ئورۆك لەوەوە دێت، کە پەرستگای مەزنی تێدا بوو، پاشام ئیناتۆمی پاشای لەگاش، توانیویەتی بەسەر شارەکانی دیکەدا زاڵ بێت. پاش ئەمە، پاشای ئوما، کە ناوی (لۆکال زاکیزی) بووە، بەسەر دەستەڵاتی لەگاشدا سەرکەوت.
وەك لە نووسراوە سومێرییەکاندا دەردەکەوێت، لە سەردەمی دەستەڵاتی شارەکانی سومێریدا؛ ژمارەیەکی زۆر خێڵی ڕەوەندی نیمچەدوورگەی عەرەب، بۆ گەڕان بەدوای لەوەڕگا، ڕوویان لە دەشتاییەکانی باشووری میزۆپۆتامیا و دەوروبەری شارە سومێرییەکان، کە ئەمە بە شەپۆلی کۆچی یەکەم ناسراون. ئەمەش بەریەککەوتنی لەنێوان دانیشتوانی ڕەسەنی شارەکان و ئەم خێڵە کۆچەرییانە لەسەر لەوەڕگاکان دروست کرد.
دوای ڕووخاندنی سیستەمی شارەدەوڵەتە سومێرییەکان و یەکخستنیان لەلایەن لۆکال زاکیزییەوە، کە مەزنی ئوما بوو؛ ئیدی وێنای دەستەڵاتی ناوچەکە وەکوو دەوڵەتە وڵات دەرکەوت و شاری وەرکای کردە پایتەختی دەستەڵاتەکەی.
لە بالۆرەیەکی بەجێماوی سومێریدا سەبارەت بەو قۆناغە گوتراوە: "دەمێك ئینلیل، شای گشت وڵاتان، پاشایەتیی وڵاتی بە لۆکال زاکیزی سپارد، سەرنجی دانیشتوانی وڵاتی لە خۆرهەڵات و خۆرئاواوە بۆ ڕاکێشا، خەڵك گشتی سەریان بۆ دانەواند. لەو ڕۆژگارەدا وەرکا ڕۆژەکانی بە خۆشی ڕادەبوارد، ئور وەکوو گا سەری بۆ ئاسمان هەڵدەبڕی، لارسا، شارە خۆشەویستەکەی ئوتو، هاواری شادیی دەکرد. ئوما، شارە خۆشەویستەکەی شارا؛ باسکی بەرز دەکردەوە. زابلام، دیوارەکانی، وەکوو مەڕێ بەرخەکەی هاتبێتەوە، ئەیباڕاند شاری دێر گەردنی بەرزکردەوە بۆ ئاسمان."
لە هێرشەکەی بۆ سەر کیش توانیی (ئور زبابا) و لەشکرەکەی تیك بشکێنێت، بەڵام لێرەدا گۆڕانکارییەکی لەپڕ هاتە کایەوە!